حەمەی چەكوش كێیە؟
وردەكاریی گیانلەدەستدانی لە بەغدا

محەمەد مەحمود، ناسراو بە حەمەی چەكوش

كەركوك ناو

محەمەد مەحمود، ناسراو بە حەمەی چەكوش، بە جەڵتەی مێشك لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری بەغدا گیانیلەدەستدا. ناوبراو بڕیاری دەستگیركردنی هەبوو لەسەر كەیسێكی كوشتن لە چەمچەماڵ. هەروەها دوو ساڵ بە تۆمەتی كوشتنی مەلا رەمەزان شوكر زیندانیكراو دواتر بەبڕیاری دادگا بێتاوان دەرچوو.

محەمەد مەحمود (حەمەی چەكوش)، ئێوارەی چوارشەممە 29ی كانونی دووەم لە شاری بەغدا گیانیلەدەستدا، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەكی نزیك لە كەسوكاری بۆ (كەركوك ناو).

سەرچاوەیەكی تری ئەمنی لە كەركوك نزیك لە حەمەی چەكوش، بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشەیەكی كۆمەڵایەتی هەبوو و بەتۆمەتی كوشتنی كەسێك بڕیاری دەستگیركردنی درا، بەڵام خۆی رادەستنەكرد و چووە بەغداو لەوێ لەگەڵ هاوسەری دووەمی كە لە نەتەوەی عەرەبە دەژیا".

كێشەیەكی كۆمەڵایەتی هەبوو و بەتۆمەتی كوشتنی كەسێك بڕیاری دەستگیركردنی درا، بەڵام خۆی رادەستنەكرد و چووە بەغدا

ناوبراو دوو ساڵ لە كەركوك زیندانی كرا، دوای ئەوەی تۆمەتباركرا بە كوشتنی مەلا رەمەزان، كە حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە 29ی كانونی دووەمی 2013 لە نزیك قەرەهەنجیر كوژرا. بەڵام دادگا لەو كەیسەدا بێتاوانی سەلماند.

ئەوكات نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، ئیدانەی روداوی كوشتنی مەلا رەمەزان شوكر، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی شافعی لە گەڕەکی رزگاریی و برینداربونی دوو مەلای تری هاوڕێ و هاوسەفەری مەلا رەمەزانی كرد و بەڵێنیدا بكوژانی بداتە دادگا.

حەمەی چەكوش، ماوەیەك پێشمەرگە بووە لە هێزەكانی 70ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، دواتر وازی هێناوە و چۆتە ئەوروپا، بەڵام گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و لە چەمچەماڵ ژیاوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لەناوبراو وتی "لە شەڕەكانی داعشدا وەكو خۆبەخش بەشداریی كردووە و بەردەوام چەكی پێبووە. بەڵام دوای تۆمەتباركردنی بە كوشتنی كەسێك، لە چەمچەماڵ نەما و گەڕایەوە گوندەكەی خۆی (قەیتول سەر بە قادر كەرەم)، لەوێش كێشەی لەگەڵ خەڵكی گوندەكە بۆ دروستبوو و گوندەكەی چۆڵكرد".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT