“باڵۆنی ئاواتەكان” هەڵدرا
ژمارەیەك گەنج بە فیستیڤاڵێك داوای پێكەوەژیان دەكەن لە كەركوك

March 20, 2017 at 12:55 pm

كەركوك، 19ی ئازاری 2017، هەڵدانی دەیان باڵۆن لەلایەن ژمارەیەك گەنجەوە بە ئامانجی پێكەوەژیان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی
فیستیڤاڵی هەڵدانی “باڵۆنی ئاواتەكان”، دوایین هەوڵی ژمارەیەك گەنجی شاری كەركوكە بۆ ئاشتی‌و پێكەوەژیان، ئەوەش بە بەشداری تەواوی پێكهاتەكان.

ئێوارەی دوێنێ‌ یەكشەممە، گروپی كۆكار لە پاركی پەپولە لە گەڕەكی شۆراو-ی شاری كەركوك، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامەكانی فیستیڤاڵی هەڵدانی “باڵۆنی ئاواتەكان”ی ئەنجامدا.

بێگەرد عەبدولقادر، ئەندامی گروپی كۆكار بە (كەركوك ناو)ی وت “هەڵدانی باڵۆنی ئاواتەكان لە ژێر ناوی ئاشتی‌و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەكانی كەركوك، هەروەها یادەكانی نەورۆز‌و ئادار بوو”.

كەركوك، 19-3-20147، تەواوی پێكهاتەكان لە هەڵدانی باڵۆنەكاندا بەشداربوون فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەو فیستیڤاڵە یەكەمجارە لە كەركوك بەرێوەبچێت، وەكو بێگەرد دەڵێت ئەو كەسانەی تێیدا بەشداربوون لە سەرجەم نەتەوەكانی شارەكە پێكهاتبوون.

گروپی كۆكار، لەمانگی شەشی ساڵی رابردووەوە لەلایەن ژمارەیەك گەنج لەپێكاتە جیاوازەكانی كەركوك پێكهێنراوە بەخۆبەخشی، بە ئامانجی خزمەتكردن‌و چالاكیی جۆراوجۆر.

ئەندامەكەی ئەو گروپە لە بارەی بەرنامەی داهاتوویانەوە باسی لەوەكرد، كە دەربارەی ژینگە دەبێت‌و بریتیە لە دابەشكردنی كیسەی خۆڵ و خاشاك لە سەیرانگاكاندا.

كەركوك، 19-3-2017، فیستیڤاڵەكە یەكەمجارە لە شارەكە ئەنجامبدرێت فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كۆكار لەئێستا دا 120 ئەندامی هەیە لە كەركوك چالاكی دەكەن، كە لە كورد، عەرەب، توركمان‌و كلدو ئاشور پێكهاتوون‌و بەشی هەرە زۆریان دەرچووی كۆلێژو پەیمانگەكانن، یان خوێندكاری زانكۆن.

گروپەكە بەشدارییان لەو كەمپینەشدا كردووە كە لەسەر ئاستی كوردستان بۆ كۆكردنەوەی جلوبەرگ‌و پێڵاو پێكهێنراوەو دواتر بەسەر كەسانی هەژارو كەمدەرامەتدا دابەشیدەكەن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن