خۆشەویستی لە جەنگدا
دوو هاوسەر فەرماندەیی بەرەیەكی شەڕ دەكەن لەدژی داعش

March 18, 2017 at 12:39 pm

كەركوك/ بەرزاییەكانی گۆبەیبە/مانگی ئازاری 2017، هەڵۆ و زوهرە چاودێری بەرەكانی شەڕ دژی داعش دەكەن فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
پێكەوە لە بەرزاییەكانی گۆبەیبەی رۆژئاوای كەركوكەوە چاودێری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش‌و جموجۆڵی چەكدارانی ئەو رێكخراوەیان دەكرد، ئەمە ئەركی رۆژانەیانە، تەنها خەمی ئەو دوو هاوسەرە پاراستنی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بوو لە هێرشی لەناكاوی داعش.

هەڵۆ رەمشتی‌و زوهرە هەورامی، دوو خۆشەویست‌و دوو  پێشمەرگەی پارتی ئازادی كوردستانن، كە لە سەرەتای شەڕی داعشەوە لە نێو سەنگەرەكاندا پێكەوە فەرماندەیی بەرەی پێشەوەی شەڕ دەكەن‌و بەهاوبەشی لە چەند شەڕێكی قورسدا بەشداربوون.

هەڵۆ كە شارەزایەكی پوچەڵكردنەوەی بۆمبە، ساڵی 2015 بەسەختی برینداربوو، كاتێك بۆمبێك پێیدا تەقییەوەو بەهۆیەوە قۆڵی چەپی لەدەستدا، بەڵام ئەوە نەبووەهۆی ئەوەی لەگەڵ هاوسەركەی كۆڵبدەن‌و سەنگەرەكان چۆڵبكەن.

درەنگانێكی ئێوارەی مانگی ئازاری 2017، هەڵۆو زوهرە كە جلی سەربازیان لەبەردابوو، پێكەوە بە دووربین چاودێری چەكدارەكانی داعشیان دەكرد، زوهرە وتی “ژیانی پێشمەرگایەتیم زۆر پێخۆشترە، وەك لەوەی لەشار بمێنمەوە، چونكە خەمی من پاراستنی خاكە، لە هێرشی داگیركەران”، وەك ئاماژەیەك بۆ داعش.

لە زۆربەی شەڕەكاندا لەگەڵ هەڵۆی هاوسەرمدا پێكەوە بەشداربووین

ئەگەر لە رابردوودا كچان‌و ژنان خۆیان لە بەشداریكردنی شەڕ بواردبێت، ئەوا بەشداریكردنی شەڕ لەلایەن ژنانەوە لەئێستادا سیحری شەڕی لای ژنان بەتاڵكردووەتەوە.

هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان كە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن‌و بەشداریی دەكەن لەشەڕی دژ بە داعش، لەئێستادا هێزەكانیان لەقەزای باشیك لە دەشتی نەینەواو لەڕۆژئاوای كەركوك بونیان هەیە، ژنان بەشێكی گرنگی هێزەكانیان پێكدەهێنن.

زوهرە هەورامی، خێزانی هەڵۆ، سەرپەرشتی پێشمەرگە ژنەكانی حیزبەكەی دەكرد، وتی “لە زۆربەی شەڕەكاندا لەگەڵ هەڵۆی هاوسەرمدا پێكەوە بەشداربووین بەتایبەت لەكاتی هێرشەكانی ئەمدواییەدا بۆ سەر چەكدارەكانی داعش”.

كەركوك/ بەرزاییەكانی گۆبەیبە/مانگی ئازاری 2017، هەڵۆ رەمشتی‌و زوهرە هەورامی، دوو هاوسەر فەرماندەیی بەرەكانی شەڕ دەكەن لەدژ داعش فۆتۆ: كەركوك ناو

داعش لەناوەڕاستی 2014، هێرشكردە سەر كەركوك‌و سەدا 32ی خاكەكەی كۆنترۆڵكرد، پێشمەرگەكانی پارتی ژیانی ئازاد، كە هەڵۆو زوهرە فەرماندەیی بەشێكیان دەكەن چوونە بەرەكانی جەنگ لە رۆژئاوای كەركوك‌و بەدشاریی چەندین شەڕیان كردووە.

زوهرە  وتی “زۆرجار هەڵۆ لەدەستەی هێرشبردنە، منیش لەو دەستەیەم كە بەدوای هەڵۆدا هێرشدەكەینە سەر ئامانجە بۆ دیاریكراوەكانمان”.

26-2ی ئەمساڵ كچە پێشمەرگەیەكی ئەو پارتە لەباشیك هاوەنێكی چەكدارانی داعش لە نزیكی كەوتەوەو دوای برینداربوونی گیانیلەدەستدا.

هەڵۆی هاوسەری زوهرەش لەكاتی كۆنترۆڵكردنەوەی گوندی گۆبەیبەی رۆژئاوای كەركوكدا بۆمبێك پێیدا تەقیەوەو قۆڵی چەپی لەدەستدا.

كاتێك هەواڵی برینداربوونی هەڵۆم بیست ئۆقرەم لێبڕاو خۆم گەیاندە لای

زوهرە وتی “ئەو رۆژەی هەڵۆ برینداربوو، من لە پرسەی كەسێكی تر بووم، كاتێك هەواڵی برینداربوونی هەڵۆم بیست ئۆقرەم لێبڕاو خۆم گەیاندە لای”.

هەڵۆ و زوهرە جیاواز لەو هاوسەرانەی كە لەشارو شارۆچكەكاندا ژیان بەسەردەبەن‌و بیریان لای بەخێوكردنی ماڵ و منداڵە، ئەوان هەمیشە بیریان لای پاراستنی سەنگەرەكان‌و بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی داعشە.

ئەو دوو هاوسەرە لەنێو خانویەكی سادەی بەچینكۆ سەر داپۆشراوی نێو سەنگەرەكاندا ژیان بەسەردەبەن، هەمیشە پابەندن بە جێبەجێكردنی رێوشوێنی سەربازیی‌و پێكەوە ئەركە سەربازیەكانیان رادەپەڕێنن.

هەڵۆ رەمشتی وتی “دوای برینداربوونم‌و لەدەستدانی دەستێكم، زوهرە هەمیشە هاوكارمە لە ئیشوكاری ماڵەوەو جێبەجێكردنی ئەركە سەربازیەكانیشمدا”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری