وانەی تایبەت لە مامۆستایان قەدەغە دەكرێت

February 15, 2017 at 8:26 pm

كەركوك/ پۆلێكی خوێندنی كوردی فۆتۆ: كەركوك ناو

شڤان محەمەد
وتنەوەی وانەی تایبەت لە دەرەوەی خوێندنگەكان لە مامۆستایان قەدەغە دەكرێت، ئەوەش بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی عیراق كە پارێزگای كەركوك جەخت لەجێبەجێكردنی دەكاتەوە، هەرچەندە بۆچوونی جیاوازی لێكەوتۆتەوە.

بەپێی نوسراوێكی پشكنەری گشتی وەزارەتی پەروەردەی عیراق، كە لە 22ی مانگی رابردوو ئاراستەی پەروەردەی پارێزگاكان كراوە جگە لەهەرێمی كوردستان، جەختكراوەتەوە لە قەدەغەكردنی وتنەوەی وانەی تایبەت لە دەرەوەی خوێندنگەكان.

لەو نوسراوەدا كە وێنەیەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، تێیدا ئاماژەكراوە بە بەدواداچونێكی تیمەكانی پشكنین‌و تێیدا هاتووە “بەهۆی وانەی تایبەتەوە وتنەوەی وانە لەخوێندنگەكان پشتگوێخراوە”.

هەروەها هۆشداریداوە لە پێشێلكردنی بڕیارەكە‌و گرتنەبەری رێكاری كارگێڕی بەپێی یاسایی تایبەت بە فەرمانبەران، كە جەخت دەكاتەوە لەوەی پێویستە فەرمانبەر ئەركەكانی بە هەستكردن بە بەرپرسیارتییەوە جێبەجێبكات بەپێچەوانەوە، سزادەدرێت.

عومەر قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەو بڕیارە لە رابردووشدا لە لایەن وەزارەتی پەرەوەردەوە هەبوە بەڵام لە ئێستادا جەختی لێكراوەتەوە”.

وتیشی “ئێمە پابەندی ئەو بڕیارە دەبین‌و لەئاگاداركردنەوەكان یاخود تۆماركردنی هەر سكاڵایەك بەدواداچونی بۆ ئەنجامددەین”.

وتنەوەی وانەی تایبەت، ساڵانە لەپارێزگاكانی عیراق بەربڵاوە‌و مامۆستایان لەدەرەوەی خوێندنگە‌و كاتی دەوام، لەبەرانبەر بڕێك پارەدا بەخوێندكارانی دەڵێنەوە.

محەمەد عەبدوڵا، یەكێكە لەو خوێندكارانەی پشتگیری بڕیارەكە دەكات‌و چونكە وەكو ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت “پێویستە لەسەر مامۆستایان بەوپەڕی هەستكردن بە لێرپرسراوێتیەوە ئەركی سەرشانی خۆیان بەجێ بهێنن تا خوێندكارە هەژارەكانیش بێبەش نەبن لەزانست”.

“وانە وتنەوەی تایبەت بۆتە حاڵەتێكی بەربڵاو و تەنها ئەو خوێندكارانەی باری داراییان باشە سودی لێوەردەگرن”، ئەو خوێندكارە وای وت.

بڕی ئەو پارەیەی لە بەرانبەر وتنەوەی وانەی تایبەتدا وەردەگیرێت، لەمامۆستایەكەوە بۆ یەكێكیتر جیاوازە‌و بەپێی هیچ رێكار‌و رێنماییەك دیارینەكراوە، ئەگەر مامۆستاكە بەتایبەت وانە بەیەك خوێندكار بڵێتەوە یان بچێتە ماڵی خوێندكارەكە بۆ ئەو وانەیە، بڕیاری پارەی وەرگیراو زیاتر دەبێت.

مەروان، ناوی خوازراوی مامۆستای یەكێك لە خوێندنگە ئامادەییەكانی كەركوكە‌و لەماڵەكەی خۆیشدا دوای دەوام وانەی تایبەت بەخوێندكاران دەڵێتەوە، بۆیە پێیوایە بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە لەبەرژەوەندی مامۆستایاندا نییە.

ئەو مامۆستایە بە (كەركوك ناو)ی وت “چۆن بۆ دكتۆرەكان رەوایە‌و مافێكی ئاساییە جگە لە نەخۆشخانەكان نەخۆش چارەسەر بكەن، بۆ ئێمەش ئاساییە دوای قوتابخانە وانە بڵێینەوە”، زیاتر وتیشی “ئەو بڕیارە ناچێتە چوارچێوەی خزمەتكردن بەكەرتی پەروەردە”.

هەروەها جەختیكردەوە كە سەرباری بوونی ئەو بڕیارە “هەر مامۆستایەك نیازی وانە وتنەوەی هەبێت بەشێوەی تایبەت بە هەر جۆرێك بێت دەیكات، چونكە ئەوە وانەیە زیاتر لە ماڵەوەیە و كەس پێی نازانێت”.

لەنێو ئەو خوێندكارانەی باری داراییان باش نیە، گلەیی ئەوەدەكرێت بەهۆی وانەی تایبەتەوە گرنگی كەمتر بەوانەكان دەدرێت لەخوێندنگەدا، ئەوەش هەمان بۆچوونە كە بەشێك لەمامۆستایان پشتگیری دەكەن.

فەتاح رەسوڵ، مامۆستا لە یەكێك لەخوێندنگەكانی كەركوك پێیوایە بڕیاری قەدەغەكردنی وانەی تایبەت خزمەتە بەكەرتی پەروەردە‌و بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە “وتنەوەی وانەی تایبەت ناحەقییە بەرانبەر خوێندكاران، چونكە وا دەكات لە قوتاباخانەو خوێندنگاكان ئەو مامۆستایانە وانەكەیان بە باشی نەڵێنەوە”.

بەپێی یاسای تایبەت بەكاری فەرمانبەرانی دەوڵەت، هەر فەرمانبەرێك ئەركی خۆی بەتەواوی جێبەجێنەكات چەند جۆرێك سزای بۆ دانراوە، كە لە سەرنجڕاكێشان‌و ئاگاداركردنەوە تێیدایە تاوەكو دەركردن.

جێگری بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك لەبارەی رێكارەكانەوە دەڵێت “هەر بەرێوەبەری قوتابخانەیەك بە شێوەی تایبەت وانە بە قوتابیانی بڵێتەوە بەپێی بڕیاری وەزارەت دەكرێتەوە بە مامۆستا، هەروەها هەر مامۆستایەكیش ئەو كارە بكات راژەكەی دەگۆڕدرێت لە مامۆستاییەوە بۆ بەشێكی دیكە لە پەروەردە”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری