روانگەی عیراقی: زیاتر لە نیو ملیۆن مەدەنی روبەڕوی مەترسی مردن بونەتەوە

March 19, 2017 at 10:02 pm

رۆهەڵاتی شاری موسڵ، تێپەڕینی هاوڵاتیان بە پردێكی رووخاودا لە گەڕەكی سوكەر فۆتۆ: UNHCR/Ivor Prickett

كەركوك ناو
روانگەی عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، نیگەرانی دەردەبڕێت بۆ بارودۆخی دانیشتوانی بەری راستی موسڵ‌و ئاشكرایدەكات، كە زیاتر لە نیو ملیۆن مەدەنی بەهۆی توندی شەڕەوە روبەڕوی مەترسی مردن بونەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەیاننامەیەكدا روانگەی عیراقی، هۆشداریداوە لەوەی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانی موسڵەوە لە هەڵكشاندایە‌و ژیانی زیاتر لە 500 هەزار هاوڵاتیش، هێشتا لە بەردەم مەترسی مردندایە.

رونگەكە لە زاری سەرچاوەیەكی پزیشكیەوە كە هێشتا لە موسڵی كۆن نیشتەجێیە بڵاویكردۆتەوە، كە خەڵك رۆژانە شەڕێكی زۆر توند دەبینێت، لە دۆخێكی زۆر خراپی دەرونیدان، زۆربەیان تووشی شۆك بوون بەهۆی بڵاوبونەوەی تەرم‌و مەترسی روخانی خانووەكان بە سەریاندا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەداوە كە هەفتەی رابردوو داعش خێزانێكی تەواوی لە سێدارەداوە بەهۆی ئەوەی ویستوویانە هەڵبێن.

بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی‌ هاوڵاتی مەدەنی‌ لە بەری‌ رۆژئاوا (راستی)‌ شاری‌ موسڵ بە 750 بۆ 800 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت‌و پێشبینی ئاوارەبوونی 250 هەزاریان دەكرێت، هۆشداریش دەدرێت لەوەی ژیانیان لەمەترسیدایە بەهۆی پێكدادانەكانەوە.

روانگەی عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ رونیكردۆتەوە، كە بەشێك لە بۆردومان‌و هێرشی هێزە شەڕكەرەكان‌و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەهۆی ئەوەی وردنین‌و ئامانجەكان ناپێكن، زیانی گیانی لە نێو خەڵكی مەدەنیدا زیاتر كردووە.

چالاكواننان‌و كارمەندانی فریاگوزاری لە بەری راستی موسڵەوە بۆ روانگەی عیراقی باسیان لەوەكردووە، كە تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 40 مەدەنی كوژران، كاتێك داعش وەكو بەربەستی مرۆیی بەكاریهێناون.

لە سەرەتای شەڕی بەری راستی شاری موسڵەوە، زیاتر لە 153 هەزار كەس ئاوارەبوون‌و لەو ژمارەیەش، تائێستا زیاتر لە 98 هەزاریان لە كەمپەكاندا شوێنیان بۆ دابینكراوە، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی عیراق.

زیادبوونی ژمارە ئاوارەكان، هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ بەری‌ راستی‌ شاری‌ موسڵ، كە 19-2 دەستیپێكرد‌و تائێستا هێزە عیراقییەكان، چەند گەڕەك‌و ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵكردۆتەوە.

روانگەی عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ داوا لە فەرماندەكانی سوپای عیراق‌و هاوكارانی دەكات پابەندی یاسای نێودەوڵەتیە مرۆییەكان بن‌و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر تا مەترسی داعش لەسەر مەدەنی كەمتربكەنەوە.

ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، لە‌ 17ی‌ تشیرینی دووەمی‌ 2016 بەبەشداری‌ هێزە عیراقییەكان و هێزەكانی‌ پێشمەرگە دەستیپێكرد‌و بەهۆیەوە، رۆژانە سەدان خێزان ئاوارەی‌ ناوچە ئارامەكان دەبن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری