بەر لە جەژنی نەورۆز هەڵمەتی پێشوەختە ئەنجامدەدرێت

March 18, 2017 at 7:29 pm

كەركوك/18-3ی 2017، فەرماندەی پۆلیسی كەركوك پلانی رۆژانی جەژنی نەورۆز رادەگەیەنێت فۆتۆ: شڤان محەمەد

شڤان محەمەد
فەرماندەی پۆلیسی كەركوك دەستگیركردنی 200 كەسی لە مانگی ئازاردا راگەیاند، لەگەڵ جەختكردنەوە لە دانانی پلانێكی “تۆكمە” بۆ رۆژانی نەورۆزو دەستپێكردنی هەڵ/ەتی پێشوەختە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لەكاتی چوونیان بۆ شوێنە گەشتیارییەكان.

عەمید خەتاب عومەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە هاوبەشی لەگەڵ شوان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی ناوشار، باسی پلانی ئەمنی رۆژانی جەژنی نەورۆز كرد‌و لەو بارەیەوە دڵنیایی دایە هاولاتیان.

خەتاب عومەر وتی “لەپێناو پاراستنی ژیانی هاوڵاتیاندا پلانێكی ئەمنی تایبەتیان بە رۆژانی نەورۆز لەناوەو دەرەوەی شار داڕشتووەو هێزە ئەمنییەكانیش بەكارامەیی ئەركەكانیان رادەپەڕێنن‌و هەڵمەتی پێشوەختە ئەنجامدەدەین”.

هەر لە كۆنگەرەكەدا ئاماری چالاكییەكانی ئەم مانگەی هێزە ئەمنییە جیاوازەكانی كەركوكی راگەیاندو وتی “هەردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك 135 كەسی داواكراویان دەستگیركردووە، پۆلیسی قەزاو ناحیەكانیش 28 كەس، بازگەكانی كەركوك 21 كەس‌و  بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری 22 كەس، پۆلیسی ناوشار 12 كەس، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگاكانی پێنج كەس‌و هێزی سواتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بە هاوكاری ئەمنی نیشتیمانی پێنج كەس، كە تەواویان داواكراوبوون”.

بەشێك لەوانەی دەستگیركران بەتۆمەتی “تیرۆر”و بەشێكی ترین “دزیكردن‌و هەڵكوتانە سەر ماڵان”.

هاوكات عەقید شوان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشاری كەركوك، داوای لەهاوڵاتیان كرد پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆبن لەڕۆژانی نەورۆزدا.

هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا داوا لەهاوڵاتیان كرا لەكاتی بوونی هەر حاڵەتێكی نامۆ هێزە ئەمنییەكان ئاگاداربكەنەوەو بڕیاریشدرا هەڵمەتی گەڕان‌و پشكنینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری