لە كەمپی ئاوارەكانی كەركوك دەیان كەس دەستگیردەكرێن

February 14, 2017 at 10:18 pm

كەركوك، ئۆكتۆبەری 2016، زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە لە چەند كەمپێكدا جێگیركراون فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
دەیان كەس لەناو كەمپی ئاوارەكاندا دەستگیركران، ئەوەش لەچوارچێوەی هەڵمەتێكی هێزە ئەمنیەكانی كەركوك كە بەوتەی ئەوان، لەنێو دەستبەسەركراوەكاندا “كاربەدەست‌و ئەندام”ی داعش هەبوون.

هێزە ئەمنیەكانی سنوری پارێزگای كەركوك، ئەمڕۆ سێشەممە هەڵمەتێكیان لەناو كەمپی ئاوارەكان ئەنجامدا بۆ دەستگیركردنی داواكراوان و ئەوانەی بەهەبوونی پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی داعش، تۆمەتباركراون.

عەمید كاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت “دوای ئەوەی لەرێگەی سەرچاوە هەواڵگرییەكانی خۆمانەوە توانیمان ناوی ژمارەیەك تیرۆریستی داواكراو كۆبكەینەوە، ئەمڕۆ لەنێو كەمپی داقوق ٨٥ كەسمان دەستگیركرد”.

جەختیشیكردەوە “ئەوانەی دەستگیركراون بەمادەی ٤ی تیرۆر داواكراو بوون، هەمویان كاربەدەست‌و ئەندامی داعش بوون”.

لەو هەڵمەتەدا لە قەزای داقوق، پۆلیسی قەزاو ناحیەكان‌و ئاسایشی نیشتیمانی‌و ئاسایشی پارتی‌و یەكێتی لەگەڵ فەرمانگەی پشكنینی كەركوك بەشداربوون.

قەزای داقوق كە بەدووری 44 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری پارێزگای كەركوك، سەدان خێزانی ئاوارەی حەویجە‌و ناوچەكانی تری عێراقی تێدا نیشتەجێیە، لەمانگی یەكی ئەمساڵیشدا هێزەكانی پۆلیس دەستگیركردنی حەوت “ئەندامی داعش”یان راگەیاند كە بەنیازبوون لەرێی ئاوارەكانەوە دزەبكەن.

بەشێكی تر لەهەڵمەتی هێزە ئەمنییەكان، لەكەمپەكانی سنوری ناحیەی لەیلان بەرێوەچووە، كە بەدووری 20 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كەركوكەوە.

عەقید عەبدولفەتاح باوایی، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی لەیلان بۆ (كەركوك ناو) ئاماژەی بەوەدا كە لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتدا 84 كەس لەكەمپەكان دەستگیركراون‌و دوای لێكۆڵینەوەی ورد ئازادكراون، “چونكە دەركەوت ناوی چواریان لەگەڵ ناوی تیرۆریستە داواكراوەكان جیاوازە”.

كەركوك تائێستا زیاتر لە 650 هەزار ئاوارەی لەخۆگرتووە، بەشێكی زۆریان خەڵكی حەویجە‌و ناوچەكانی دەوروبەری ئەو قەزایەن.

قەزای حەویجەو ناحییەكانی (زاب، رەشاد، ریاز، عەباسی) لە ناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە كەوتۆتە دەست داعش‌.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەهەڵمەتی هێزە ئەمنیەكان، لەكاتی پرۆسەكەدا رێگەنەدراوە بەهاتووچۆی هیچ كەسێك لە دەرەوەی كەمپەكان بۆ ناوەوە ‌و بەپێچەوانەوە.

سەرچاوەكە وتیشی “یەكێك لەدەستگیركراوەكان راهێنەری سەربازگەیەكی داعش بوە‌و لەگەڵ ئاوارەكان دزەی كردووە، هەروەها منداڵی خوار تەمەن 14 ساڵیش لەنێو دەستگیركراوەكاندا هەبووە”.

ئاوارەكان كاتێك دەگەنە ناوچە ئازادكراوەكان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، دوای پشكنین‌و جیاكردنەوەیان لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە‌و ئاسایش‌و پۆلیس، رەوانەی كەمپەكانی پارێزگای كەركوك دەكرێن.

قەزای حەویجە (55كم باشوری رۆژئاوای كەركوك)‌و ناحیەكانی دەوروبەری كە زۆرترین ئاوارەیان هەیە لەكەركوك، هێشتا بڕیاری كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەدراوە، ئەوەش بەمەترسی لەسەر شارەكە دادەنرێت‌و هۆشداریدەدرێت لەدوبارەبوونەوەی روداوی هاوشێوەی ساڵی رابردوو.

رۆژی 21ی مانگی 10ی 2016 نزیكەی 100 چەكداری داعش دزەیانكردە ناو سەنتەری كەركوك‌و دوو رۆژ لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان روبەڕوبونەوە، بەهۆیەوە پشێوی لەگەڕەكانی ئەسراو مەفقودین‌و دۆمیزو مەجیدیە دروستبوو.

لەڕوبەڕوبونەوەكاندا نزیكەی 100 لەهێزە ئەمنییەكانی كەركوك‌و مەدەنی كوژران‌و شكستیش بەهەوڵی چەكدارانی ئەو رێكخراوە هێنرا بۆ گرتنی شارەكە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری