فڕۆكەكانی هاوپەیمانان حەوت چەكداری داعشیان كوشت

خانەقین/22ی كانونی یەكەم/ سوپای عیراق و حەشدی شەعبی، تەرمی چەكدارانی داعش دەگەڕێننەوە بۆ خانەقین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – خانەقین

هاوپەیمانان لەڕێی فڕۆكەوە مۆڵگەیەكی چەكدارانی داعش بۆردومان دەكەن لەنێوان هەردوو ناحیەی جەلەولا و قەزای خانەقین، بەهۆیەوە حەوت چەكداری ئەو رێكخراوە كوژران.

بۆردومانەكە، درەنگانێكی شەوی رابردوو 21ی كانونی یەكەم بوو، بەپێی وتەی عەمید روکن زەرغام عەبدولخزر، فەرماندەی لیوای مەغاویر لە سوپای عیراق بۆ (كەركوك ناو).

ئەو جەختیكردەوە "بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و هێزی ئاسمانی عیراقی بۆردومانی مۆڵگەیەکی داعش کراوە لەسەر چەمی روباری سیروان لە نێوان خانەقین و جەلەولا لە نێوان گوندی ئیسڵاح و ناوچەی گڵەی لە رۆژئاوای خانەقین".

"لە بۆردومانەکەدا حەوت چەکداری داعش کوژران، بەڵام هێشتا نازانین پلەیان چی بووە لەنێو داعش، بەڵام نزیکەی پێنج رۆژە زانیاریی لەسەریان کۆدەکەینەوە تا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە"، فەرماندەی لیوای مەغاویر لە سوپای عیراق وایوت.

لە بۆردومانەکەدا حەوت چەکداری داعش کوژران، بەڵام هێشتا نازانین پلەیان چی بووە لەنێو داعش

وتیشی "ئەم بۆردومانە گورزێكی گەورە بوو لە داعش درا، ئامانجمان ئەوەیە تواناكی ئەو رێكخراوە لاوازبكەین... کۆمەڵێک کەرەستەی سەربازییش لەناوبرا لە ئاکامی بۆردومانەکەدا".

ماوەیەكە جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی جێناكۆك بە تایبەت لە سنوری خانەقین زیادیكردووە، بەو هۆیەوە تەنیا لە خانەقین شەش گوند چۆڵکراون و دەیان كەسیش كراونەتە ئامانج لە هێزە ئەمنییەكان و مەدەنی.

هاوكات هەر شەوی رابردوو کاتژمێر 10، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازی حەشدی شەعبی لە نزیک دەریاچەی حەمرین لە ناحیەی سەعدییە و لەئەنجامدا چەکدارێکی حەشد کوژرا و سیانی تر برینداربون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT