حزبە كوردییەكانی كەركوك دوابڕیار لەسەر خۆپیشادان دەدەن

كەركوك، 23ی كانونی یەكەمی 2019، گردبونه‌وه‌یه‌كی پێشتری وانەبێژان بۆ داواكردنی راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

حزبە كوردییەكانی كەركوك ئەمڕۆ شەممە بڕیاری كۆتایی دەدەن لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەبەردەم پەروەردەی كەركوك لەدژی راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان لەسەر میلاكی پەروەردە.

بەپێی پەیامنێری (كەركوك ناو)، كاتژمێر 10ی ئەمڕۆ شەممە لە سەنتەری رۆشنبیری كەركوك، حزبە كوردییەكان كۆدەبنەوە و تاوتوێی چۆنیەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەكەن.

پێشتر عەلی قەڵای، کارگێڕی مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "تەواوی کادرانمان ئاگادارکردۆتەوە بەشداری خۆپیشاندانەکەی یەکشەممەی داهاتوو (19ی كانونی دووەم) بکەن، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دامەزراندنەکەی پەروەردەی کەرکوک، هەروەها حزبە کوردییەکانی تریش ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەو مەبەستە".

وتیشی "دەمانەوێت سێ بۆ چوار هەزار کەس بەشداری بکەن لە خۆپیشاندانەکە، ئامانجیشمان فشار دروستکردنە بۆ ئەو نادادپەروەرییەی کە بەرامبەر کورد کراوە لە دامەزراندنەکەی پەروەردەی کەرکوک".

ئامانجمان فشار دروستکردنە بۆ ئەو نادادپەروەرییەی کە بەرامبەر کورد کراوە لە دامەزراندنەکەی پەروەردەی کەرکوک

ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ بڕیاری ئەنجومەنی باڵای دەرچووانی دانەمەزراوانی کورد لە کەرکوک، کە بڕیارە لە ھەمان ڕۆژدا لەبەردەم پەروەردەی کەرکوک خۆپیشاندان بکەن.

ئەو ئەنجومەنە كە لە دژی كەمی رێژەی كورد لە لیستی دامەزرێنراوان لەلایەن ژمارەیەك لە دەرچووان و ئەوانەی فۆرمی دامەزراندنیان پڕكردۆتەوە پێكهێنراوە، دەڵێن "تا پشكی كورد نەكرێت بە لەسەدا 50 بەردەوام دەبن لە ناڕەزایی نیشاندان".

xopishandan. andazyar
كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2020، گردبونه‌وه‌ی ده‌رچوانی ئه‌ندازیاری بۆ داواكاری دامه‌زراندن فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

 

په‌روه‌رده‌ی پارێزگای كه‌ركوك، دوانیوه‌ڕۆی 8ی كانونی دوه‌م ناوی دامه‌زرێنراوانی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ناڕه‌زایی زۆری ده‌رچوان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد و توركمانی لێكه‌وتۆته‌وه‌، به‌ پرۆسه‌یه‌كی "نادادپه‌روه‌ر" و له‌ قازانجی ته‌نیا پێكهاته‌یه‌كی شاره‌كه‌دا ناویان برد.

بەپێی لیستی ناوی دامەزرێنراوان، نزیكەی هەزار و 517 كەس لە دامەزرێنراوان بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتون، كە لانیكەم لەسەدا 62ی كۆی دامەزرێنراوان دەكات، له‌ كاتێكدا كورد نزیكەی 500 دامەزرێنراوی بەركەوتووە، كە زیاتر لەسەدا 20 و توركمانیش زیاتر لەسەدا 17 بە 412 دامەزرێنراو. هەریەكە لە كریستیانی و كوردی فەیلیش كەمتر لەسەدا یەك.

توركمانیش چوارشەممەی رابردوو، 15ی كانونی دووەم، لەبەردەم پەروەردەی كەركوك بۆ هەمان پرس خۆپیشاندانیان كرد و جەختیانكردەوە كە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی پرۆسەی دامەزراندنەكەی كەركوك بەردەوامدەبن و بەردەم پەروەردە چۆڵناكەن.

ئەو ناڕەزاییانە هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی عیراق بۆ راگرتنی دامەزراندنەكە و دوبارە پێداچونەوە و وەردبینی كرد بە فۆرمەكاندا لەژێر چاودێری دەستەی نەزاهەی عیراق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT