لە دەربەدەرییەوە بۆ هیوا
چیرۆكی ئەو خێزانە ئێزیدییەی دووبارە ژیانیان دەستپێكردەوە

March 13, 2017 at 6:46 pm

گوڵستان دەڵێت بەهۆی پرۆژەكەوە لەگەڵ هاوسەرەكەی كاتی زیاتریان پێكەوە هەیە فۆتۆ: پاولا پیچۆنێ، UNDP

سیروان حسێن

“قەیرانەكە زۆر كارەساتبار بوو، ئێمە زۆر بێهیوا بوو بوین. بەڵام ئێستا شكۆمەندیمان بۆ گەڕاوەتەوە”، خانمێكی ئێزیدی دوای گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی وادەڵێت.

بەپێی راپۆرتێكی بەرنامەی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP)، هیوا‌و سەقامگیری بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو گەڕاوەتەوە بۆ خێزانە ئێزیدییە، ئەوەش لەرێی پرۆژەیەوە كە بەهاوكاری ئەوان دەستیپێكردووە.

گوڵستانی تەمەن (23 ساڵ)، لە قەزای ئەلقۆش لە باكوری پارێزگای نەینەوادا دەژی كە زۆرینەی مەسیحی و ئێزیدییە، كاتێك لە هاوینی 2014 داعش لە ناوچەكەیان نزیكبۆتەوە لەگەڵ نەشوان (27 ساڵ)ی هاوسەری بە پەشۆكاویەوە لەگەڵ 14 ئەندامی خێزانەكەیدا هەڵاتن.

پاش چەندین مانگ لە ئاوارەبوون لە پارێزگای دهۆكی دراوسێی نەینەوا، ئەو خێزانە گەڕانەوە، هەرچەندە دەستپێكردنەوەی ژیانیان قورس بوو.

گوڵستان وتی “ئێمە لە ململانێدا بووین بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانمان كاتێك گەڕاینەوە، پشتمان بەستبوو بە كۆمەكی دارایی لە خزم و كەسانمانەوە، بە ڕاستی بە كاتێكی زۆر ناخۆشدا دەڕۆشتین”.

بارودۆخ گۆڕا پاش ئەوەی (UNDP)، لەچوارچێوەی پرۆژەیەكدا 250 باڵندەی دابینكرد بۆ گوڵستان و نەشوان، بە یارمەتی كۆلیجی كشتوكاڵی دهۆك‌و رێكخراوی ناحكومی گوندی بچوكی زاخۆ راهێنانی بەخێوكردنی ئەو باڵندەیەی پێكردن، ئەوەش بە كۆمەكی ئەڵمانیا.

پرۆژەكەی (UNDP)، هاوكاری نزیكەی 900 خێزانی كردوە لە سنوری نەینەوا، بەتایبەت ئاوارەكان و خێزانە گەڕاوەكان، بەئامانجی دەستكەوتنی داهات لە ڕێی بەخێوكردنی پەلەوەر و هەنگ و باخەوانی‌و بەخێوكردنی ماسییەوە.

گوڵستان وتی “قەیرانەكە زۆر كارەساتبار بووە بۆ خێزانەكانی ئەم ناوچەیە، ئێمە زۆر بێهیوا بوو بوین. بەڵام ئێستا من شكۆمەندیم بۆ گەڕاوەتەوە”.

ئەو خێزانە 10 هەزار هێلكەی ئەو باڵندەیەیان فرۆشتووە كە بەخێویان كردووە فۆتۆ: پاولا پیچۆنێ، UNDP

لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، ئەو ژن‌و مێردە ئێزیدییە 260 باڵندە‌و 10 هەزار هێلكەیان فرۆشتووە لە بازاڕەكانی ناوخۆو سوپەرماركێتەكاندا.

نەشوان ئەو دەفتەرەی داینابوو لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بۆ تۆماركردنی داهاتەكانیان بە وردی پشكنی‌و وتی “ئێستا ئێمە بۆ هەر مانگێك نزیكەی 250 دۆلاری ئەمریكمان دەستدەكەوێت”.

خێزانەكە دواجار داهاتێكی بەردەوامیان دەستكەوت، ئێستا دەتوانن خۆراك و پۆشاك و سوتەمەنی و گرنگیپێدانی پزیشكیی زیاتر بەدەستبخەن بۆ خۆیان و كچە ساواكەیان ( ماریانا)، چیتر پێویستیان بە پشتبەستن بە یارمەتی خزمان نیە‌و لەدانەوەی هەموو قەرزەكانیاندان.

گوڵستان دەڵێت “هاوسەرەكەم كە بێكار بوو بە دەگمەن لە ماڵەوە بوو، بەڵام لەوەتەی دەستمان كردوە بەم پڕۆژەیە، كاتی زیاتر لەگەڵ من بەسەر دەبات و گرنگی بە كەوەكانمان (باڵندەكان) دەدات”.

“هەردووكمان پاڵپشتیی یەكتر دەكەین و هەست دەكەم پەیوەندیەكەمان بەرەو باشتر دەڕوات، دڵخۆشم دەتوانم بەشداربم لە خەرجیەكانی ماڵەكەمدا و هەمووان لە خێزانەكەم قەدری كارەكەم دەگرن”.

نەشوان هاوڕا بوو لەگەڵ خێزانەكەیدا و وتی “هاوسەرەكەم كۆنتڕۆڵی تەواوی هەیە بەسەر داهاتەكەماندا، ئەو لە من باشتر دەزانێت پێویستیەكانمان چین”.

ئەوانەی ئەلقۆش-یان لەبەر داعش بەجێهێشت، وەكو گوڵستان و نەشوان كەوتونەتە ڕێ بۆ گەڕانەوە، زۆربەی ئەوانەیشی چونەتە دەرەوەی وڵات وەكو براكەی نەشوان، لە خۆئامادەكردندان بۆ گەڕانەوە.

نەشوان دەڵێت “براكەم هەڵاتوە بۆ ئەڵمانیا تا ژیانێكی سەلامەتتری دەستكەوێت، من باسی كاری بەخێوكردنی كەوەكەم بۆ كرد… بۆیە براكەم لە پلاندانیدایە تا بگەڕێتەوە”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری