له‌ نه‌ینه‌واش وه‌ك كه‌ركوك و دیاله‌ روبه‌ڕوی كێشه‌ بونه‌ته‌وه‌

كاكه‌ییه‌كان ناحه‌سێنه‌وه‌

كاكه‌ییه‌كان ناحه‌سێنه‌وه‌
كه‌ركوك/ حوزه‌یرانی 2018/ گوندێكی كاكه‌یینشین له‌ ناوچه‌ی حه‌فته‌غار له‌ قه‌زای داقوق فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

كاكه‌ییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، تا داعش حوكمڕانی گونده‌كانیان بوو له‌ ئاواره‌یی‌ و ده‌ربه‌ده‌ریدا بون، له‌وه‌ته‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ش نه‌ماوه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌‌وه‌ هه‌ر نه‌حه‌ساونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌ی تره‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

بۆمبه‌ چێنراوه‌كانی سه‌رده‌می داعش، وێرانكاریی شه‌ڕ، نه‌بونی حزمه‌تگوزاریی و داخستنی رێگاكانی هاتوچۆ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گونده‌ كاكه‌ییه‌كانی نه‌ینه‌وایه‌.

“له‌به‌ر زۆری كێشه‌كان هیچ تام و چێژێكمان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆمان نه‌بینی” نه‌شوان سه‌لمان وای وت، ئه‌و ده‌رچویه‌كی زانكۆیه‌ و له‌ گوندی وه‌رده‌ك ده‌ژی.

خێزانه‌كه‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ كاكه‌ییه‌، دوای ئاواره‌بونیان به‌ره‌و هه‌ولێر و دواتر كه‌ركوك بۆ چه‌ند ساڵێك به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌، له‌ ئابی 2017دا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌یان له‌ سنوری قه‌زای حه‌مدانیه‌ له‌ پارزگای نه‌ینه‌وا.

نه‌شوان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی نه‌بونی كاره‌، سه‌دا 90ی خه‌ڵك بێكاره‌، نزیكه‌ی 60 ده‌رچوی په‌یمانگا و زانكۆ هه‌یه‌ ئیش نیه‌ بكه‌ن، من به‌خۆبه‌خش له‌ قوتابخانه‌یه‌ك وانه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌”، كێشه‌یه‌كی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ركات بارانی زۆر ببارێت ئاستی ئاوی خازر به‌رزده‌بێته‌وه‌ و مه‌ترسی بۆ ئه‌وان هه‌یه‌.چه‌ند هاوڵاتییه‌كی پێكهاته‌ی كاكه‌یی له‌ قه‌زای داقوق 44كم باشوری كه‌ركوك/ ئه‌و قه‌زایه‌ زۆرینه‌ی كاكه‌ییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك له‌خۆده‌گرێت فۆتۆ: یادگار جه‌لال

كاكه‌ییه‌كان هاوشانی كه‌مینه‌كانی تری وه‌ك توركمان، كریستیان، ئێزیدیی روبه‌ڕوی پێشێلكاریی و راوه‌دونان بونه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 بۆ كۆتایی 2017، هه‌ندێك له‌ خێزانه‌كان هێشتا له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین.

فه‌یسه‌ڵ جاره‌ڵڵا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای حه‌مدانیه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ 2014دا داعش هه‌مو گونده‌ كاكه‌ییه‌كانی قه‌زاكه‌ی داگیركرد و دوای رزگاركردنی سنوره‌كه‌ سه‌دا 90ی ئاواره‌كانی كاكه‌یی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و رێگری له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌یاندا نییه‌”.

“مانه‌وه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌كانی ئه‌وان، سه‌نته‌ری پێنج گوندی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ پاككراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ده‌وروبه‌ری گونده‌كان و هه‌ندێ زه‌وی كشتوكاڵی هێشتا مینی تێدایه‌” به‌وته‌ی جاره‌ڵڵا.

سه‌نته‌ری پێنج گوندی كاكه‌ییه‌كان له‌ بۆمب و مین پاككراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌وروبه‌ری گونده‌كان و هه‌ندێ زه‌وی كشتوكاڵی هێشتا مینی تێدایه‌

كاكه‌ییه‌كان له‌ نه‌ینه‌وا، ده‌كه‌ونه‌ قه‌ره‌قوش-ی سه‌نته‌ری قه‌زای حه‌مدانیه‌ له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ و گونده‌كانی زه‌نگڵ، مه‌جیدیه‌، توله‌به‌ند، وه‌رده‌ك، گه‌زه‌كان و كه‌به‌رلی.

عه‌لا خه‌زعه‌لی، خوێندكاری قۆناغی چواری په‌رستیارییه‌ له‌ زانكۆ و هه‌موو رۆژێك چه‌ند كاتژمێرێك به‌رێگاوه‌ ده‌بێت تا له‌ گوندی وه‌رده‌كه‌وه‌ ده‌گاته‌ ناوه‌ندی حه‌مدانییه‌، چونكه‌ رێگای سه‌ره‌كی داخراوه‌ و رێگایه‌كی دورتر ده‌گرێته‌به‌ر.

“به‌هۆی نه‌كردنه‌وه‌ی رێگای نێوان گونده‌كه‌مان و حه‌مدانیه‌ ناچارین به‌رێگای میحوه‌ری خازردا هاتوچۆ بكه‌ین تا ده‌گه‌ینه‌ موسڵ، به‌وه‌ش دوو كاتژمێر و نیومان پێده‌چێت و مانگانه‌ 100 هه‌زار دینار ده‌ده‌ینه‌ كرێ، ئه‌گه‌ر بارانیش بێت ناچینه‌ ده‌وام چونكه‌ رێگاكه‌ قوڕی زۆره‌”.

زۆربه‌ی رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017دا به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوان عیراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ داخراون و هێشتا به‌شێكیان نه‌كراونه‌ته‌وه‌.نه‌ینه‌وا، 2019، رێگایه‌كی هاتوچۆی گونده‌ كاكه‌ییه‌كان به‌ره‌و ناوه‌ندی قه‌زای حه‌مدانییه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عه‌لا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “گونده‌ كاكه‌یی نشینه‌كان وه‌ك زیندانی لێهاتووه‌، چونكه‌ رێگاكان داخراون و ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌خۆشی هه‌بێت، ره‌نگه‌ تا ده‌گاته‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌ رێگادا گیان له‌ده‌ستبدات”، ئه‌و گه‌نجه‌ وتی “ئێمه‌ بێ خاوه‌نین و هیچ لایه‌نێك هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان نادات بۆیه‌ ته‌نیا چاوه‌ڕێی ره‌حمه‌تی خوا ده‌كه‌ین”.

كاکەییەکان لەچەندین ناوچه‌ی هه‌رێمی کوردستان و عیراق بڵاوبونەتەوە، جگه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، بە زۆرى لە پارێزگاى کەرکوک، قه‌زای هەڵەبجە له‌ پارێزگای سلێمانی، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ولێر و قه‌زای خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ هه‌ن و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

له‌ قه‌زای داقوقی كه‌ركوك و دیاله‌، چه‌ند مانگێكه‌ كاكه‌ییه‌كان روبه‌روی كێشه‌ی زۆری ئه‌منی و مه‌ترسی هێرشی چه‌كداری بونه‌ته‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌یان خێزان جارێكیتر و دوای راگه‌یاندنی كۆتایی داعش ئاواره‌بونه‌وه‌.

غازی خه‌لیل، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای حه‌مدانیه‌ له‌ پێكهاته‌ی كاكه‌یی ده‌ڵێت جگه‌ له‌وه‌ی رێگای سه‌ره‌كی گونده‌كانی كاكه‌یی به‌ره‌و حه‌مدانیه‌ داخراون، ئه‌و رێگایه‌شی هه‌یه‌ چه‌ندین بازگه‌ی تێدایه‌ به‌جیا له‌ نێویاندا حه‌شدی كریستیانی، حه‌شدی شه‌به‌ك، سوپا و پێشمه‌رگه‌”.

“ئێمه‌ له‌ به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان توڕه‌ین، به‌ڵام زیاتر له‌ حكومه‌تی هه‌رێم، چونكه‌ رێناده‌ن رێگا‌كه‌ بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ كاكه‌ییه‌كان زۆر بێزارن له‌ به‌ڵێنی ناڕاست و هیچ كه‌سێك له‌ خه‌میاندا نییه‌” غازی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

كاكه‌یی‌، خاوه‌نی ئاینى تایبەت بە خۆیانن و چه‌ندین مه‌زارگه‌ی ئاینییان له‌ پارێزگاكانی كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا و هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا ئاینه‌كه‌یان لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسێنراوه، له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كان شوێنه‌ پیرۆزه‌كانیان روبه‌روی هێرشی داعش بۆوه‌ و ته‌قێنرایه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای حه‌مدانییه‌ ده‌ڵێت بۆ زۆریه‌ی داواكارییه‌كان، له‌ نێویاندا دۆسیه‌ی كردنه‌وه‌ی رێگاكانی هاتوچۆ داوا له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كراوه‌ به‌ڵام وه‌ڵامنه‌دراونه‌ته‌وه‌.

فه‌یسه‌ڵ جاره‌ڵڵا رونیكرده‌وه‌ “دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی گونده‌كانیان هه‌ندێك خزمه‌تگوزاری كراوه‌ وه‌ك نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌ و رێگا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كراوه‌ كه‌مه‌ و هۆكاره‌كه‌شی نه‌بونی بودجه‌یه‌ تا چاره‌سه‌ری ته‌واوی گرفته‌كانی پێبكه‌ن”.

كاكه‌ییه‌كان له‌ عیراق، له‌ روی سیاسی و حوكمڕانیشه‌وه‌ گله‌ییان هه‌یه‌ و په‌راوێزخراون، به‌وپێیه‌ی تاكه‌ پێكهاته‌ن له‌ وڵاتدا كورسی كۆتایان نییه‌ و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌، له‌ خوله‌كانی رابردوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا هیچ نوێنه‌رێكیان نه‌بووه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی لیسته‌ گه‌وره‌كانیشدا كاندیده‌كانیان ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ تا ببنه‌ په‌رله‌مانتار.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT