عیراق نایەوێت لە ئاستی‌ نێودەوڵەتیدا‌ پاڵپشتی‌ دۆسیەی كۆمەڵكوژی‌ ئێزیدییەكان بكات، ئەمە هۆكارەكانیەتی!!

March 19, 2017 at 4:28 pm

شەنگال، ئابی 2014، ئاوارەبوونی سەدان خێزانی ئێزیدی بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە

خدر دۆمڵی‌
لەم ماوەیەی دواییدا بە گرنگییەوە گەڕانم بۆ كۆمەڵێك بڕیار‌و لێدوان‌و كۆمێنت كردووە كە تایبەت بوون بە هەڵوێستی‌ نوێنەری‌ عیراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان‌و نەبوونی‌ ئارەزوویەكی‌ راستەقینە بۆ هاوكاریكردن لە دانپێدانان بە دۆسیەی‌ كۆمەڵەكوژی‌ ئێزیدییەكان، پێشتر لە چەند روویەكەوە بەدواداچوونم بۆ ئەم پرسە كردبوو، بۆیە گەیشتمە كۆمەڵێك بیرۆكە كە حكومەتی‌ عیراق نایەوێت پاڵپشتی‌ ئەو داواكارییە بكات كە دەیخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی‌ گەورە‌و زۆر، ئەمەش مانای‌ ئەوەیە لەو بابەتە هەڵدێت كە ئەمەش هۆكار‌و پاڵنەری‌ بەرژەوەندیی روونی‌ لەپشتەوەیە.

لە بەدواداچوونێكی‌ بەپەلەی‌ ئەو كەیسەدا كە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی‌ سەرقاڵ كردووە، دەبینین حكومەتی‌ عیراق، كە خۆی‌ لە ئەنجومەنی‌ وەزیران دەبینێتەوە، لەو كاتەوەی‌ بەیاننامەیەكی‌ تایبەتی‌ بڵاوكردەوە سەبارەت بەو تاوانانەی‌ بەرامبەر كەمینەكان‌و ئێزیدییەكان ئەنجامدرا كە ئەو تاوانە كۆمەڵكوژی‌ بوون لە كۆتاییەكانی‌ 2014‌و دواتر ناساندنی‌ شەنگال وەك ناوچەیەكی‌ كارەساتبار لەلایەن ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراقەوە لە هاوینی‌ 2016، هیچ هەڵوێستێكی‌ تر بە ئاشكرا لە بارەی‌ ئەو دۆسیەیەوە بەدیناكرێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە بەشێك لە بەرپرسان هەندێك هەڵەیان لە وردەكاری‌ كەیسی‌ جینۆسایدا كردووە، لەلایەن بەرپرسانی‌ عیراقەوە موزایەدەی‌ راگەیاندن بڵاودەكرێتەوە، بۆ نموونە ئەوان دەڵێن ناوی‌ ئەو ژنانەیان رادەستی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كە لەلایەن داعشەوە رفێنراون (ئەمەش لە بەر رۆشنایی سەردانی‌ ئەم دواییەی‌ نوێنەری‌ نەتەوە یەكگرتووكان بۆ تووندوتیژی‌ سێكسی، زەینەب هاوا بنجۆرا).

لەلایەكی‌ ترەوە ئەگەر بەدواداچوون بۆ كەموكوڕییەكانی‌ حكومەتی‌ عیراق بكەین دەربارەی‌ دۆسیەكە‌و پێدانی‌ گرنگییەكی‌ زۆر پێی بەوپێیەی‌ ئێزدییەكان ئەو پێكهاتەیەن كە زۆرترین قوربانییان داوە لە هێرش‌و داگیركارییەكانی‌ داعش بۆ سەر ناوچەكانیان لە شەنگال‌و باشیك‌و بەحزانی لە رۆژی‌ 3ی‌ ئابی‌ 2014و بەوهۆیەوە بەهەزاران كەس بوونە قوربانی‌، ئێزیدییەكان زۆرترین زیانیان بەرەكەوتووە لە ژمارەی‌ قوربانییەكان لەروویی دەروونی‌و كۆمەڵایەتی‌و جوگرافی‌و ئابورییەوە، بۆیە ئەگەر تێبینی بكەین بەو هیوایەی‌ بۆچوونەكانم راستنەبن، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی‌ كارەكانی‌ لیژنەی‌ ئاشتەوایی سەر بە نوسینگەی‌ سەرۆك وەزیران یان ئەنجومەنی‌ وەزیران‌و گرنگی‌ بە وێنەی‌ راستەقینەی‌ دۆسیەی‌ كۆمەڵكوژی‌ ئێزدییەكان نادات، بەڵكو پلان‌و بەرنامە‌و پرۆژەی‌ داناوە بۆ بەرەوپێشچوونی‌ ئاشتەوایی، هیچ نوێنەرایەتییەكی‌ راستەقینە یان هیچ تێڕوانینێكی‌ راستەقینەی‌ لیژنەكە نیە لە بارەی‌ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی‌ كۆمەڵكوژی‌و بەدیهێنانی‌ دادپەروەری‌ بۆ قوربانییەكان، بەوپێیەی‌ گرنگترین دۆسیەیە بۆ هەر پرۆژەیەكی‌ ئاشتەوایی نیشتیمانی‌ لە عیراق.. لەم رووەوە ئامادەبوونی‌ ئێزدییەكان بەدیناكرێت لە چارەسەرەكان كە لە سەر ئاستی‌ باڵا‌و خوارەوە گفتوگۆی‌ لەسەر دەكرێت.

روویەكی‌ تری‌ گرنگی‌ بابەتەكە ئەوەیە كە دەكرێت بیبەستینەوە بە تێڕوانینی راستەخۆی‌ حكومەتی‌ عیراق كە بریتیە لە پلانی‌ ستراتیژی‌ تایبەت بە داهاتووی‌ نەینەوا دوای‌ لەناوبردنی‌ رێكخراوی‌ داعش كە لەلایەن نوسینگەی‌ پارێزگاری‌ نەینەوا -ەوە دانراوە‌و ئێمەش بینیومانە، ئەویش هیچ وردەكارییەكی‌ لە بارەی‌ كۆمەڵكوژی‌ ئێزدییەكانەوە تێدانییە؟ بۆیە نازانم چۆن ئاسایش‌و پەرەپێدان بەدیدێت لە پارێزگای‌ نینەوا بەبێ ئەوەی‌ دادپەروەری‌ بۆ قوربانیانی‌ كۆمەڵكوژی‌ تایبەت بە ئێزیدییەكان‌و كەمینە ئاینی‌و ئیتنیی‌و نەتەوەكانی‌ نەینەوای‌ تێدانەبێت؟ بەبێ ئەوەی ئەم دۆسیەی‌ گرنگییەكی‌ ئەوتۆی پێدرابێت لە پلانە ستراتیژی‌و ناستراتیژییەكانی‌ تایبەت بە سەقامگیری‌و داهاتووی‌ نەینەوا.

بابێینە سەر هۆكارە سەرەكییەكانی‌ خۆدزینەوەی‌ عیراق لە پاڵپشتی‌ ئەو هەوڵانەی‌ كە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دەیدەن بۆ كردنەوەی‌ دۆسیەكە، لەلایەن رێكخراوی‌ یەزدا‌و پارێزەر ئەمەل كڵۆنی‌ لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆچی‌ عیراق پشتیوانی‌ لە هەوڵەكانی‌ ئەو چالاكوانانە ناكات لەوبارەیەوە لە ناو عیراق‌و ئەوروپا‌و نەتەوە یەكگرتووەكان، هۆكارەكان ناوخۆیین پێش ئەوەی‌ دەرەكی‌ بن، هۆكارەكان بەرژەوەندین پێش ئەوەی‌ مەبدەئی بن، ترسە لە تێوەگلانی‌ چەندین ناو لەو كەیسە ئاڵۆزەدا، كە یەكەمیان بریتیە لە چەندین سەركردە‌و پیاوماقوڵ‌و كەسایەتی‌ كۆمەڵایەتی‌ ئەو ناوچانەی‌ كە هەزاران ژنی‌ تێدا بە كۆیلەكرا‌و رفێنران‌و دەستدرێژییان كرایەسەر‌و كوشتنی‌ هەزاران پیاو و منداڵ تێیاندا روویدا، حكومەتی‌ عیراق نایەوێت زیانەكانی‌ لە ئەستۆ بگرێت.

سەرەڕای‌ ئەمەش خۆدزینەوەی‌ عیراق بەمانای‌ ئەوە دێت كە نایەوێت لێكەوتە یاساییەكان‌و بەرپرسیارێتی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە ئەستۆ بگرێت، ئەمەش دوای‌ دەرچوونی‌ هەر بڕیارێك سەبارەت بە كۆمەڵكوژی‌ لە هەر دامەزراوەیەكی‌ نێودەوڵەتی‌، هەورەها پاڵپشتیكردنی‌ دۆسیەكە‌و لێكۆڵینەوە تێیدا لەلایەن ئەنجومەنی‌ ئاسایشەوە بەمانای‌ ئەوە دێت كە دۆسیەكە لە چوارچێوەی‌ ئیرادەی‌ نێودەوڵەتی‌ دەمێنێتەوە‌و عیراق ناتوانێت دەستی‌ تێوەربدات بەمەبەستی‌ گۆڕینی‌ رێڕەوی‌ دۆسیەكە.

هۆكاری‌ دووەمیش كە هۆكارە گرنگەكەیە ئەوەیە، عیراق دەترسێت لە گواستنەوەی‌ دۆسیەی‌ كۆمەڵكوژی‌ بەبێ ویستی‌ خۆی‌ تاوەكو ببێت بە تایبەتمەندی‌ لایەنێكی‌ نێودەوڵەتی‌ بەهۆی‌ كاریگەری‌ زۆری‌ دۆسیەكە لەسەر كەسانێكی‌ زۆر لە سەركردە‌و كەسایەتی‌و بەرپرسان، ئەمەش بەرژەوەندییان دەخاتە مەترسییەوە یان روبەڕوی‌ لێپێچینەوە‌و لێكۆڵینەوە دەبنەوە، كە ئەمەش لەلایەن چینی دەسەڵاتدارەوە لە بەغدا وەك سوكایەتی‌ بۆ سەرەوەی‌ دەوڵەتی‌ عیراق دەبینرێت.

لایەنێكی‌ تر دەمێنێتەوە كە ئەویش یەكێكە لە هۆكارە گرنگەكان‌و بەوهۆیەوە حكومەتی‌ عیراق خۆی‌ لە پاڵپشتیكردنی‌ لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە تاوانی‌ كۆمەڵكوژی‌ ئێزیدییەكان لە ئاستی‌ نێودەوڵەتی‌و دادپەروەری‌ بۆ ئێزیدییەكان دەدزێتەوە، ئەوەیە كە وەك بیانوویەك بەكاریدەهێنێت بۆ هەڕەشەكردنی‌ لەلایەنی‌ سوننی ئەگەر هاوكاری‌ نەكەن لە پاڵپشتیكردن لە بیروبۆچونەكانی‌ حكومەتی‌ عیراق بۆ قۆناغی‌ دوای‌ لەناوبردنی‌ داعش لەروی سەربازییەوە، ئەگەر ئەوە نەكەن ئەوا روبەڕوی‌ لێپرسینەوە دەبنەوە‌و پێویستە ئەو باجە بدەن كە ئێزیدییەكان بەسەریاندا هات‌و بەشێكیان تائێستاش بەردەوامە.

* لە وتاری‌ داهاتوودا ئەو هەوڵانە چین كە لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمەوە دەیدات سەبارەت بەم دۆسیەیە؟

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن