پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەكان: بە دەستڕێژی گولە دزێك كوژرا

February 15, 2017 at 10:12 am

وریا كاكەیی
شەوی رابردوو گەنجێك لە گەڕەكی یەكی حوزەیرانی شاری كەركوك درایە بەر دەستڕێژی گولەو كوژرا، كە بەوتەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەكان “دز” بووەو ژمارەیەك كەلوپەلی ماڵێكی دزیوە.

رووداوەكە نزیك كاتژمێر 9ی شەوی رابردوو بووەو ئەو ماڵەی گەنجەكەی بۆ چووە، لە ماڵ نەبوون، بەڵام كاتێك هاتوونەتەوە لە كۆڵانەكە بووە بە تەقەو گەنجەكە كوژراوە.

كەسێكی نزیك لەو ماڵەی كەلوپەلەكانیان دزراوە، بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەو گەنجە دز بووە، دەرگای ماڵەكەی شكاندوین‌و ماڵەكەی پەرش‌و بڵاوكردووەتەوە، هەندێك كەولەپەلی دزیوە، بەڵام لەوكاتەی ئێمە هاتوینەتەوە رایكردووەو دراوەتە بەر دەستڕێیژی گولەو كوژراوە”.

ئەو ماڵە ئەو شەوە لە ئاهەنگی بوك گواستنەوەی كوڕەكەیان بوون.

عەقید رەزوان شوكر، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەكانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “دەركەوتووە ئەو گەنجە كە تەمەنی 26 ساڵە بۆ دزیكردن چۆتە ئەو ماڵەو دەرگای ماڵەكەی شكاندووەو تەواوی ژوورو كەلوپەلەكانی پشكنیوە، لەوكاتەی كە بووە بەدەنگە دەنگ‌و خاوەن ماڵەكەش گەڕاونەتەوە تەقە كراوەو كوژراوە”.

وتیشی “زیاتر لە 10 كلاشینكۆف تەقەی كردووەو فیشەك بەر دزەكە كەوتووە… تەرمەكەی دراوەتە كەسوكاریی‌و رووداوەكەش روونە كە دزیكردنە، چونكە هەر رایكردووەو كەلوپەلی لە جۆری مۆبایل‌و لاپتۆپی لێكەوتووە”.

گەنجەكەو ئەو ماڵەی دزیی لێكراوە خەڵكی یەك ناوچەن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن