“ئەگەر بماینایەتەوە دەمردین”
ترس‌و برسێتی‌ دانیشتوانی‌ موسڵ ناچار بەهەڵاتن دەكات

March 11, 2017 at 10:30 pm

رۆژهەڵاتی موسڵ، خێزانێكی هەڵاتووی بەری راستی شارەكە لە كەمپی حەسەن شام فۆتۆ: UNHCR/Caroline Gluck

سیروان حسێن

بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی بەری راستی موسڵ، لەنێوان مردن بەهۆی برسێتی‌و رێگای مەرگدا دوەمیان هەڵدەبژێرن، چونكە ئەوە تەنیا ئومێدیانە تا بگەنە كەناری ئارامی.

بەوتەی ئەو عیراقییانەی بەمدواییە ئاوارەبوون، كەمی‌ خۆراك و شەڕوپێكدادانەكان ناچاری‌ كردوون مەترسی بە ژیانیانەوە بكەن‌و بەرەو ناوچە ئارامەكان هەڵبێن، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران.

عادل-ی تەمەن 34 ساڵ دەڵێت “بۆ ماوەی ساڵێك زۆر برسی بووین، منداڵەكانمان تەنیا ئارد و ئاویان دەخوارد، هەندێك كات ئەگەر گۆڕانكارییمان لە سیستەمی‌ خۆراكی‌ خۆمان دروستبكردایە‌و شتێكی‌ باشمان بخواردایە ئەوا دۆشایی تەماتەمان بەكاردەهێنا”.

ئەو هاوڵاتییە لەگەڵ هاوسەر‌و شەش منداڵەكەیان، لە ناوچەی‌ تەل رومان-ی بەری راستی شاری موسڵەوە، چەند رۆژێك لەمەوبەر ئاوارەبوون.

“پێویست یان بمرین، یاخود رێگای مەرگ هەڵبژێرین، بۆیە برسێتی‌ هۆكاری‌ سەرەكی‌ هەڵاتنمان بوو”، عادل وای وت.

ئەو هاوڵاتییانەی لە بەری راستی موسڵەوە ئاوارەی ناوچە ئارامەكان بوون، جەخت دەكەنەوە لەوەی خۆراك‌و سوتەمەنی‌و دەرمان‌و ئاو، زۆر بە دەگمەن دەستدەكەون‌و نرخی شتومەكیش زۆر بەرزبۆتەوە.

عادل‌و هاوسەرەكەی، لەشەوێكی‌ باراناوی لەگەڵ منداڵەكانیان بۆ ماوەی‌ چەند كاتژمێرێك رێگایان بڕی،‌ تا گەیشتنە لای‌ هێزە‌ عیراقییەكان.

“كاتژمێری‌ 1ی‌ شەومان هەڵبژارد بۆ هەڵاتن، چونكە لەوكاتەدا چەكدارەكانی‌ داعش پشوو وەردەگرن‌و چەند چەكدارێكی‌ كەم دەسوڕێنەوە، كاتێكمان زانی‌ لە پشتمانەوە بو بە تەقە، دواتر زانیم چەكدارانی‌ داعش چەند كەسێكیان دەستگیركردووە، ئاواڕمان لەدوای‌ خۆمان نەدایەوە تا گەیشتینە كەناری‌ ئارامی‌”.

عادل وتیشی “ئەگەر بماینایەتەوە، دەبوو لە برسا بمرین یان بەهۆی‌ بۆردومانەوە”.

دوای‌ گەیشتن بە ناوچە ئارامەكان، خانەوادەكەی‌ عادل گواسترانەوە بۆ كەمپی حەسەن شام U3 (40 كم رۆژهەڵاتی موسڵ)‌و خێمەیەكیان پێدرا، دوای‌ چەند مانگێكیش لەبرسێتی توانییان یەكەم ژەمە خۆراك بە ئارەزووی‌ خۆیان بخۆن.

پارێزگای موسڵ، گەیاندنی سەدان خێزانی ئاوارە بۆ كەمپی حەمام عەلیل فۆتۆ: UNHCR

لەچەند هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە 89 هەزار لە بەری راستی موسڵەوە ئاوارەبوون، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی عیراق.

زیادبوونی ژمارە ئاوارەكان، هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ بەری‌ راستی‌ شاری‌ موسڵ، كە 19-2 دەستیپێكرد‌و تائێستا هێزە عیراقییەكان چەند گەڕەك‌و ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵكردۆتەوە.

شەهاب تەمەنی 39 ساڵە‌و كاری باخەوانی كردووە لە موسڵ، چەند رۆژێك لەمەوبەر لە گەڕەكی تەل رومان-ەوە گەیشتۆتە كەمپی‌ حەسەن شام‌و چیرۆكی هەڵاتنی خێزانە شەش كەسییەكەی‌ لەدەست چەكدارانی داعش، دەگێڕێتەوە.

“بە كۆمەڵ رۆیشتن، چونكە پێمانوابوو كە راگرتنمان لە بازگەكان قورستر دەبێت، ئەوەش مەترسییەكی‌ گەورەبوو، بەڵام لەئەگەری‌ هەڵبژاردنی‌ مانەوەدا، ئەوا لە برسا یان بەهۆی‌ بۆردوومانەوە دەمردین”.

شەهاب دەڵێت لەگەڵا بوونی ئەو مەترسییانەشدا كەمی‌ خۆراك ناچاریكردن رێگای‌ هەڵاتن هەڵبژێرن.

تائێستا زیاتر لە 195 هەزار ئاوارە، لە 21 كەمپی لە تەواوی سنوری موسڵ جێكراونەتەوە‌و كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران سەرقاڵی بنیاتنانی چەند كەمپێكی دیكەدایە، بە ئامانجی لەخۆگرتنی هەزاران كەسی تر.

بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی‌ هاوڵاتی مەدەنی‌ لە بەری‌ رۆژئاوا (راستی)‌ شاری‌ موسڵ بە 750 بۆ 800 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت‌و پێشبینی ئاوارەبوونی 250 هەزاریان دەكرێت، هۆشداریش دەدرێت لەوەی ژیانیان لەمەترسیدایە بەهۆی پێكدادانەكانەوە.

لەسەرەتای‌ دەستپێكردنی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، لە‌ 17ی‌ تشیرینی دووەمی‌ 2016 بەبەشداری‌ هێزە عیراقییەكان و هێزەكانی‌ پێشمەرگە، بەدەیان هەزار لەدانیشتوانی‌ شاری‌ موسڵ‌و دەوروبەری‌ ئاوارەی‌ ناوچە ئارامەكان بوون‌و تائێستاش بەردەوامی هەیە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری