پێنج رێكخراوی نێودەوڵەتی، داوای لێكۆڵینەوەی دەستبەجێ دەكەن لە كوشتنی رۆژنامەنوسان ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا غالی

رۆژنامەنوسان ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا غالی، لە 10ی کانونی دووەمی 2020 لە بەسرا كوژران

كەركوك ناو

پێنج رێكخراوی نێودەوڵەتی داوا لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عیراق و ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن لێکۆڵینەوە لە کوژرانی هەردوو رۆژنامەنوس ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا غالی دەستپێبكەن، كە لە ١٠ی کانونی دووەم، دوای رۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی بەسرا كوژران.

لە بەیاننامەیەكی ئەو پێنج رێكخراوەدا ڕێکخراوی رۆژنامەوانیی ئازادی بێسنور (FPU)، فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی (IFJ)، ڕێکخراوی پاڵپشتی نێودەوڵەتی (IMS)، ڕێکخراوی (MICT) ئەڵمانی و (CFI)ی فرەنسی، كە 13ی كانونی دووەم بڵاوكراوەتەوە، داوا لە حکومەتی عیراق دەکەن هەموو توانایەكی خۆی بخاتەگەڕ بۆ لێكۆڵینەوە لە كوشتنی ئەو دوو رۆژنامەنوسە و سزادانی بكەرانی تاوانەكە.

ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا غالی، لە كەناڵی ئاسمانی دیجلە كاریان دەكرد و روماڵی خۆپیشاندانەکان و ئەو رێگا سەرکوتکارانەیان دەكرد کە هێزە ئەمنییەکان ئەنجامیانداوە، ئەوەش هەر بەپێی بەیاننامەكە.

كوشتنی ئەو دوو رۆژنامەنوسە لەناو ئۆتۆمبێلەكانیاندا، ناڕەزایی فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە و هەر ئەوكات وەزیری ناوخۆ کۆبونەوەیەکی خێرای رێكخست بۆ گفتوگۆکردنی کوشتنەکە و بڕیاریدا تیمێکی لێکۆڵینەوە رەوانەی بەسرا بكات.

ئەو پێنج رێكخراوە كە كاردەكەن بۆ فراوانكردنی پانتاییەكانی كاری رۆژنامەوانیی و ئازادی رادەربڕین لە جیهاندا، دەڵێن "بەووتەی پۆلیسی ناوخۆیی شارەکە ئەوان بەڵگەیان دەستکەوتووە کە دەتوانێت رێخۆشكەربێت بۆ دۆزینەوەی بکوژان".

هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە "بە ئامانجگرتن و کوشتنی رۆژنامەنوسان دەرخەری بارودۆخی خراپە بۆ ئەوانەی روماڵی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی عیراق دەکەن. ئێستا، زۆر گرنگە کە تاوانباران سەرنەکەون".

حکومەتی عیراق دەبێت گرەنتی بکات کە لێکێۆڵینەوەکە شەفافە و دادپەروەری دەهێنێت بۆ ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا غالی

زیاتر هاتووە "حکومەتی عیراق دەبێت گرەنتی بکات کە لێکێۆڵینەوەکە شەفافە و دادپەروەری دەهێنێت بۆ ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا غالی. حکومەتی عیراق دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە بۆ دوپاتکردنەوەی ئامادەیی خۆی بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژیی دژی رۆژنامەنوسان و بەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ دوو رۆژنامەنوسە کوژراوەکە".

(كەركوك ناو)، یەكێكە لە هاوبەشەكانی ڕێکخراوی رۆژنامەوانیی ئازادی بێسنور (FPU) لە عیراق و پێكەوە كاردەكەن بۆ باشتركردنی میدیا و كاری رۆژنامەوانی و ژینگەیەكی گونجاو بۆ رۆژنامەنوسان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT