“چەكدارانی داعش” گوندنشینانی دیالە دەكەنە ئامانج

February 17, 2017 at 7:55 pm

كەركوك ناو
سەروەت‌و سامانی بەشێك لە گوندنشینانی پارێزگای دیالە پارێزراو نییەو ناوبەناو بەر هێرشی گروپە چەكدارەكان دەكەوێت، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە ناوچەكە.

لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك چەكدار هەڵیانكوتایە سەر چەند گوندێكی ناوچەی عوزێم-ی سەر پارێزگای دیالەو ژمارەیەك مەڕو ماڵاتی گوندشینەكانیان بردووە، هێزە ئەمنییەكانیش گومان دەكەن ئەو چەكدارانە سەر بە داعش بن.

محەمەد عومەر، لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتی لە ناحیەی قەرەتەپەی سەر بەپارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ی وت “نزیكەی 800 سەر مەڕ لە گوندەكانی ناوچەی عوزێم لەلایەن چەكدارانەوە بردراوە كە ئێمە گوماندەكەین داعش ئەو كارەی كردبێت”.

هاوكات مقەدەم جەلیل محەمەد، فەرماندەی پێشمەرگە لە سنوری حەمرین، بە(كەركوك ناو)ی وت “ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش كە لە ناوچەكە جموجۆڵیان هەیەو ناوبەناو هێرشدەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكانی عیراق‌و گوندنشیان‌و بردنی مەڕو ماڵاتەكانیان لەزیادبووندایە”.

دەستپێكردنەوەی جموجۆڵەكانی داعش لەو سنورە، دوای ماوەیەك دێت لەجۆرێك ئارامی، بەتایبەت كە ئەو رێكخراوە لەژێر فشاری زۆری هێرشی هێزە عیراقییەكاندایە لە پارێزگای نەینەوا‌و لەسێ‌ مانگی رابردوودا، زۆرینەی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی لەدەستداوە.

عەقید كاوە مەحمود فەرماندەی فەوجی كۆباشی پێشمەرگە لە قەزای خانەقینی سەر بەپارێزگای دیالە، بە (كەركوك ناو)ی وت “داعش مەڕو ماڵاتی خەڵك دەبات تا خەڵك چاوترسێن بكات‌و خەبەریان لێنەدەنە هێزە ئەمنییە عیراقییەكان”.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ناوچەكە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدایە.

هێزە ئەمنییەكان جەختدەكەنەوە لەوەی ئەو چەكدارانەی هێرشدەكەنە سەر گوندنشینان لە سنووری دیالە، زۆربەیان خەڵكی ناوچەكەن‌و پێشتر چووبوونە رێزەكانی داعش.

پارێزگای دیالە، دەكەوێتە رۆژهەڵاتی عیراق‌و بەشێكی زۆر لەناوچەكانی “جێناكۆك”ن بەپێی ماددەی 140ی دەستوور، ژمارەی دانیشتوانەكەی بەپێی دوایین سەرژمێری زیاتر لەیەك ملیۆن كەس دەبێت، كە لەعەرەب، كورد‌و توركمان پێكدێن‌و دابەشبوون بەسەر هەردوو مەزهەبی شیعەو سونەدا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن