چیرۆكی‌ ‌ كراسە زەردەكە

June 22, 2018 at 12:14 pm

شلی‌ 100 دیزاینی‌ كراسی‌ دروستكرد، كە تێیاندا رەنگەكانی‌ ئاڵای‌ بەڕازیلی‌ بەشێوازی‌ جۆراوجۆر تێكەڵ كردبو

زۆرێك لەشەیدایانی‌ توپی‌ پێ‌ لەسەرانسەری‌ جیهاندا بەدوای‌ ئەو نمایشە پڕ جۆش‌و خرۆش‌و ناوازەوەن كە وابەستەی‌ كراسە زەردەكەی‌ بەڕازیل بوە.

ئەو كراسە بەسونبولێكی‌ جیهانی‌ بۆ خۆشی‌ هەژماردەكرێت، چونكە وێنەی‌ مەزنترین یاریزانانی‌ ئەو یارییە جوانە لەخۆدەگرێت، كە بەباشترین شێواز یارییەكە دەكەن.

كراسەكە بوەتە هاواتای‌ شكۆ و جادو و چێژوەرگرتن لە تۆپی‌ پێی‌ بەڕازیلی‌، چونكە یاریزانانی‌ وەكو بیلیەو جیر زینیۆ‌و زیكۆو سوقرات لەبەریانكردوە، ئەوانەی‌ جیهانی‌ توپی‌ پێیان بۆ ئاستێكی‌ نوێ‌ لەنیوەی‌ دوەمی‌ سەدەی‌ بیستەم گواستەوە.

كارلۆس ئەلبێرتۆ كاپتنی‌ هەڵبژاردەی‌ بەرازیل لەكاتی‌ بردنەوەی‌ جامی‌ جیهانی‌ 1970دا دەڵێت كراسە زەردەكەی‌ هەڵبژاردەكەیان “پیرۆزە لای‌ بەرازیلییەكان”، جەختیشدەكاتەوە كە هەست بەشانازی‌ دەكات كاتێك كراسەكە لەبەردەكات “بەڵام پاڵ بەوانەوەدەنێت كە لەبەریدەكەن، هەست بەلێپرسراوێتی‌ بكەن بۆ ئیلهام بەخشین‌و دڵخۆشكردنی‌ جەماوەر.”

كراسە بەڕازیلییەكە بوەتە یەكێك لەدیارترین كراسەكانی‌ توپی‌ پێ‌، یاریزانەكان كراسێكی‌ زەرد لێوار سەوز لەبەردەكەن‌و شۆرتێكی‌ كورتی‌ شین دەپۆشن، كەهێڵی‌ سپی‌ تێدایە‌و جوتێك گۆرەوی‌ سپی‌، ئەوانەش پێكەوە جۆرە رەنگێكی‌ ناوازەن كە ناكرێت لەگەڵ رەنگی‌ جلوبەرگی‌ هیچ تیپێكی‌ تردا تێكەڵبكرێت.

ئەگەر لەیەكێك لەشەقامەكانی‌ یەكێك لەشارە گەورەكانی‌ جیهاندا پیاسە بكەیت، ئەوا رەنگە چاوت بەكەسێك بكەوێت كەكراسی‌ زەردی‌ هەڵبژاردەی‌ بەڕازیلی‌ پۆشیبێت، زۆرجاریش ژمارە 10ی‌ لەسەر پشتی‌ هەڵگرتوە.

بەڵام زۆرێك هەن نازانن چۆن تیپی‌ بەڕازیل ئەو رەنگە زەردەی‌ بۆ كراسەكەی‌ هەڵبژاردوە‌و ئاخۆ هیچ كاتێك رەنگی‌ تری‌ لەبەركردوە.

سوكایەتیكردن بەبەڕازیل

ئەو چیرۆكە دەگەڕێتەوە بۆ دۆڕاندنی‌ هەڵبژاردەی‌ بەڕازیل لەسەر خاكی‌ خۆی‌ لەبەردەم ئۆرگوای‌ 2-1 لەكۆتایی‌ جامی‌ جیهانی‌ 1950دا، كە لەبەڕازیل بەڕێوەچوو.
ئەو چركەساتە بەخاڵی‌ وەرچەرخان لەتۆپی‌ پێی‌ بەڕازیلدا لەقەڵەم دەدرێت، لەو كاتەدا بەڕازیلییەكان هەستیان بەبێزاریی‌‌و ناڕەحەتییەكی‌ زۆر دەكرد.

لەگەڵ هەڵمەتبردنی‌ ئەلسیدیس گیگا هێرشبەری‌ ئۆرگوای‌ بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی‌ ئەو گۆڵەی‌ لەبەڕازیل كردی‌، تێبینی‌ ئەوەیكرد لەناكاو یاریگای‌ نوێی‌ ماراكانا بێدەنگ بو.

بۆیە گیگا وتی‌ “سێ‌ كەس توانیان ستادی‌ ماراكانا بێدەنگ بكەن، فرانك سیناترا، بابا‌و من.”

لەو دەمەدا هەڵبژاردەی‌ بەڕازیل كراسی‌ سپی‌ بەیەخەی‌ شین‌و شۆرتی‌ كورتی‌ سپی‌‌و گۆرەوی‌ سپی‌ لەبەردەكرد، ئەو رەنگانەش گوزارشت لەگیانی‌ نیشتیمانی‌ وڵات ناكەن. هەروەها رەنگدانەوەی‌ ئاڵای‌ بەڕازیل نین كەرەنگی‌ سەوزەكەی‌ گوزارشت لەڕوبەرە فراوانەكانی‌ دارستان دەكات‌و رەنگە زەردەكەشی‌ هێمایە بۆ سامانی‌ خاوی‌ وڵات‌و رەنگی‌ شینیش گۆی‌ زەوییەو ئەستێرەكانیشی‌ ئاسمانی‌ شاری‌ ریۆ دی‌ جانیرۆی‌ پایتەختە بەشەوان.

سەرەتایەكی‌ باش

گیگا: سێ‌ كەس ستادی‌ ماراكانایان بێدەنگ كرد، فرانك سیناترا، بابا‌و من

ئەوەش چركەساتێكی‌ گونجاوبو بۆ سەرەتایەكی‌ باش، لەساڵی‌ 1953دا رۆژنامەی‌ كۆریۆدا پێشبڕكێیەكی‌ راگەیاند بۆ دیزاینكردنی‌ كراسێكی‌ نوێ‌ بۆ هەڵبژاردەی‌ بەڕازیل، رێسای‌ سەرەكی‌ تێیدا بەكارهێنانی‌ چوار رەنگەكەی‌ ئاڵای‌ بەرازیل بو و ئەو دیزاینەی‌ دەیباتەوە هەڵبژاردەی‌ بەڕازیل لەجامی‌ جیهانی‌ ساڵی‌ 1953دا لەسویسرا لەبەریدەكات.

ئەو كاتە ئەلدیر گارسیا شلی‌ تەمەنی‌ 18ساڵ بو كاتێك بەشداریكرد لەو پێشبڕكێیەدا، ئەو لەو دەمەدا دیزاینەر بو لەیەكێك لەڕۆژنامەكاندا.

ئەو لەشارۆچكە بچوكەكەیەوە بیلۆتاس فی‌ ریۆ گراندی‌ دو سۆلی‌ نزیك لەسنورەكانی‌ ئۆرگوای‌، 100 دیزاینی‌ وێناكرد‌و رەنگەكانی‌ ئاڵای‌ بەڕازیلی‌ بەشێوەی‌ جۆراوجۆر تێدا بەرجەستەكرد. بازنەی‌ سەوزو زەردی‌ لەكراسەكاندا تاقیكردەوە لەگەڵ شۆرتی‌ شین، جگە لەچەند شێوازێكی‌ تر.

شلی‌ دەڵێت “لەكۆتاییدا دركم بەوەكرد دەبێت كراسەكە زەرد بێت‌و یەخەكانی‌ سەوزبێت، ئەوەش لەگەڵ رەنگی‌ شیندا دەگونجێت‌و دەكرێت گۆرەوییەكانیش سپی‌ بن”.

لەنێو 401 دیزایندا كە بەشداریان لەپێشبڕكێكەدا كردبو، ئەو دیزاینەی‌ شلی‌ سەرنجی‌ دادوەرانی‌ راكێشا، بەهۆی‌ سادەیی‌‌و پێكەوگونجانی‌ رەنگەكانی‌. لەپلەی‌ دوەمیشدا دیزاینێكی‌ سادەی‌ تر بردییەوە، كە كراسەكەی‌ سەوز بو و شۆرتەكەشی‌ سپی‌‌و گۆرەویەكانیشی‌ زەردبو.

هەڵبژاردەی‌ بەڕازیل بۆ یەكەمینجار لەئازاری‌ 1954دا كراسە نوێیەكەی‌ لەبەركرد، كاتێك لەستادی‌ ماراكانا لەریۆ دی‌ جانیرۆ لەهەڵبژاردەی‌ چیلی‌ بردەوە. لەجامی‌ جیهانی‌ دوای‌ ئەویشدا پاش چوار ساڵ، بۆ یەكەمیجار بەڕازیل جامی‌ جیهانی‌ بردەوە، پاش بردنەوەی‌ لەهەڵبژاردەی‌ سوید لەستۆكهۆڵم.

لەو بردنەوەشدا جیاوازییەكە ئەوەبو هەڵبژاردەی‌ بەڕازیل بۆ یەكەمجار بەكراسی‌ شینەوە بردییەوە، چونكە سوید كراسی‌ زەردی‌ لەبەركردبو.

كارلۆس ئەلبێرتۆ دەڵێت “كراسی‌ بەدیلمان نەبو، یەكێتی‌ تۆپی‌ بەڕازیلیش ئەوەی‌ رەتكردەوە جارێكی‌ تر هەڵبژاردەی‌ بەڕازیل كراسی‌ سپی‌ لەبەربكاتەوە. هەربۆیە 22 كراسی‌ شینیان كڕی‌ كاتێك گەیشتینە ستۆكهۆڵم‌و هێماكانیان لەسەری‌ جێگیركرد”.

لەساڵی‌ 1962شدا بەڕازیل بۆ یەكەمجار جامی‌ جیهانی‌ بەكراسی‌ زەردەوە بردەوە.

كراسەكە بوەتە هاواتای‌ شكۆو جادو و چێژوەرگرتن لەتۆپی‌ پێی‌ بەرازیلی‌.

لەساڵی‌ 1970دا بۆ یەكەمجار یارییەكانی‌ جامی‌ جیهانی‌ بەڕەنگاوڕەنگ پەخشكرا، ئەوەش یەكەمجار بو كە جەماوەر ئاشنای‌ رەنگی‌ كراسی‌ هەڵبژاردەی‌ بەڕازیل بوو.

ئەدایەكی‌ ناوازە… بەڕەنگەكانەوە

كراسەكە بوەتە هاواتای‌ شكۆو جادو و چێژوەرگرتن لەتۆپی‌ پێی‌ بەرازیلی

راگەیاندنەكان هەر بەڕەنگی‌ رەش‌و سپی‌ روماڵی‌ ئەو روداوەی‌ كرد، جەماوەری‌ توپی‌ پێ‌ نەیانتوانی‌ كراسە زەردەكەی‌ بەڕازیل ببینین تا ساڵی‌ 1970 لەمەكسیك، لەیەكەم پاڵەوانێتیدا كە بەڕەنگاوڕەنگ لەتەلەفزیۆنەوە پەخشكرا.

جەماوەر هەڵبژاردەیەكی‌ بینی‌ بەشێوەیەكی‌ بێوێنە یاری‌ دەكات، كەیاریزانەكانی‌ كراسێكیان لەبەردابو تیشكی‌ خۆر دەداتەوەو ملیۆنەها كەس خۆشحاڵ دەكات.
ئەلبێرتۆ دەڵێت “بێلیە باشترین یاریزان بو كەلەژیانمدا بیبینم. تیپی‌ ئەوكاتەی‌ بەڕازیل باشترین تیپ بو و ناكرێت لەگەڵ تیپەكەی‌ ئەمڕۆی‌ بەڕازیلدا بەراوردبكرێت”.

هەروەها دەڵێت “هەڵبژاردەی‌ ساڵی‌ 1982 بەیاریزانەكانی‌ وەكو زیكۆ و سوقرات، لەوە نزیك ببوەوە بیباتەوە، بەڵام لەو ساڵەدا نەیبردەوە”.

ئەلیساندۆر دیل بیرۆ یاریزانی‌ ئیتاڵی‌ كە 91 یاری‌ بۆ هەڵبژاردەی‌ وڵاتەكەی‌ كردو بردنەوەی‌ وڵاتەكەی‌ لەجامی‌ جیهانی‌ 2006 بەدیهێنا، بۆ بی‌ بی‌ سی‌ باس لەوەدەكات لەسەرەتای‌ ژیانی‌ وەرزشی‌ خۆیەوە شەیدای‌ شێوازی‌ یاریكردنی‌ بەڕازیل بوە.
دەشڵێت “ئیتاڵیا جامی‌ جیهانی‌ 1982ی‌ بردەوە، بەڵام هەڵبژاردەی‌ بەڕازیل هۆش‌و خەیاڵی‌ هەموانی‌ داگیركردبو. كراسەكەیان زەردو ناوازەبون، هەروەك شێوازی‌ یاریكردنەكەیان دڵڕفێن بو، لەوكاتەوە من هەمیشە هەستم بەوەكردوە پەیوەستی‌ بەڕازیلم‌و ئەوان زۆر نزیكن لەدڵمەوە”.

“هەست بەشانازی‌ ناكات”

بەڵام چی‌ بەسەر دیزاینەری‌ ئەو كراسەدا هات؟ شلی‌ ئێستا تەمەنی‌ 83 ساڵە‌و هێشتا لەگەڵ مارلینی‌ هاوسەریدا لەبیلۆتاس دەژیت.

ئەو ماوەیەك لەو رۆژنامەدا كاریدەكرد كە پێشبڕكێكەی‌ ریۆ دی‌ جانیرۆدا تێدا بڵاوكرایەوە.

كراسە زەردەكە وەكو ماشینێكی‌ دروستكردنی‌ دراوی‌ لێهات، چونكە كراسەكەی‌ بێلیە لەزیادكردنێكدا لەساڵی‌ 2002 بە 158 هەزار جونەیهی‌ ئیستەرلینی‌ فرۆشرا.

لەقۆناغیكی‌ ژیانیشیدا بڕیاریدا لەگەڵ یاریزانانی‌ بەڕازیلدا بژێت، بەڵام ژیان لەریۆ گونجاو نەبو بۆ شلی‌ كە گەنجێكی‌ شەرمنی‌ باشور بو. خواردنەوە كهولیەكان‌و ئافرەت زاڵبون بەسەر ژیانی‌ یاریزاناندا، بۆیە ئەو لێیان دوركەوتەوە.

هەرچەندە ئەو كراسەی‌ شلی‌ دیزانیكرد وەكو ماشێنێكی‌ دروستكردنی‌ دراوی‌ لێهاتوە، بەڵام ئەوە هیچی‌ لەشێوازی‌ ژیانی‌ شیلی‌ نەگۆڕی.

لەساڵی‌ 1996دا كۆمپانیای‌ نایك سەودانامەیەكی‌ بەبەهای‌ سەد ملیۆن جونەیهی‌ ئیستەرلینی‌ لەگەڵ یەكێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ بەڕازیل مۆركرد، تاكو ببێتە داهاتی‌ ستافی‌ یاریكردن‌و سپۆنسەرێكی‌ بەشداری‌ هەڵبژاردەی‌ بەڕازیل، لەو كاتەدا ئەوە گەورەترین سەودانامە بو لەمێژودا كە لایەنێكی‌ حكومی‌ لایەن بێت تێیدا.

كراسە زەردەكە وەكو ماشینێكی‌ دروستكردنی‌ دراوی‌ لێهات، چونكە كراسەكەی‌ بێلیە لەزیادكردنێكدا لەساڵی‌ 2002 بە 158 هەزار جونەیهی‌ ئیستەرلینی‌ فرۆشرا

كراسە زەردەكە وەكو ماشینێكی‌ دروستكردنی‌ دراوی‌ لێهات، چونكە كراسەكەی‌ بێلیە لەزیادكردنێكدا لەساڵی‌ 2002 بە 158 هەزار جونەیهی‌ ئیستەرلینی‌ فرۆشرا

بەڵام شلی‌ دەڵێت هەست بەشانازی‌ ناكات سەبارەت بەو دەستكەوتەی‌ بەدەستیهێناوە “لەڕاستیدا ئەوە كارە سەبارەت بەمن ئەوەندە گرنگی‌ نەبو. رەنگە هەست بەگوناه بكەم چونكە شتێكم دروستكردوە وەكو پێشو بەپاك‌و بێگەردی‌ نەماوەتەوە، شتێك كە لەبنەڕەتدا بوەتە ماددی‌”.

گەلی‌ بەڕازیل ئەو دەستكەوتە لەبیرناكات كە شلی‌ پێشكەشی‌ كردون، بەڕازیلییەكان هێشتا رێز لەكراسی‌ هەڵبژاردنەكەیان دەگرن.

بەڕازیل جامی‌ جیهانی‌ نەبردەوە تا رەنگی‌ زەردی‌ لەبەركرد. لەساڵی‌ 1953ەوە بەڕازیل پێنج جار جامی‌ جیهانی‌ بردوەتەوە، بەڵام ئاخۆ بۆ جاری‌ شەشەم ئەوە بەدیدەهێنن؟

بین سمیس، هەواڵسازی‌ وەرزشی‌ بی‌ بی‌ سی‌

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن