هیومان رایتس وۆچ: هێزە عيراقییەكان لە موسڵ تاڵان‌و وێرانكاریی ئەنجامدەدەن

February 16, 2017 at 1:59 pm

كەركوك ناو
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، رایدەگەیەنێت كە ئەو هێزە عیراقییانەی لە موسڵ شەڕی دژی‌ داعش دەكەن، “تاڵان‌و وێرانكاریی” ئەنجامدەدەن، بۆیە داوا لە حكومەتی‌ عیراقی دەكات لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییانە بكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە رێكخراوی‌ هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێكی‌ لە بارەی‌ پێشیلكاریی هێزە عیراقییەكان لە دەوروبەری‌ موسڵ بڵاوكردوەو تیایدا باسلەوەدەكات، كە هێزێكی‌ سەربازی‌ لەنێوان مانگی تشرینی دووەمی 2016 بۆ شوباتی 2017 شارۆچكەیەك‌و چوار گوندیان لە نزیك موسڵ بەتەواوەتی‌ رووخاندووە بەبێ هیچ پێویستییەك كە ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی‌ تاوانی‌ جەنگەوە.

رێكخراوەكە بەشێوەیەكی گشتی زۆرینەی‌ هێزە عیراقییەكان لەنێویاندا حەشدی شەعبی تۆمەتباركردووە بە ئەنجامدانی ئەو پێشێلكارییانە.

هاوكات داوا لە حكومەتی عیراق دەكات، “لێكۆڵینەوەی ورد بكات‌و ئەو لایەنانە سزابدات كە بەرپرسبوون لە ئەنجامدانی ئەو تاڵان‌و وێرانكارییانە”.

هیومان رایتس وۆچ داواش لە ئەمریكا دەكات، كە پشتیوانی لەهێزە عێراقییەكان دەكات لەو شەڕەدا، گوشار بخاتە سەر حكومەتی عیراق بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە، “چونكە ئەو رەفتارانە هیچ پاساوێك نایانگرێتەوە”.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، كۆتایی ساڵی رابردوو تاوەكو مانگی شوبات، 345 باڵەخانە وێرانكراون، لەنێویاندا مزگەوتی سەرەكی گوندی ئەشوا.

هیومان رایتس وۆچ باس لەوە دەكات كە “بەبەڵگەوە كاری‌ تاڵانكردن‌و روخاندنی‌ ماڵی‌ هاولاتیانی‌ لەبەردەستدایە لەڕێگەی‌ بۆمب‌و ئامێری‌ گەورەوە، هەروەها سێ گوندیش سوتێنراوەو ئەم كارانەش بەوتەی‌ چەندین شایەتحاڵ سەلمێنراوە لەنێوان كانوونی‌ یەكەم تاوەكو مانگی‌ شوبات”.

نوێنەرێكی‌ حەشدی‌ شەعبی لە وەڵامێكی‌ نوسراودا سەبارەت بەڕوخاندنی‌ سێ گوند، بە هیومان رایتس وۆچی‌ وتووە “رێكخراوی‌ داعش چەندین ماڵی‌ لەو گوندانە وەك شوێنی‌ خۆحەشاردان بەكارهێناوەو بەشێكیان بۆمبڕێژكردووە تاوەكو رێگری‌ لە پێشڕەوییەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی بكات”، دەشڵێت “حەشدی‌ شەعبی لە پێناو زیان نەگەیاندن بەماڵی‌ هاوڵاتیان بۆ ماوەی‌ دوو رۆژ ئۆپەراسیۆنەكانی‌ راگرتووە، بەڵام داعش دوای‌ دەرچوونیان لەو گوندانەش هەر لە بۆردومانكردنی‌ گوندەكان بەردەوامبوون”.

رێكخراوەكە لە راپۆرتەكەیدا باس لەكاری‌ تاڵانكردن و سوتاندنی‌ دوو گوندی‌ تریش دەكات لە باشووری‌ رۆژهەڵاتی‌ موسڵ كە بریتین لە شارۆچكەی‌ بەغدیدای‌ كرستیانی‌ نشین كە بە “حەمدانیەو قەرەقوش”یش ناسراوە.

هەروەها گوندی‌ خەزر كە دانیشتوانەكەی‌ لە كرستیان‌و سوننە پێكهاتوون‌و جەختلەوەدەكاتەوە كاری‌ وێرانكردن‌و تالانكارییەكان دوای‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ ئەو ناوچانە لە دەستی‌ داعش ئەنجامدراون سەرەڕای‌ ئەوەی‌ كە ئەو شوێنە بارەگای‌ چەند هێزێكی‌ سەربازی‌ تێدایە وەك “یەكینەكانی‌ پاراستنی‌ دەشتی‌ نەینەوا، فیرقەی‌ 9ی‌ سوپای‌ عیراق، پۆلیسی‌ ناوخۆیی‌و پۆلیسی‌ فیدڕاڵی‌ لە بەغدیدا”.

هیومان رایتس وۆچ داوا لە دەسەڵاتدارای‌ عیراق دەكات هەنگاوی‌ بەپەلە بگرنە بەر بۆ لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە كە بەتاوانی‌ جەنگ هەژماردەكرێت‌و بەرپرسارانی‌ تاوانەكە سزابدرێن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن