ئەنجومەنی پارێزگا بودجەی 2012ی پەسەندكرد
بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن، بودجەی ساڵی 2012ی پارێزگای كەركوك پەسەندكرا كە بڕەكەی ترلیۆنێكو 19 ملیار دیناری عیراقییەو بەزۆرترین بودجە دادەنرێت لەمێژووی پارێزگاكەدا.
لەكۆبوونەوەیەكی نائاساییدا پێنجشەممە 5/3 كە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن ئامادەبوون، بودجەی ساڵی 2012 پەسەندكراو ئەولەویەتی خەرجكردنی بودجەش بەخزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی هاوڵاتییان دراوە.
جەمال مەولود باپیر، سەرۆكی لیژنەی داراییو ئابووری لەلێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو) وتی: “دوای تاوتوێكردنی لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە بەزۆرینەی دەنگ بودجەی ئەمساڵ پەسەندكراو هەموو ئەو پڕۆژانەی كە بۆ ساڵی 2012 دەنگی لەسەر دراوە 1591 پڕۆژەیە”.
ئاماژەی بەوەشدا كەئەو بودجەیەی پەسەندكراوە ترلیۆنێكو 19 ملیار دینارە، كە 598 ملیار دیناری لەبەشە بودجەی هەرێمو پارێزگاكانو پترۆدۆلار پێكهاتووەو 371 ملیار دیناریشی بودجەی پڕۆژە بەردەوامەكانی ساڵەكانی پێشووە، لەگەڵ 50 ملیار دیناری ساڵی پار كە سەرفنەكراوەو خراوەتەوە نێو بودجەی 2012.
لەلایەكی ترەوە، قاسم حەمزە بەیاتی ئەندامێكی تری ئەنجومەن لەپێكهاتەی توركمان بە(كەركوك ناو)ی وت: “ئەمساڵ زۆرترین بودجە بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی هاوڵاتییانە لەوانەش هەوڵدان بۆ زیاتركردنی بڕی كارەبا”.
هاوكات وتی: “بودجەكە بەیەكسانی بەسەر پڕۆژەو خزمەتگوزارییەكانی قەزاو ناحییەكاندا دابەشكراوەو ئەمساڵ گرنگی بەمەسەلەی مافی مرۆڤو یارمەتیدانی خوێندكارانو نەخۆشو منداڵان دەدرێت”.
كاروان ساڵحیو شاڵاو محەمەد ـ كەركوك ناو
ش ـ خ









