ماڵێك بۆ خۆشەویستی… شارێك بۆ پێكەوەژیان

February 14, 2017 at 9:56 am

هەڵپەڕكێیەكی پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئاینییەكانی كەركوك گەڕەگی عەرەفە فۆتۆ: كاروان ساڵحی/ كەركوك ناو

سۆران محەمەد
هاوسەرگیری هاوكار محەمەد (26ساڵ)، لەگەڵ شەیما عەلی تەحەدایەكی گەورەبوو، سەرەڕای ناڕەزایی خێزان‌و كەسوكارەكەی كە بەردەوام پێیاندەوت “عەرەبی شیعە نابن بەدۆستی تۆ”، ئەو ئێستا بنەماڵەی دوو پێكهاتە‌و مەزهەبی جیاوازی كردووە بە دۆست.

هاوكار محەمەد كوردێكی سونە مەزهەبەو شەیمای خێزانی عەرەبی شیعەیە، دوو ساڵ لەمەوبەر بێگوێدانە قسەی كەسوكار، بڕیاری هاوسەرگیریانداو ئێستا لە گەڕەكی رەحیماوای كەركوك دادەنیشن.

سەلماندنی پێكەوەژیان
“پێشتر خزم‌و هاوڕێكانم دەیانوت عەرەب نابێت بەدۆستی تۆ، بەڵام دەركەوت وانییە، ئێستا تێكەڵی بنەماڵەیی لە نێوان ئێمەو بنەماڵەی شەیما دروستبووە‌و زۆر دڵخۆشین”، هاوكار بەدەنگێكی بەرزتر وتی “ململانێ سیاسییەكان با هەر بۆ سیاسییەكان  بن، نەك هاوڵاتی سادە”.

هاوسەرگیری ئەو دوو گەنجە بە رێكەوت بووە، دوای بینینی شەیما، هاوكار چووەتە خوازبێنی‌و لەگەڵ رازیبوونی هەردوو بنەماڵە مارەیكردووە، “بچوكترین كێشە لە نێوانماندا رووینەداوە، بە شێوەیەكی سادە ژیان بەسەردەبەین‌و خاوەنی منداڵێكیشین”، هاوكار وای وت.

ئێستا كە دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هاوسەرگیری نێوانیاندا، بەرهەمی دوو ساڵی پێكەوەبوونی هاوكارو شەیما جگە لە كوڕێك، سەلماندنی پێكەوەژیانی پێكهاتە‌و مەهەزەبەكانە لە گەرمترین ناوچەی “جێناكۆك”ی عیراق، كە چەند پێكهاتە‌و ئاین‌و مەزهەبێكی تیادا دەژین.

شەیما عەلی (24 ساڵ)، كە پێشتر بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ كورد مامەڵەی نەكردووە، بە كوردییەكی پاراو بە (كەركوك ناو)ی وت “راستە من عەرەبم هاوكاریش كوردە، ئەو سونەیە‌و منیش شیعەم، بەڵام ئەوە هیچ نەبووەتە رێگر لە بەردەم ژیانماندا، ژیانێكی خۆش‌و ئاسوودەمان هەیە”.

“شارێك بۆ پێكەوەژیان”

كەركوك یەكێكە لە پارێزگا فرە پێكهاتەكان لە عیراق، عەرەب، كورد، توركمان، كرستیان‌و كاكەیی‌و هەردوو مەزهەبی سونەو شیعەی تێدا دەژین.

هەرچەندە هەندێك كات ململانێی سیاسییەكان لە ئاستی ئیدارەی شارەكەو حزبە سیاسییەكان بەرزو نزمی بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ئەو ناكۆكییە كاریگەری دروستنەكردووە لەسەر پێكەوەژیان‌و پەیوەندی هاوسەرگیری نێوان پێكهاتەكان.

سرود محەمەد، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنیی‌و لێپرسراوی كۆمەڵەی هیوای عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ بە (كەركوك ناو)ی وت “پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركوك مێژوویەكی درێژی هەیە، بەردەوامی هاوسەرگیریی نێوان پێكهاتەكان دەرئەنجامی بەردەوامی ئەو پێكەوەژیانەیە”.

شەرمین ئەحمەد (34 ساڵ) لە پێكهاتەی كورد، ماوەی نۆ ساڵە لەگەڵ مەمەد سلێمان لە پێكهاتەی توركمان هاوسەرگیری كردووەو لە گەڕەكی عەرەفە نیشتەجێن.

شەرمین مامۆستای بیركارییە وتی “ژیان بریتییە لە ڕێزگرتن‌و رەوشتبەرزیی‌و نەرم‌و نیانی، هەموو ئەو رەفتارانە لە مەمەددا هەیە، بۆیە گرنگ نییە لە چ نەتەوەیەكە”.

“ئێرە شاری پێكەوەژیانە… خانەوادەكەی من بە بەردەوام پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ بنەماڵەی مەمەددا هەیە، بەشێوەیەك گرێدراوی یەكین دەبێت هەفتانە سەردانی یەكتربكەین”، شەرمین وای وت.

مەمەد هاوڕێی لە هەموو پێكهاتەو ئاینێك هەیە، شەرمین وتی “شەوانە خۆیان‌و خێزانەكانیان سەردانی یەكتر دەكەین‌و دادەنیشین‌و گفتوگۆ دەكەین، بەڕاستی ئەو تێكەڵبوونە هەستێكی زۆر جوان بە من دەبەخشێت‌و مانایەكی تایبەتی هەیە”.

مانگی 3ی 2013 ناحیەی لەیلان لەكەركوك كردنەوەی پێشانگەیەك بۆ خستنەڕوی كەلوپەلی كلتوریی‌و پێكەوەژیان فۆتۆ: محەمەد حاج

هەفتەكانی رابردوو ململانێی سیاسییەكانی كورد، عەرەب‌و توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دواخستنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی بەدواداهات، دوای ئەوەی عەرەب‌و توركمان دژایەتی خۆیان نیشاندا لە شێوازی ئەو داواكارییەی پێكهاتەی كورد خستییەڕوو بۆ قەرەبووكردنەوەی راگوێزراوەكان (ئەو خەڵكەی لەسەردەمی سەدام حسێن-دا (1979-2003) لە ناوچەكانیان دورخرابوونەوە).

مەمەد (37ساڵ)، وتی “ئێمە ڕۆژانە دەبینین‌و دەبیستین كە ناكۆكی لە نێوان سیاسیی‌و لێپرسراوانی كەركوكدا هەیە، ئەوەی ئێمە دەیبیستین، وایدەبینین كە لەنێو تەواوی پێكهاتەكانی كەركوك كەسانی نەتەوەپەرست‌و بەرژەوەندیخواز هەیە… ئەو ناكۆكییانە بۆ ئێمە جێگای نیگەرانییە، بەڵام كارناكەتە سەر پێكەوەژیانی ئێمە”.

مەمەد كە كارمەندە لە كۆمپانیای نەوتی باكور، دەڵێت “هاوسەرگیری دوو پێكهاتەی جیاواز واتایەكی گرنگ دەبەخشێت‌و ئەو پەیامە دەدات كە ئێمە ساڵانێكە لەم شارە پێكەوە دەژین‌و رۆحییەتمان تێكەڵ یەكتر بووە”.

پێكەوە مەترسییەكان تێدەپەڕێنن

داعش لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو هێرشیكردە سەر كەركوك‌و نزیكەی هەفتەیەك نائارامی لەنێو شارەكە دروستبوو، بەهۆیەوە 100 كەس لە هێزە ئەمنییەكان‌و مەدەنی كوژران، بەڵام پێكهاتەكانی كەركوك بەیەكگرتوویی روبەڕوی بوونەوە.

سرود محەمەد، لێپرسراوی كۆمەڵەی هیوای عیراقی، پێیوایە ئەوە نمونەیەكی تری ئەو پێكەوەژیانە لە شارەكە، “هەمووان بینیمان تەواوی پێكهاتەكان دژی داعش چەكییان هەڵگرت‌و بەرگرییان لە شارەكە كرد”.

“شارەكە خاوەن كلتور‌و داب‌ونەریتێكی دەوڵەمەندی پێكەوەژیانە… ئەركی ئێمەیە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدنیی‌و رێكخراوەكان، هەوڵەكانمان چڕبكەینەوە بۆ ئاشتی‌و پێكەوەژیانی زیاتر”، سرود وای وت.

ئیلاف عەبدولڕەحمان (43 ساڵ) لە نەتەوەی توركمان، 14 ساڵە لەگەڵ كوردێك هاوسەرگیری كردووە، بە (كەركوك ناو)ی وت “ژیان كاتێك مانا دەبەخشێت، كە ڕێز لەنێوان پێكهاتەو نەتەوەو مەزهەبەكاندا هەبێت”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن