پڕۆفایل: سوپای عیراق

January 7, 2018 at 9:00 am

كه‌ركوك/2013/ یه‌كێك له‌نمایشه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپا له‌ كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

هێزە چەكدارەكانی عێراق كە سوپای كۆماری عیراقی فیدراڵە، لەچەند هێزێك پێكدێت كە بریتین لە هێزە وشكانییەكان، هێزە دەریاییەكان، هێزە ئاسمانییەكان لەگەڵ هێزەكانی پاسەوانی هەرێمی كوردستان (پێشمەرگە).

مێژوی دامەزراندنی سوپای عیراق دەگەڕێتەوە بۆ شەشی كانونی دووەمی ساڵی 1921 ، یەكەمین یەكەی سوپای عیراق لەسەردەمی ئینتیدابی بریتانی بەناوی موسا كازم لە بەغداد پَكهێنرا، دواتر لەساڵی 1931 هێزی ئاسمانیی عیراق پێكهێنرا لەساڵی 1937 دا هێزە دەریاییەكان پێكهێنرا.

لەكۆتاییەكانی جەنگی نێوان عیراق‌و ئێراندا، ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق گەیشتە لوتكە‌و بویبە یەك ملیۆن سەرباز، ساڵی 2003 دوای هێرشی هێزەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانان بۆسەر عیراق، پۆل بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عیراق بەبڕیارێك سوپای عیراقی هەڵوەشاندەوە‌و سەرلەنوێ دەستكرا بەبنیادنانەوەی ئەو سوپایە.

چۆنیەتی دامەزراندنی سوپا:

دوای شۆڕشی ساڵی 1920، یەكەمین حكومەت لە عیراق پێكهێنرا، ئەو حكومەتە بە دروستكردنی فەوجێك بەناوی فەوجی (موسا كازم) لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی 1921دەستیكرد بە بنیادنانی بنەماكانی سوپای عیراق، فەوجی موسا كازم لەو ئەفسەرانە پێكدەهات كە پێشتر لەگەڵ سوپای عوسمانیەكاندا لەناوچەی كازمیە لە بەغداد كاریان كردبوو.

دواتر وەزارەتی بەرگری عیراق بەسەرۆكایەتی فەریق جەعفەر عەسكەری پێكهات، سوپا لەو كاتەدا پشتی بە خەڵكانی خۆبەخش دەبەست، فیرقەی یەكی پیادە لە دیوانیە‌و فیرقەی دوو لە كەركوك پێكهێنرا.

ساڵی 1931، عیراق سەربەخۆیی لەبریتانیا وەرگرتەوە‌و هەر لەو ساڵەدا هێزە ئاسمانی پێكهێنرا‌و دوای چەند ساڵێكیش هێزە دەریاییەكان بەژمارەیەك بەلەمەوە دروستكرا.

ساڵی ،1936 سوپای عیراق بەشداری لەیەكەمین كودەتای سەربازیدا كرد بەسەرۆكایەتی فەرماندەی فیرقەی دوو فەریق بەكر سدقی، حكومەتێكی نوێ بەسەرۆكایەتی حیكمەت سلێمان پێكهێنرا، مانگی ئایاری ساڵی 1941 سوپای عیراق چوە جەنگێكەوە لەگەڵ سوپای بریتانیا، بەر لەو جەنگی بریتانیا سوپای عیراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات هەر فیرقەیەكیش سێ لیوای لەخۆدەگرت، فیرقەی یەكەم‌و سێیەم لەبەغداد جێگیربون، فیرقەی دوو لەشاری كەركوك‌و فیرقەی چواریش لەدیوانیە بوو.

لەساڵی 1958دا، سوپای عیراق لەچوار فیرقەی پیادە پێكدەهات فیرقەی پیادەی یەك لە دیوانیە‌و فیرقەی دوو لە كەركوك‌و فیرقەی سێ لەدیالە‌و فرقەی چوار لەموسڵ بون.

لەهەمان ساڵدا، سوپای عێراق جارێكی دیكە بەشداری كودەتایەكی سەربازی كرد بەسەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم (شۆڕشی 14 ی یۆلیۆی 1958)، ساڵی 1961 دوای سەربەخۆیی كوەیت عبدولكەریم قاسم هەڕەشەی كرد ئەو وڵاتە بخاتەسەر عیراق بەوهۆیەوە سوپای عیراق لەناوچە سنوریەكان لەگەڵ كوەیت كۆكرایەوە.

ساڵی 1963 سوپای عیراق جارێكی دیكە بەشداری كوتادەی سەربازی كرد‌و ئەمجارەشیان كۆتایی بەدەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم هێنا، ساڵی 1968 سوپای جارێكی دیكە كودەتای كرد‌و بەعسیەكان بەهۆی ئەو كودەتایەوە گەیشتنە لوتكەی دەسەڵات لەعیراقدا.

دواتر سەدام حسێن كە بو بە سەرۆكی وڵات هەوڵەكانی دەستپێكرد بۆ بنیادنانی سوپایەكی گەورە‌و بەهێز، لەماوەی ساڵانی جەنگی نێوان عیراق‌و ئێران ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق بەشێوەیەكی گەورە زیادیكرد، ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق لەو ساڵانەدا‌و بەدیاریكراویش ساڵی 1981 گەیشتە 200 هەزار سەرباز كە دابەشبوبون بەسەر 12 فیرقە‌و سێ لیوای سەربەخۆدا، دواتر لەساڵی 1985 دا ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق گەیشتە 500 هەزار سەرباز‌و 23 فیرقە‌و نۆ لیوا.

لەكاتی جەنگی دوەمی كەنداودا لەساڵی 1991 سوپای عیراق گەورەبونێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی‌و لەو ساڵانەدا ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق گەیشتە یەك ملیۆن سەرباز كە دابەشكرابون بەسەر 42 فیرقە‌و 20 لیوای تایبەتەوە سەرباری شەش فیرقەی گاردی كۆماریی.

دوای روخانی رژێمی پێشوی عیراق بەسەرۆكایەتی سەدام حسێن لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانانەوە لەساڵی 2003 دا حاكمی مەدەنی ئەمریكا لەعیراق، پۆڵ بریمەر، بە بڕیارێك پاشماوەكانی سوپای عیراقی هەڵوەشاندەوە‌و بڕیاردرا لەسەر پێكهێنانی سوپایەكی نوێ لە 17 فیرقە، هەر فیرقەیەكیش لەچوار لیوا پێكدێت لەگەڵ پێكهێنانی هێزە وشكانی‌و ئاسمانی‌و دەریاییەكان‌و هێزی گاردی نیشتیمانی.

پلە سەربازیەكان لەناو سوپای عیراقدا:

• سەرباز: هیچ نیشانیەك هەڵناگرێت

• سەربازی پلەیەك: خەتێك لە قۆڵی دەبەستێت

• نائیب عەریف: دوو خەت لەقۆڵی دەبەستێت

• عەریف: سێ خەت دەبەستێت

• رەیس عورەفا: چوار خەت دەبەستێت

• نائیب زابت: داڵێك لە بەرۆكی دەدات

 

پلەی ئەفسەران:

• ملازم: ئەستێرەیەك لەسەر شانیەتی

• ملازمی پلەیەك: دوو ئەستێرە دادەنێت

• نەقیب: سێ ئەستێرە هەڵدەگرێت

• رائید: داڵێك لەسەر شانی دادەنێت

• موقەدەم: داڵێك‌و ئەستێرەیەك هەڵدەگرێت

• عەقید: داڵێك‌و دوو ئەستێرە

• عەمید: داڵێك‌و سێ ئەستێرە

• لیوا: داڵێك‌و دوو شمشێری یەكتربڕ لەسەر شانیەتی

• فەریق: داڵێك‌و دوو شمشێر‌و ئەستێرەیەك

• فەریق ئەوەل: داڵێك‌و دوو شمشێر‌و دوو ئەستێرە

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری