توانیمانه‌ پشكنینی خوێن بۆ هه‌زار و 480 خێزان له‌ كه‌سوكاری قوربانیان بكه‌ین

بۆچی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی شنگال هه‌ڵنادرێنه‌وه‌؟

بۆچی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی شنگال هه‌ڵنادرێنه‌وه‌؟
شەنگال، 2-12-2017، دۆزینەوەی دوو گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزیدییەكان فۆتۆ: راگەیاندنی حەشدی شەعبی

عه‌مار عه‌زیز - نه‌ینه‌وا

گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی قه‌زای شنگال، دوای چه‌ندینجار به‌دواداچون و ئاماده‌كاریی بۆ ماوه‌یه‌كی دورودرێژ، هێشتا هیچ كاتێك دیارینه‌كراوه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ و ده‌رهێنانی ئه‌و ته‌رمانه‌ی تێیدایه‌.

به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی مانه‌وه‌ی دۆسیه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش، له‌ كاتێكدایه‌ زیاتر له‌سێ ساڵه‌ شنگال له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌ و كه‌سوكاریی قوربانیانی ئێزیدیی، داوای دیاریكردنی چاره‌نوسی ته‌رمه‌كانی ناو گۆڕه‌كان ده‌كه‌ن.

كۆتایی مانگی تشرینی دوه‌می ساڵی رابردوو، تیمێكی حكومه‌تی عیراق گه‌یشتنه‌ سنوری‌ قه‌زای‌ شنگال، به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنی هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی‌ سنوره‌كه‌، به‌ڵام دواتر كاره‌كه‌یان ئه‌نجامنه‌دا و له‌وكاته‌وه‌ی هیچ واده‌یه‌كی تر دیارینه‌كراوه‌.

توانیمانه‌ پشكنینی خوێن بۆ هه‌زار و 480 خێزان له‌ كه‌سوكاری قوربانیان بكه‌ین

سه‌ردانی ئه‌و تیمه‌ بۆ شنگال دوای ئه‌وه‌هات، له‌ ئه‌یلولی هه‌مان ساڵدا شاندێكی فه‌رمانگه‌ی پزیشكی دادوه‌ری و پاراستنی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و دامه‌زراوه‌ی كاروباری شه‌هیدانی عیراق، ئاماده‌كارییان ئه‌نجامدا له‌رێی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر بێسه‌روشوێنانی شه‌ڕی داعش له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا.

خدر فه‌هد، ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌ به‌غداوه‌ چونه‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ سه‌ردانه‌كانی لیژنه‌كه‌ماندا توانیمانه‌ پشكنینی خوێن بۆ هه‌زار و 480 خێزان له‌ كه‌سوكاری قوربانیان بكه‌ین و كاره‌كانی خۆمان ته‌واو كردووه‌”.

“ته‌نیا ئه‌وه‌ ماوه‌ كاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان دیاریبكرێت، ئه‌مه‌ش گرێدراوه‌ به‌ بارودۆخی ئه‌منی و بڕیاری هاوبه‌شی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌ركات بڕیاریاندا ئێمه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان ئاماده‌ین” به‌وته‌ی خدر فه‌هد.

بەپێی ئاماره‌كانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدیان له‌ وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، له‌ سنوری قه‌زای شنگال، زیاتر له‌ 69 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە. جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، كه‌ مێژوه‌كانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش له دوای ‌ئابی 2014 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

هه‌موولایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ پرسی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان لای ئێمه‌ زۆر گرنكه‌ و له‌ بیر نه‌كراوه

حسێن قاسم حه‌سون، راوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری جینۆساید به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پرسی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان به‌رده‌وام ئیشی له‌سه‌ر ده‌كرێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشتگوێنه‌خراوه‌، به‌ڵكو ئه‌نجامی زۆرباش له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا راده‌گه‌یه‌نین”.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ “هه‌ماهه‌نگیی باش له‌ نێوان ئێمه‌ و حكومه‌تی عیراق هه‌یه،‌ وارێككه‌وتوین له‌یه‌ر بارودۆخی ئه‌منی كاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان بۆ راگه‌یاندن ئاشكرانه‌كه‌ین”.

راوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌ختیشیكرده‌وه‌ “هه‌موولایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ پرسی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان لای ئێمه‌ شتێكی زۆر گرنكه‌ و له‌ بیر نه‌كراوه”.

به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئابی 2014وه‌ “هەزار‌و 293 ئێزیدی شەهیدبون”، جگه‌ له‌وه‌ی هێشتا زیاتر له‌ سێ هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ به‌تایبه‌ت ژنان، دوای رفاندنیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ چاره‌نوسیان به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان نایانه‌وێت گۆڕه‌كان هه‌ڵبدرێنه‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌ی دژی ئێزیدیه‌كان كرا ون بێت، له‌كاتێكدا هه‌موو ئاسانكارییه‌كمان كردوه‌ بۆ شانده‌كان به‌ ئامانجی په‌له‌كردن له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان”.

“سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ندینجار داوامان له‌ به‌غدا كردووه‌ به‌ڵام بێ سود بووه‌ و له‌ ئێستادا بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌ له‌باره‌ی دۆسیه‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌زیانی كه‌سوكاری قوربانیان ته‌واو ده‌بێت”.

ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌كه‌م، گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر و له‌لایه‌ن كه‌سوكاری روفاته‌كانه‌وه‌ هه‌ڵدرایه‌وه‌‌، ئه‌وه‌ش به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كاری هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌كه‌ن، به‌پاساوی كه‌مته‌رخه‌می و سستی حكومه‌ت له‌و هه‌نگاوه‌دا.

حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان نایانه‌وێت گۆڕه‌كان هه‌ڵبدرێنه‌وه

قایمقامی شنگال ده‌ڵێت “به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی لای منه‌ لیژنه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و حكومه‌تی عیراق‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌ستده‌كه‌ن به‌ كردنه‌وه‌ی گۆڕه‌كان”.

بارانی به‌خوڕ و لافاو، له‌ مانگه‌كانی كۆتایی 2018دا زیانی به‌ به‌شێك له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی قه‌زای شنگال گه‌یاند، به‌هۆیه‌وه‌ ئاوی باران ئێسك و پروسكی به‌شێك له‌ ته‌رمه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی ‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌ لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بونەوە دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال (بەدووری 120 لە خۆرئاوای موسڵ) لە 3ی ئابی 2014، كه‌ لە 13ی تشرینی دووەمی 2015دا كۆنتڕۆڵكرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT