رفێنراوەكانی قەرەتەپە هیچ هەواڵیكیان نییە

خانەقین/15ی تشرینی یەكەم/ هێزە ئەمنییەكان لەگوندی رەمەزان كاكەیی دوای ئەوەی بەهاوەن بۆردومان كرا فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

لەیلا ئەحمەد - خانەقین

لیژنەی ئەمنی ناحیەی قەرەتەپە، ئاشكرای دەكات كە حەوت كەس لە روداوەكەی شەوی رابردوو سەر رێگای قەرەتەپە رفێنراون و هیچ چارەنوسێكیان نییە، كەسێكی ناحییەكەش كوژراوە كە چوار منداڵی هەیە.

ئەو رووداوە كاتژمێر شەشی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 30ی كانونی دووەم، لە نزیك ناحیەی قەرەتەپە سەر بە قەزای خانەقین رویداوە و بەپێی لیژنەی ئەمنی ناحیەكە چەكداری داعش بون.

سەرچاوەیەك لە لیژنەی ئەمنی ناحیەی قەرەتەپە بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی زانیارییەكانمان داعش بەو روداوە هەستاوە، سەرەتا بازگەیەكیان داناوە و دواتر تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەكان كردووە تا وەستاون، بەهۆی تەقەكانیشەوە كەسێك كوژراوە، كە توركمانە و منداڵەكانی لە خوێندن دەبردەوە بۆ قەرەتەپە".

بەپێی زانیارییەكانمان داعش بەو روداوە هەستاوە، سەرەتا بازگەیەكیان داناوە و دواتر تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەكان كردووە تا وەستاون

هەر بەوتەی ئەو سەرچاوەیە كە لەبەر ئەوەی مافی لێدوانی نییە، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، زیاتر وتی "حەوت كەس لە روداوەكە رفێنراون، پێنج لە رفێنراوەكان خەڵكی قەرەتەپەن، دوانەكەی تریش یەكێكیان خەڵكی جەلەولا و ئەوەی تر خەڵكی خانەقینە".

جەختیشكردەوە كە دووان لە رفێنراوەكان خوێندكاربون نەك چوار.

 

چەكدارەكان خۆیان ئۆتۆمبێلێكیان پێبووە و دواتر ئۆتۆمبێلێكی تری هاوڵاتییەكانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هاوكات، محەمەد حاجی عومەر، لێپرسراوی كۆمیتەی قەرەتەپەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئەو هاوڵاتییەی كوژراوە توركمانی شیعە مەزهەبە و منداڵەكانی لە كفرییەوە بەرەو گوندێكی نزیك قەرەتەپە دەبردەوە.

هەردوو سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی هێشتا هیچ هەواڵێكی ئەو حەوت رفێنراوە نییە.

هێشتا هیچ هەواڵێكی ئەو حەوت رفێنراوە نییە

لەو ناوچەیە تەنیا یەك فەوجی سوپای عیراق هەیە، لەكاتێكدا بەوتەی محەمەدی حاجی عومەر، 63 گوندی بەسەرەوەیە و كۆنترۆڵكردنی لەڕوی ئەمنییەوە پێویستی بەهێزی زیاترە.

ناوبەناو روداوی رفاندن و كوشتن لەو ناوچەیە رودەدات و لە سەرەتای تشرینی دووەمی 2019، دوو كەس لە گوندی نارینی سەر بە ناحیەی قەرتەپە رفێنران و سەرەتای ئەم ساڵ یەكێكیان دوای زیاتر لە دوو مانگ لە رفاندنی، بە 60 هەزار دۆلار ئازادكرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT