چارەنووسی زۆرینەی ناوچەی “جێناكۆك” لەهەڵبژاردنەكاندا دیارنییە

February 16, 2017 at 7:43 pm

كەركوك، نیسانی 2014، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
پارێزگاكانی موسڵ‌و كەركوك، چاوەڕواندەكرێت جارێكیتر ببنەوە قوربانی بەهۆی بێبەشبوونیان لەهەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق، لەكاتێكدا چەندین ساڵە بەهۆی ململانێ‌ سیاسییەكان‌و دواتریش شەڕی داعشەوە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە.

ئەو دوو پارێزگایە كە زۆرینەی ناوچەی “جێناكۆك” پێكدەهێنن، بەپێی دوایین بڕیار لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوردەخرێنەوە‌و چارەنووسیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان یەكلایینەكراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی چەند هۆكارێكەوە لەنێویاندا بەردەوامی شەڕ‌و پێكدادانەكان.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عیراق، سەرەتای ئەم مانگە ئاشكرایكرد كە هەردوو پارێزگای موسڵ‌و كەركوك لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەشدارییان پێناكرێت، كە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی دیاریكراوە.

سیروان ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە(كەركوك ناو)ی وت “شاری موسڵ نیوەی لەدەستی داعشدایە، بەو هۆیەوە هەڵبژاردن لەو شارە ئەنجامنادرێت‌و دوادەخرێت تا ئەو كاتەی پارێزگای نەینەوا بەقەزاو ناحیەكان ئاوەدان دەكرێتەوەو خەڵك دەگەڕێنەوە شارەكە”.

بەوتەی ئەو چارەسەر ئەوەیە، ئەنجومەنی ئێستا پارێزگاكە درێژە بەكارەكانی خۆیان بدەن تا هەڵبژاردنی داهاتوو.

پارێزگای موسڵ كە زۆرترین ناوچەی “جێناكۆك” لەخۆدەگرێت لەدوای كەركوك، لەناوەڕاستی ساڵی 2014 ناوەندی شارەكە‌و بەشێكی زۆر لەقەزا‌و ناحیەكانی كەوتە ژێر دەستی داعش.

ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ‌و ناوچەكانی دەوروبەری، لەمانگی 10ی ساڵی رابردوودا بە بەشداری هێزە عیراقیەكان‌و پێشمەرگە‌و پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستپێكرد، تائێستا نزیك بەنیوەی شارەكە كۆنترۆڵكراوەتەوە‌و ئامادەكاری بۆ شەڕی بەشەكەی دیكەش دەكرێت.

عاید رەحیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پێیوایە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی نیوەی شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە زۆر ئاستەمە بتوانرێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیداو لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق ئەنجامبدرێت.

ئەوەشی بە (كەركوك ناو) وت “كاری هەرە لەپێشینە رزگاركردنی موسڵ‌و گەڕانەوەی ئاوارەكانە، جگە لەمەش دەكرێت ئەنجومەنی ئێستای پارێزگا وەك حاڵەتێكی تایبەت تا خولی داهاتوو درێژە بەكارەكانیان بدەن”.

زۆرینەی ناوچەكانی نەینەوا، بەپێی ماددەی 140ی دەستور “جێناكۆك”ن لەنێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان، لەئێستاشدا كە هێزەكانی هەردوو لەو ناوچانە جێگیربوون هێشتا رێككەوتن نەكراوە بۆ ئیدارەدانی دوای داعش.

بەهار سلێمان عیسا، پەرلەمانتاری عیراق لەسەر پشكی پارێزگای نەینەوا زەحمەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی جگە لەبوونی شەڕ، زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەكە ئاوارەبوون‌و بەشێكیشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات، لەگەڵ ئەوەشدا “تۆماری دەنگدەرانی موسڵ سوتێنراوەو وێران كراوەو تۆماری بایۆمەتریش لەموسڵ نەكراوە”.

هەزاران خێزانی خەڵكی پارێزگای نەینەوا هێشتا لەئاوارەییدا دەژین فۆتۆ: سایتی نەتەوە یەكگرتووەكان

بەهۆی شەڕی داعشەوە، هەزاران خێزانی موسڵ ئاوارەبوون‌و ئێستا لەكەمپەكانی هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی تر، نیشتەجێكراون‌و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان‌و وێرانكارییە ناتوانن بگەڕێنەوە.

“هەتا رێككەوتنی سیاسی لەسەر موسڵ نەكرێت، هەڵبژاردن لەو شارەدا ناكرێت چونكە موسڵی دوای داعش هەمان ئەو موسڵەی پێش داعش نابێت”، پەرلەمانتارەكەی عیراق وای وت.

دۆخەكە بۆ كەركوك جیاوازترە، ئەو پارێزگایە كە تەواوی سنورەكەی دەكەوێتە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوور‌و “جێناكۆكە”، زیاتر لەدوو ساڵ‌و نیوە لەسەدا نزیكەی 32ی خاكەكەی لەژێر دەستی داعشدایە كە قەزای حەویجە‌و چەند ناحییەك لەخۆدەگرێت.

جگە لە بوونی داعش لەو سنورە كە هێشتا شەڕی دەركردنی دیارنییە، ماوەی 12 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كەركوك ئەنجامنەدراوە، بەهۆی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكانیەوە كە لە عەرەب، كورد، توركمان‌و كرستیانەكان پێكهاتوون.

شوان داودی، پەرلەمانتاری عیراق لەپشكی كەركوك (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) ئەوەی بۆ (كەركوك ناو) رونكردەوە كە بەپێی دوایین پڕۆژە یاسا هەڵبژاردن لەو پارێزگایەش دەكرێت.

هەروەها جەختیكردەوە “بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ ئەنجومەنەكانی دیكە دەكرێت، بەڵام ئەو هەڵبژاردنە كەی دەكرێت هێشتا ئەوە روون نیە”.

بەپێی پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە هێشتا لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر نەكراوە، چەند مەرجێك دانراوە بۆ ئەوەی لەكەركوكیش هاوشێوەی پارێزگاكان تر هەڵبژاردن بەرێوەبچێت كە ئەوەش جێگەی ناكۆكی پێكهاتەكانە.

پێكهاتەكانی عەرەب‌و توركمان داوا دەكەن دۆخی كەركوك “ئاساییبكرێتەوە”‌و ئەو كەسانە مافی دەنگدانیان نەبێت كە لەسەرژمێری ساڵی 1957دا بەشدارنەبوون، كوردیش ئەوە رەتدەكاتەوە.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوەدا كە “روونە بەپێی ماددەی 23ی قانونی 36ی 2008ی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دەبێت پەرلەمان قانونێكی تایبەت بۆ یەك خولی هەڵبژاردن بۆ كەركوك ئامادە بكات، ئەوە هۆكارە كە هەڵبژاردن لەكەركوك ئەگەر ئەنجام نەدرێت نەك كۆمسیۆن”.

هەرچەندە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق 16ی ئەیلولی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكردووە‌و نیسانی ساڵی داهاتووش وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەڵام هێشتا روونە نییە هەردوكیان لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

پەرلەمانتارەكەی عیراق لەپشكی كەركوك دەڵێت بەپێی پرۆژەیەك ئەگەری یەكخستنی هەردوو هەڵبژاردن بەكراوەیی بۆ پەرلەمان بەجێ هێڵدراوە، كە بیانخاتە یەك كات یانیش نا، “ئەگەری هەیە هەردوو هەڵبژاردنەكە بخرێتە یەك كات”.

داودی وتیشی “بەڵام تا دەرچواندنی قانونەكەو یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی كۆمسیۆن ناتوانرێت كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریبكرێت”.

ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە، ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیان كە زۆرینەیان لایەنگری رەوتی سەدرن لەبەغدا خۆپیشاندان دەكەن بۆ گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، پەرلەمانیش لەگفتوگۆی ئەوەدایە گۆڕانكارییەكە بكات.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی وادەی كاركردنی بەرەو كۆتایی دەڕوات چاوەڕێی یەكلابوونەوەی چارەنوسەیەتی بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردنەكان

لەپاڵ ئەو كێشانەدا، شەڕی دژ بەداعش لەموسڵ‌و كەركوك وادەی كۆتاییهاتنی دیارنیە، ئەوەش روبەڕوی ئەو مەترسییەی كردوونەتەوە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانیش نەتوانن بەشداربن.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پێیوایە پرسە بۆ پەرلەمان جیاوازترە لەئەنجومەنی پارێزگا، چونكە ناكرێت موسڵ نوێنەری لەخولی داهاتووی پەرلەماندا نەبێت.

عاید رەحیل دەڵێت گرفتەكە تەنیا لەموسڵ نیە، بەڵكو بەشی زۆری پارێزگا سوننەكانیش هەمان گرفتیان هەیە، بۆیە لەگەڵ “دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكاندام بۆ ماوەیەكی كاتی”.

چاوەڕواندەكرێت قۆناغی دوای داعش، زۆرترین مشتومڕی لێبكەوێتە بەتایبەت دەربارەی ناوچەكانی “جێناكۆك”، بەوپێیەی هێزە عیراقییەكان‌و پێشمەرگە بەبێ‌ رێككەوتنی كۆتایی تێیاندا جێگیربوون، لەكاتێكدا یەكلاییكردنەوەی چارەنووسیان پەیوەستە بەجێبەجێكردنی ماددەی 140 لەرێی سێ‌ قۆناغی ئاساییكردنەوە، سەرژمێری‌و راپرسی.

بەهار سلێمان، كە لەسەر لیستی پارتی دیموكرات وەكو نوێنەری نەینەوا بووەتە پەرلەمانتاری عیراق پێیوایە لەدۆخێكی وەها ئاڵۆزدا باسكردن لەهەڵبژاردن زووە.

هەروەها باسی لەئەستەمی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان كرد لەموسڵ‌و وتی “لەدەستووردا هیچ دەقێك نیە رێگە بەوە بدات نوێنەرانی ئێستای موسڵ بۆ خولی داهاتووش بەنوێنەر بمێننەوە لەئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، جگە لەمەش هێشتا هیچ بڕیارێك لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەعێراقدا نەدراوە‌و یەكلایینەكراوەتەوە”.

پارێزگاكانی موسڵ‌و كەركوك، لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لەعیراق (ساڵی 2003) زۆرترین مشتومڕ‌و ململانێ‌ لەسەر ئیدارەكانی هەبووە لەلایەك بەهۆی ناروونی چارەنووسی ناوچەكانی “جێناكۆك”‌و لەلایەكی دیكەشەوە لەئەنجامی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكانی بەتایبەت سوونە‌و شیعە، لەئێستاشدا كە هێشتا زەرەمەندی دەستی داعشە ئەگەرەكان بەو ئاراستەدا دەڕوات لەپرۆسەی هەڵبژاردنیشدا جارێكیتر ببنەوە قوربانی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری