ئەنفلوەنزای باڵندە نەگەیشتۆتە كەركوك و خانەقین
لە مــوسـڵ و هـەولـێر حـاڵـەتـی گـیانلـەدەستدان تـۆمـاركـراوە

نه‌ینه‌وا، نه‌خۆشخانه‌ی گشتی موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

فەرمانگەكانی تەندروستی لە كەركوك و خانەقین هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەنفلوەنزای باڵندە، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی هیچ حاڵەتێك توشبوون تۆمارنەكراوە.

ئەو ئامادەكارییانە هاوكاتە لەگەڵ توشبوونی دەیان كەس لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای نەینەوا، بە پەتای ئەنفلوەنزای باڵندە، كە بەهۆیەوە تائێستا دوو كەس گیانیانلەدەستداوە.

دكتۆر کەریم وەلى، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "تا ئێستا هیچ حاڵەتێکى ئەنفلوەنزاى باڵندە لە كەركوك تۆمارنەكراوە، بەڵام رێوشوێنی تۆكمەمان گرتۆتەبەر بۆ رێگریی لە بڵاوبونەوە و تەشەنەسەندنی".

وەك بەشێك لە رێوشوێنەكان، بەشی تایبەت بۆ ئەنفلوەنزای باڵندە لە نەخۆشخانەكانی كەركوك كراوەتەوە و هەموو پێداویستییەكان دابینكراون، بەپێی وتەی دكتۆر كەریم وەلی.

هاوكات راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی خانەقین سەر بە پارێزگای دیالە، بۆ (كەركوك ناو) رەتیدەكەنەوە هیچ حاڵەتێكی ئەنفلوەنزای باڵندە تۆماركرابێت. لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی ئامادەكاریی تەواویان لە نەخۆشخانە كردووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم تا 2ی كانونی دووەم، لانیكەم 30 حاڵەتی توشبوون بە ئەنفلوەنزای باڵندە لە هەرێمی كرودستان تۆماركراون و پشكنینەكانیان بۆ دڵنیابونەوە رەوانەی بەغدا كراون. كە زۆرترین توشبووەكان لە پارێزگای دهۆك بون.

وەزارەت ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی كەسێك كردووە لە پارێزگای هەولێر.

 لە كانونی یەكەمی 2019، جاسم مه‌عماری، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "چوار حاڵه‌ت به‌ گومانی په‌تاكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن سینای موسڵ تۆماركراون و له‌ نه‌خۆشانی تر جیاكراونه‌ته‌وه‌، دواتر دوانیان گیانیله‌ده‌ستداوه‌ و پشكنینه‌كانی ره‌وانه‌ی به‌غدا كراوه‌".

به‌پێی ده‌ره‌نجامی ئه‌و پشكنینه‌ی له‌ تاقیگه‌كانی به‌غدا كراون، ده‌ركه‌وتووه‌ یه‌كێك له‌و نه‌خۆشخانه‌ی له‌ موسڵ گیانیله‌ده‌ستداوه‌ تووشبوی په‌تای ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌ بووه‌، به‌وته‌ی مه‌عماری.

رێگاكانی خۆپاراستن لە توشبوون بە پەتای ئەنفلوەنزای باڵندە:

- بەکارهێنانی ڤاکسینی دژی ئەنفلوەنزا بەردەوامی.

- شوشتنی دەستەکان بەئاو و سابون.

- دورکەوتنەوە لە دەستلێدانی راستەوخۆ لەچاو و دەم.

- بەکارنەهێنانی کەلوپەلی کەسی توشبوو بەئەنفلۆنزا.

- بەکارهێنانی کلێنکس لەکاتی پژمین و کۆکە و دواتر فڕێدانی.

- پاککردنەوەی بەردەوامی شوێنەکان وەک مێز و کورسی دانیشتن.

- دورکەوتنەوە لەشوێنە قەرەباڵغەکان لەکاتی بڵاوبونەوەی پەتاكە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT