گەڕەكێكی موسڵ كۆنتڕۆڵكرایەوە‌و چەند سەركردەیەكی داعش كوژران

March 19, 2017 at 8:33 pm

موسڵ، 19ی شوباتی 2017، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا بۆردومانی داعش دەكەن فۆتۆ: رۆیتەرز

كەركوك ناو
هێزە عیراقییەكان، كۆنتڕۆڵكردنەوەی چەند ناوچەیەك لە موسڵ‌و كوژرانی ژمارەیەك سەركردەی داعش رادەگەیەنن، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامی قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەكاندا.

شانەی راگەیاندنی جەنگی لە زاری عەبدولئەمیر رەشد، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی “واهاتین نەینەوا” ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، كە هێزەكانی دژەتیرۆر توانیویانە گەڕەكی نابلس لەبەری راستی موسڵ كۆنتڕۆڵبكەنەوە.

هەروەها لە شوێنە جیاوازەكانی سنوری موسڵ چەندین باڵەخانە‌و ناوچەی تر كۆنتڕۆڵكراونەتەوە، پێشڕەوییەكانیش بۆ ژمارەیەك گەڕەك بەردەوامی هەبووە.

هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیش، وەكو خۆیان بڵاویانكردۆتەوە لە فەیسبووك زۆر نزیكبوونەتەوە لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی مزگەوتی نوری‌و منارەی مێژوویی حەدبا، ئەو مزگەوتەی ئەبوبەكر بەغدادی لە ساڵی 2014دا خەلافەتی تێدا راگەیاند.

ئەمڕۆ یەكشەممە پۆلیسی فیدراڵی، لە بەیاننامەیەكدا كوژرانی حسان شیت جبوری، بەرپرسی دیوانەی حەسەبەی داعشی لە ناوچەی باب سجن لە موسڵ راگەیاندووە.

هاوكات وەزارەتی بەرگری عیراق ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، كە فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە پشتبەستن بە زانیاری وردی هەواڵگری زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانییان دژی داعش ئەنجامداوە‌و بەهۆیەوە شەش سەركردەی ئەو رێكخراوە كوژراون كە زۆرینەیان خەڵكی عیراق نین.

قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، 19ی مانگی رابردوو دەستیپێكرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری راستی شارەكە، دوای ئەوەی بەری چەپ لە 24-1ی ئەمساڵ بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە.

ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی موسڵ لە رێكخراوی داعش، 17ی مانگی 10ی ساڵی رابردوودا دەستپێكرد بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە‌و هێزە عیراقییەكان‌و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆرینەی ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە لەئێستادا شەڕ لە ناوەندی موسڵە‌و چەندین گەڕەك كۆنتڕۆڵكراونەتەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری