حەشدی شەعبی هێز بۆ پێكهاتەی كاكەیی پێكدەهێنێت

March 12, 2017 at 9:27 pm

رۆژئاوای موسڵ، شوباتی 2017، هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شەڕی دژ بەداعش فۆتۆ: راگەیاندنی حەشد

سۆران محەمەد
دەستەی حەشدی شەعبی، لەهەوڵی پێكهێنانی فەوجێكی سەربازیدایە بۆ پێكهاتەی ئاینی كاكەیی لە داقوق، لەكاتێكدا بەرپرسی یەكەمی ئیدارەی قەزاكە لەگەڵیدا نییە.

لە سنوری ئەو قەزایەی پارێزگای كەركوك، پرۆسەی ناونوسین‌و ئامادەكاری بۆ پێكهێنانی هێزەكە دەستیپێكردووە‌و بەشێك لە گەنجەكانیش، هۆكارەكەی دەبەستنەوە بە بژێوی ژیانیانەوە.

پشتیوان كاكەیی، یەكێكە لەو گەنجانەی مامەڵەكانی بۆ بەشداری لەو هێزەدا رادەستكردووە‌و چاوەڕوانی دامەزراندنە، بە (كەركوك ناو)ی وت “لەم دۆخە قەیراناوییەدا دینارێك لە گیرفانم نیە، بۆ ئەوەی منداڵ و هاوسەرەكەم بژێنم هیچ كارێكم دەستناكەوێت، بۆیە هەر هێز ولایەنێك موچەم بۆ دابین بكات دوای دامەزراندن دەكەم”.

ئەو گەنجە پێشتریش چەندجارێك هەوڵیداوە لە نێو ریزەكانی هێزی پێشمەرگەدا دابمەزرێت، بەڵام وەكو خۆی دەڵێت ئەنجامی نەبووە‌و هیچی بۆ نەكراوە.

لەدوای سەرهەڵدانی رێكخراوی داعشەوە لەناوەڕاستی ساڵی 2014، چەندین هێزی چەكدار بۆ پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئاینییەكان لەناوچە جیاوازەكاندا پێكهێنراون، ئەوەش بەدەستپێشخەری‌و هاوكاری هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان.

عەلی هاشم، وتەبێژی حەشدی شەعبی لە قەزای داقوق‌و دوزخورماتوو هەواڵی پێكهێنانی ئەو هێزەی بۆ پێكهاتەی كاكەیی پشتڕاستكردەوە‌و بە (كەركوك ناو)ی وت “خەڵكانێكی زۆری كورد رۆژانە سەردانمان دەكەن بەمەبەستی دامەزراندن”.

حەشدی شەعبی سێ‌ ساڵ لەمەوبەر بەفەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق پێكهێنرا‌و كۆتایی ساڵی رابردووش بەپێی یاسایەكی پەسەندكراو لەپەرلەمان، بوو بە بەشێك لەهێزە چەكدارە فەرمیەكان.

عەلی هاشم دەڵێت “دوای ئەوەی حەشدی شەعبی كرایە هێزێكی یاسایی خەڵك زیاتر داوای دامەزراندن دەكەن، لەنێویاندا هاوڵاتیانی كاكەیی”.

قەزای داقوق، ئازاری 2017، پڕچەككردنی فەوجی كاكەییەكان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

قەزای داقوق بەدووری 44كم دەكەوێتە باشووری ناوەندی كەركوك‌، لەسنورەكەیدا چەندین سەنگەری دژ بەداعش هەیە‌و هێزەكانی پێشمەرگە نزیكەی سێ‌ ساڵە، لەو ناوچەیەدا جێگیربوون.

ئەمیر خواكەرەم، قایمقامی قەزای داقوق تەنیا پشتیوانی بۆ هێزی پێشمەرگە لە سنورەكەیدا نیشاندا‌و بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە “لەدەرەوەی ئەو هێزە (پێشمەرگە) هەر هێزێكی تر دابمەزرێت مامەڵەی یاسایی‌و فەرمییان لەگەڵ ناكەین”.

لەدوو ساڵی رابردووشدا، وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەوجێكیان بۆ پێكهاتەی كاكەیی بە تایبەت لەو سنورە پێكهێنا‌و دوای پڕچەككردنیان، لە ناوچەكانی خۆیاندا جێگیركراون.

ئامانجی پێكهێنانی هێزی چەكداری پێكهاتەكان، بەئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوە‌و پاراستنی ناوچەكانی نیشتەجێبوونی خۆیان بوو لەمەترسی، بەبێ‌ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی ئامادەكراو هەبێت لەبارەی داهاتوویانەوە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی حوكمڕانی داعش لەعیراق، بەوپێیەی شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی زۆرینەی ناوچەكان بەردەوامی هەیە، مشتومڕەكان لەسەر داهاتووی ئەو هێزە چەكدارانەی پێكهێنراون زیاتر بوون.

2 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری