ناتوانن له‌كاتی جیابونه‌وه‌ یان ته‌ڵاقدانیان مافه‌‌ داراییه‌كانیان به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌

سێ كێشه‌ یه‌خه‌ی ژنانی دوزخورماتوو ده‌گرێت

سێ كێشه‌ یه‌خه‌ی ژنانی دوزخورماتوو ده‌گرێت
بازاڕێكی میللی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: ئه‌رشیفی كه‌ركوك ناو

له‌یلا ئه‌حمه‌د – سه‌ڵاحه‌دین

ژنانی دوزخورماتوو ناتوانن له‌كاتی جیابونه‌وه‌ یان ته‌ڵاقدانیان مافه‌‌ داراییه‌كانیان به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ عه‌شایه‌رییانه‌ی له ‌نێوان كه‌سوكاری هه‌ردولا ده‌‌كرێت به‌ر له‌وه‌ی دۆسییه‌كه‌ ببرێته‌ دادگا.

ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ی زوو به‌شودان و ناچاركردنی كچان به‌و پرۆسه‌یه‌ لای پیاوانی ئاینی، كه‌ كاریگه‌ری درێژخایه‌نی هه‌یه‌ له‌سه‌ریان.

ئه‌و دوو كێشه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌، رێكخراوه‌كانی ژنان له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ له‌و قه‌زایه‌ چالاك نین تا كاریگه‌ریان هه‌بێت له‌سه‌ر هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنان و كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك كێشه‌ی سێیه‌م ده‌بینرێت كه‌ روبه‌ڕوی ژنان ده‌بێته‌وه‌.

نه‌رمین عه‌بدولڕه‌حمان، ته‌مه‌نی ته‌نیا 14 ساڵ بوو كاتێك دایك و باوكی ناچاریان كرد شوو به‌ كوڕێكی خزمیان بكات و واز له‌ خوێندنه‌كه‌ی بهێنێت، “لای مه‌لایه‌ك ماره‌یان كردم بێئه‌وه‌ی چاوم به‌ دادگا بكه‌وێت”، نه‌رمین كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی 35 ساڵه‌ وایوت.

“من ئه‌وكات نه‌مده‌زانی ده‌بێت له‌ دادگا ماره‌ بكرێیت… تا بومه‌ خاوه‌نی سێ منداڵ و پێویستیان به ‌ناسنامه‌ بوو ئینجا دادگام بینی و هه‌ر نه‌شمزانی مافی من وه‌كو ژنێك چییه‌ كاتێك شومكرد”.

من ئه‌وكات نه‌مده‌زانی ده‌بێت له‌ دادگا ماره‌ بكرێیت… تا بومه‌ خاوه‌نی سێ منداڵ

هه‌رچه‌نده‌ 14 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ له‌ هاوسه‌رگیری نه‌رمین-دا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هێشتا مانگانه‌ ده‌یان حاڵه‌تی به‌ شودانی هاوشێوه‌ له‌ قه‌زاكه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا بونی هه‌یه‌.

نه‌رمین، داوایكرد ئه‌و جۆره‌ له‌ هاوسه‌رگیری كۆتایی پێبهێنرێت و وتی “من قوربانییه‌كی قورسى دەستى هاوسەرگیرى پێشوەختم و زۆرترین کچ لە دوزخورماتوو بەدەست ئەم دیاردەوە دەناڵێنن”.

پارێزه‌ران و چالاكوانانی ژنان، ئه‌و جۆره‌ له‌ هاوسه‌رگیری به‌هۆكاری جیابونه‌وه‌ی زیاتر ده‌زانن، جگه‌له‌وه‌ی له‌كاتی جیابونه‌وه‌دا‌ كێشه‌ی پێشێلكردنی مافه‌كانیان روبه‌ڕوده‌بێته‌وه‌.

له‌ دوزخورماتوو، دۆسیه‌كانی ته‌ڵاقدان و جیابونه‌وه، له‌گه‌ڵ به‌شودان له‌ خوار ته‌مه‌نی یاسایی یان له‌ژێر فشاردا، لانیكه‌م له‌سه‌دا 50یان لای پیاوانی ئاینی یه‌كلاییده‌كرێنه‌وه‌‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌ی پارێزه‌ر‌ان و چالاكوانانی قه‌زاكه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت ئه‌و پرسانه‌ ببرێنه‌ دادگا.

سەڵاحەدین، شوباتی 2017، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ناوەندی قەزای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگەیاندنی ئەو هێزە
سەڵاحەدین، شوباتی 2017، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ناوەندی قەزای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگەیاندنی ئەو هێزە

یادگار عه‌دالەت فه‌ریق، پارێزەره‌ لە دادگاى قەزای دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌ هاوسه‌ره‌كانیان جیاده‌بنه‌وه‌ یان ته‌ڵاق ده‌درێن، ئه‌وه‌یه‌ به‌ر له‌وه‌ی دۆسییه‌كه‌ بهێننه‌ دادگا تا مافه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه‌، كه‌سوكاریان له‌ڕێی عه‌شایه‌رییه‌وه‌ رێكده‌كه‌ون و ئینجا دێنه‌ دادگا، بۆیه‌ دادگاش به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتن و ده‌سته‌به‌رداربونه‌ی خۆیان مامه‌ڵه‌ یاساییه‌كانیان بۆ ته‌واوده‌كات”.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ نمونه‌ی ده‌یان كه‌یس ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ ژنان ناچاركراون به‌ڕێككه‌وتن له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگا، وتیشی “له‌ ده‌یان دانیشتنی دادگادا له‌سه‌ر دۆسییه‌ی ته‌ڵاق و جیابونه‌وه‌، ژنەکان نه‌هێنراون بۆ دادگا، دواتر به‌ فشاری دادوه‌ره‌كان هێنراونه‌ته‌ دانیشتنه‌كان”، یادگار جه‌ختیكرده‌وه‌ به‌و هۆیانه‌وه‌، ئه‌وان وه‌كو پارێزه‌ر و دادگاش نه‌یتوانیوه‌ مافه‌كانی ئه‌و ژنانه‌ به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌ كه‌ ته‌ڵاق ده‌درێن.

له‌ ده‌یان دانیشتنی دادگادا له‌سه‌ر دۆسییه‌ی ته‌ڵاق و جیابونه‌وه‌، ژنەکان نه‌هێنراون بۆ دادگا، دواتر به‌ فشاری دادوه‌ره‌كان هێنراونه‌ته‌ دانیشتنه‌كان

یادگار ده‌ڵێت، مانگانه‌ ده‌یان حاڵه‌تی ته‌ڵاق دێته‌ دادگا، كه‌ سه‌رچاوه‌ی زۆرینه‌یان به‌زۆر به‌شودان و زوو به‌شودانه‌، “حاڵه‌تی هاوسه‌رگیری 13 ساڵ و 14 ساڵ لای مه‌لا هه‌یه‌ و دوای چه‌ند ساڵێك ئینجا دێنه‌ دادگا”.

به‌‌پێی یاسا به‌ركاره‌كانی عیراق، كچان و كوڕان له‌ 18 ساڵی ده‌توانن هاوسه‌رگیری بكه‌ن و ئه‌وانه‌شی ته‌مه‌نیان 15 ساڵ به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ ده‌بێت ره‌زامه‌ندی دایك و باوكیان له‌سه‌ر بیت.

كێشه‌كی تر روبه‌ڕوی ژنان ده‌بێته‌وه‌ فره‌ژنییه‌، كه‌ جگه‌ له‌ سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ته‌واوی عیراق رێگه‌پێدراوه‌.

زۆری ئه‌و كێشانه‌ كه‌ روبه‌ڕی ژنان و دادگای دوزخورماتوو ده‌بێته‌وه‌، له‌كاتێكدایه‌ دادگا له ‌بینایه‌كی بچوكدایه‌ و نه‌بونی فه‌رمانگه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی خێزانیش ئه‌ركی دادگای قورستر كردووه‌.

كچێكی ئاواره‌ له‌ كه‌مپێكی ئاواره‌كانی شه‌ڕی داعش فۆتۆ: رێكخراوی ئۆكسفام
كچێكی ئاواره‌ له‌ كه‌مپێكی ئاواره‌كانی شه‌ڕی داعش فۆتۆ: رێكخراوی ئۆكسفام

هه‌روه‌ها كێشه‌كانی ژنان له‌كاتێكدایه‌، هه‌وڵه‌كانی هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنان له‌ مافه‌كانیان و رۆڵی رێكخراوه‌كان تادێت له‌ قه‌زاكه‌ كه‌مترده‌بێته‌وه‌.

لانیكه‌م شه‌ش رێكخراوی ژنان، به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 چالاكییه‌كانیان له‌ قه‌زاكه‌ به ته‌واوی راگرتووه‌، یان سنورداربووه‌.

سروە خالید، لێپرسراوی رێكخراوی ئاوه‌سپی بۆ پرسه‌كانی ژنان، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر، کۆڕو سمینار بۆ پرسه‌كانی ژنان زیاتربوو، چالاكوانانی ژنان ده‌چونه‌ ناو خه‌ڵك بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ و تیمی جیاواز هه‌بوو، به‌ڵام دواتر دۆخی ئه‌منی و هێزی جیاواز كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر كاره‌كانمان”.

ئه‌و نمونه‌ی چه‌ند رێكخراوێكی ژنانی هێنایه‌وه‌ كه‌ كاره‌كانیان راگرتووه‌، له‌ نێویاندا یه‌كێتی ژنان، یه‌كێتی ئافره‌تان و خوشكانی یه‌كگرتوو و ته‌نانه‌ت كاری ریكخراوه‌كه‌ی خۆشیان.

سروه‌ وتی “دۆخی ئاواره‌یی خێزانه‌كان، بێكاریی ژنان و له‌ده‌ستدانی كاره‌كانیان كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر جیابونه‌وه‌ی زیاتری هاوسه‌ره‌كان و ژنانیش له‌و حاڵه‌تانه‌دا مافه‌ داراییه‌كانیان پێشێلده‌كرێت”.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT