موسڵ: 22 یەكەی شارەوانی دەستبەكاردەبنەوە

February 16, 2017 at 10:51 am

كەركوك ناو
22 یەكەی شارەوانی موسڵ دەستبەكاربوونەتەوە، بەڵام چاككردنەوەی ژێرخانی شارەوانییەكان پێویستی بە 26 ملیار دینار هەیە، ئەوەش بەوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی نەینەوا بۆ (كەركوك ناو).

عەبدولقادر ئەحمەد حەسەن، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (كەركوك ناو)ی وت “لەكۆی 31 یەكەی ئیداری شارەوانی لە موسڵ، تائێستا 22 یەكەیان دەستیان بەكار كردۆتەوەو دەوامی رۆژانەی خۆیان دەكەن”.

“بەڵام ئەو یەكانە پێویستیان بە ئالیات‌و پاڵپشتی لۆجستی هەیە بۆ پاككردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان، چونكە پێش هاتنی داعش، تەنها قەزای موسڵ هەزار ئالیاتی هەبوو، قەزاو ناحیەكانی دیكەش 700 ئالیات، بەڵام لەئێستادا كەمتر لە 160 ئالیات ماونەتەوە كە بەكەڵكی ئیشپێكردن بێت”، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی نەینەوا وای وت.

دەستبەكاربوونەوەی ئەو یەكانەی شارەوانی‌و پەروەدەو تیمە تەندروستییەكان، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی بەشی چەپی موسڵ دێت لە كۆتایی مانگی رابردوو، لەگەڵ كۆنترۆڵكردنەوەی زۆربەی قەزاو ناحییەكانی دەوروبەری شارەكە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراواندا كە لە 17-10ی ساڵی رابردوو دەستپێكرد.

لەئێستا خوێندن لە بەشی چەپی موسڵ دەسیپێكردووەتەوەو شارەوانیش سەرقاڵی چاككردنەوەی ژێر خانی یەكەكان‌و پاككردنەوەی شارەكەیە.

عەبدولقادر وتی “بۆ دووبارە چاككردنەوەی ژێرخانی شارەوانییەكانی نەینەوا، بەپێی پشكنینی سەرەتایی پێویستمان بە 26 ملیار دینار هەیە، هەروەها 31 ملیارمان پێویستە بۆ كڕینی ئالیات، جگە لەمەش دەبێت 1500 كارمەند بۆ دەرەوەی قەزای موسڵ دابمەزرێنین‌و 2000 كارمەندی دیكەش بۆ ناو شار”.

شارەوانییەكانی موسڵ راپۆرتی سەرەتاییان بۆ پێداویستییەكان ئامادەكردووەو لەگەڵ لیژنەی هونەری لە وەزارەتی شارەوانی گفتوگۆیان لەسەر كردووەو داواكانیان پەسندكراوە، “لەو رێگەیەوە رەوانەی سەندوقی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عیراق دەكرێت… لەدەرگای حكومەتی عیراق‌و ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و یونیسێف‌و یوئێن دی پی-مان داوە، بەو هەموو هەوڵە توانراوە 39 ئالیەت دابینبكرێت”، هەر بەوتەی عەبدولقادر.

ئەو هەوڵانە بۆ دوبارە دروستكردنەوەی یەكە شارەوانییەكانی موسڵە، كە بەهۆی زیاتر لە دوو ساڵی حوكمڕانی داعش وێران بوون.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی نەینەوا وتیشی “تەنها پاككردنەوەی شارو شارۆچكەكان نابێتەهۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان  بۆ نمونە شەنگال‌و دەشتی نەینەوا بەتەواوەتی وێران بووە، تلكێف سەدا 60 خانووەكانی وێران بوون”.

بە بڕوای عەبدولقادر ئەوە پێویستی بە پارەیەكی ئێجگار زۆر هەیە بۆ دووبارە بنیادنانەوە “ئەگەر ئەمە نەكرێت‌و ئاوارەكان نەگەڕێنەوە، پاككردنەوەی ئەو شارانە سوودێكی نابێت بۆیە دەبێت پەلەبكرێت لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن