یابان بە 14 ملیۆن دۆلار هاوكاری ئاوارەكانی موسڵ دەكات

February 15, 2017 at 6:46 pm

20-7ی 2016، سلێمانی، باڵوێزی یابان لەعیراق هاوكاری بەسەر ئاوارەكانی كەمپی ئاشتیدا دابەشدەكات فۆتۆ: UNHCR Chloé Coves

كەركوك ناو
كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران لە عیراق ئاشكرایكرد، كە زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلاریان تەرخانكردووە بۆ بە هاناوەچوونی ئەو خێزانانەی بەهۆی شەڕی موسڵەوە ئاوارەبوون، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو هاوكارییە داراییەی یابان پێشكەشیكردوون.

بەپێی بەیاننامەیەكی ئەو كۆمسیۆنە كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە حكومەتی یابان بە بڕی 17 ملیۆن دۆلار هاوكاری كارەكانیانی كردووە لە لەعیراق، ئەوەش زیاتر دەستكراوەیان دەكات لە دابینكردنی پێویستی ئاوارەكان.

هەروەها هاتووە “بڕی 14 ملیۆن‌و 300 هەزار دۆلار لەو بڕە هاوكارییە تەرخاندەكرێت بۆ بەرنامەی بەدەمەوەچوونی ئەو هاوڵاتییانەی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ ئاوارەبوون”.

لەدەستپێكی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە، زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لەو شارە‌و قەزای حەویجەوە ئاوارەبوون، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ چڕبونەوەی هێرشەكان بۆ سەر داعش‌و پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان لەچوارچێوەی قۆناغی دووەمی شەڕەكەدا كە بەكۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی بەشی چەپی موسڵ كۆتاییهات.

كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران ئاماژەی بەوەشداوە، دوو ملیۆن‌و 600 هەزار دۆلار كە لە هاوكارییەكەی وڵاتی یابان دەمێنێتەوە، تەرخاندەكرێت بۆ پێویستی ئاوارەكانی سوریا بەشێوەیەكی سەرەكی لەهەرێمی كوردستان.

بەو پارەیەی یابان وەكو كۆمسیۆنەكە رونیكردۆتەوە، پێویستە سەرەتایی‌و سەرەكییەكانی ئاوارەكان دابیندەكرێت لە كەلوپەلی رۆژانەی شوێنی مانەوە‌و ماڵ، بەشێكیش بە بڕی جیاواز دەدرێتە ئەو خێزانانەی لەدۆخێكی خراپی بژێوییدان.

بەشێكی دیكەش لە هاوكارییە داراییەكە تەرخاندەكرێت بۆ ئەو پرۆژانەی لەپێناو ئاشتی‌و پێكەوەژیانی ئەو ناوچانەدا ئەنجامدەدرێت، لەگەڵ پڕۆژەكانی دووبارە بنیاتنانەوە.

لەسەرەتای‌ دەستپێكردنی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، لە‌ 17ی‌ تشیرینی دووەمی‌ 2016 بەبەشداری‌ هێزە عیراقییەكان و هێزەكانی‌ پێشمەرگە، بەدەیان هەزار لەدانیشتوانی‌ شاری‌ موسڵ‌و دەوروبەری‌ ئاوارەی‌ ناوچە ئارامەكان بوون‌و تائێستاش، هەڵاتن لەو ناوچانە بەردەوامی هەیە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن