لیزا فەلەكەدین: كاكەیی ئایینە

September 9, 2014 at 10:13 am

لیزا فەلەكەدین كاكەیی فۆتۆ: پەیجی تایبەتی لیزا لەتۆِری كۆمەڵایەتی فەیسبوك

لیزا فەلەكەدین كاكەیی، جەختدەكاتەوە كاكەییەكان ئاینی خۆیان هەیەو ئیسلام نین، ناڕەزایی توندیش دەردەبڕێت لەسەر هەندێك بۆچونی پێچەوانەوە‌و پێیوایە دەستی لەپشتەوەیە.

ئەو وتەیەی لیزا كچی كەسایەتی كۆچكردوی ناوداری كاكەییەكان (فەلەكەدین كاكەیی) دوای ئەوە هات سەید رەحیم عەزیم كە خۆی بەڕابەری رۆحی كاكەییەكان لە كەركوك ناساندوەو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا جەختیكردەوە ئەوان موسوڵمانن.

كۆنگرەكە دۆێنی دووشەمە 9/9 دوای كۆبونەوەیەكی ژمارەیەك كەسایەتی كاكەیی هات لەگەڵ بەشێك لەئەندامانی لقی كەركوكی یەكێتی زانایانی كوردستان.

سەید رەحیم وتی “ئێمە بە ناوی كاكەییەكانەوە هاتوین‌و دەڵێین ئێمە موسوڵمانین‌و لەسەر رێبازی ئیسلام‌و بانگەوازی پێغەمبەر موحەمەد (د.خ) دەژین‌و دەمرین.”

لیزا فەلەكەددین كاكەیی لەڕونكردنەوەیەكیدا كە كۆپییەكی بۆ (كەركوك ناو) ناردوە، تیایدا داوای لێبوردن لەهەموو كاكەییەكان دەكات‌و هاتوە “كاكەیی ئاینە نەك عەشیرەت، بۆیە ئەو كەسانەی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایانگەیاند كاكەیی ئیسلامە خۆیان بونە بەئیسلام نەك هەموو كاكەیی، قسەكانیشیان تەعبیر لەڕاو بۆچونی خۆیان دەكات‌و ئەو لێدوانانەیان نیگەرانیشی لای زۆربەمان دروستكردوە.”

پێشبینیشی كرد كە ئەو بۆچونانەیان كاردانەوە بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەكوردستانی باشور‌و خۆرهەڵات، یان لەدەرەوەی وڵات “چونكە ئێمە چەندین ساڵە بەرگری لە بونی خۆمان دەكەین وەك كاكەیی كەچی توشی شۆك بوین ئەو لێدوانەمان بینی لەلایەن چەند كەسێكەوە كە گوایە كاكەیی ئیسلامە.”

لەبەر مەبەستی ئەوانەی كاكەیی بەئیسلام دەزانن، لیزا وتی “نازانم مەبەستیان چییە، بەڵام دەتوانم بڵێم قسەكانیان دورە لەڕاستیەوەو پێموایە ئەمە دەستێكی لەدواوە بێت.” بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو دەستە بكات.

گوندێكی كاكەیی نشین لە سنوری قەزای داقوق

سەید رەحیم دوێنێ لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیكردەوە كە كۆبونەوەكەیان وەك وەڵامدانەوەیەكیانە بۆ “هەندێك كەس كە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە قسەیانكردوە‌و باسیان لەوەكردووە كە كاكەییەكان موسوڵمان نین‌و دەبێت لەسەر ناسنامەكانیان بنوسرێت كاكەیی.”

چەند دابونەریتێكی لێكچوی نێوان موسوڵمان‌و كاكەییەكانیشی وەك بەڵگە هێنایەوە “ناونانی منداڵ‌، خەتەنەكردن‌، ژنهێنان‌، پرسە‌و جەژن‌و بۆنە ئاینییەكانی تری ئیسلام.”

كاروان ساڵحی ـ كەركوك ناو
ش.خ

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن