موسڵ؛ فڕۆكە جەنگییەكان پردێكی بۆمبڕێژكراو دەتەقێننەوە‌و 35 چەكداری داعش دەكوژن

February 15, 2017 at 7:28 pm

فرۆكە جەنگییەكان دەیان بنكە‌و بارەگای داعش دەكەنە ئامانج فۆتۆ: پەیجی هێزی ئاسمانی عیراق لەفەیسبووك

كەركوك ناو
زیاتر لە 35 چەكداری داعش كوژران‌و پردێكی بۆمبڕێژكراوش تەقێنرایەوە، لەئەنجامی زنجیرەیەك بۆردومانی فرۆكە جەنگییەكانی عیراق‌و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە بنكەكانی ئەو رێكخراوەی لەسنوری موسڵ كردۆتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگری عیراق لەبەیاننامەكەیدا ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشكرایكرد، كە فرۆكەی F16ی سەر بەهێزی ئاسمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری، چەند هێرشێكی دژی داعش ئەنجامداوە لە گەڕەك‌و ناوچەكانی 17ی تەمموز، وادی عەین، سەناعە وادی، شەبابیك‌و ئەلبوسیف لەموسڵ.

بەهۆی ئەو هێرشانەوە وەكو بەیاننامەكەی ئاماژەی پێداوە، كارگەیەكی بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێل‌و بارەگایەك خاپوور كراوە،، 15 چەكداری ئەو رێكخراوەش كوژراون.

هەروەها فرۆكەكانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، چەند هێرشێكیان ئەنجامداوە لە ناوچەی گوندی كەنیسە، سەناعە، وادی غانم‌و موسڵ جەدیدە، لەئەنجامدا پردێكی بۆمبڕێژكراو تەقێنراوەتەوە لەگەڵ لەناوبردنی بارەگا‌و تونێلەكانی داعش.

وەزارەتی بەرگری هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لەبەیاننامەیەدا ئاماژەیكردووە بەوەی كە لەناوچەكانی شەریعە‌و عەین حسان لە رۆژئاوای موسڵ، 20 چەكداری داعش كوژراون‌و چوار ئۆتۆمبێلیش تێكشكێنراون، دوای ئەوەی لەلایەن فرۆكە جەنگیەكانەوە كراونەتە ئامانج.

چڕكردنەوەی هێرشە ئاسمانیەكان بۆ سەر داعش، هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی ئامادەكارییەكان‌و نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنی قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بەئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری راستی شارەكە، دوای ئەوەی لەمانگی رابردوودا بەری چەپ بەتەواوی لەژێر دەستی ئەو گروپە دەرهێنرا.

ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ لە رێكخراوی داعش، 17ی مانگی 10ی ساڵی رابردوودا دەستپێكرد بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە‌و هێزە عیراقییەكان‌و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی زۆرینەی ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە لەئێستادا شەڕ لە ناوەندی موسڵە‌و چەندین گەڕەك كۆنتڕۆڵكراونەتەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری