لەسەرەتای شەڕی موسڵەوە 355 هەزار هاوڵاتی ئاوارەبوون

March 20, 2017 at 1:26 pm

رۆژئاوای موسڵ، ئازاری 2017، دەیان خێزان بەهۆی پێكدادانەكانەوە بەرەو ناوچە ئارامەكان هەڵدێن فۆتۆ: حەشدی شەعبی

كەركوك ناو
لەسەرەتای شەڕی موسڵەوە تائێستا، 355 هەزار كەس ئاوارەبوون‌و لەو ژمارەیەش 81 هەزاریان گەراونەتەوە بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی عیراق.

سایتی فەرمی ئەو وەزارەتە ئەمڕۆ دووشەممە لە زاری دەرباز محەمەد، وەزیری كۆچەوە بڵاویكردەوە كە لە دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە (زیاتر لە پێنج مانگ) 355 هەزار كەس لە ناوەندی شارەكە‌و ناوچەكانی دەوروبەریەوە ئاوارەبوون.

لەكۆی ئاوارەكانی موسڵ، وەكو ئەو وەزارەتە ئاماژەی پێداوە تائێستا 81 هەزار كەس گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەكانی خۆیان لە بەری چەپی موسڵ‌و ناوچەكانی باشوری نەینەوا.

ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، لە‌ 17ی‌ تشیرینی دووەمی‌ 2016 بەبەشداری‌ هێزە عیراقییەكان و هێزەكانی‌ پێشمەرگە دەستیپێكرد‌و بەهۆیەوە، رۆژانە سەدان خێزان ئاوارەی‌ ناوچە ئارامەكان دەبن.

وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی عیراق ئاشكراشیكردووە، كە لە سەرەتای شەڕی بەری راستی شاری موسڵەوە 181 هەزار كەس ئاوارەبوون‌و لەو ژمارەیە، تائێستا 111 هەزاریان لە كەمپەكاندا شوێنیان بۆ دابینكراوە‌و جێگیركراون، دەوروبەری 70 هەزاریشیان لەگەڵ كەسوكاریان لە بەری چەپی شارەكە نیشتەجێبوون.

زیادبوونی ژمارە ئاوارەكان، هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ بەری‌ راستی‌ شاری‌ موسڵ، كە 19-2 دەستیپێكرد‌و تائێستا هێزە عیراقییەكان، چەند گەڕەك‌و ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵكردۆتەوە.

دەرباز محەمەد جەختیكردۆتەوە كە لە هاوكاری لەگەڵ هاوبەشەكانیان لە توانایاندایە پێشوازی لە 100 هەزار ئاوارەی دیكە بكەن.

بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی‌ هاوڵاتی مەدەنی‌ لە بەری‌ رۆژئاوا (راستی)‌ شاری‌ موسڵ بە 750 بۆ 800 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت‌و پێشبینی ئاوارەبوونی 250 هەزاریان دەكرێت، هۆشداریش دەدرێت لەوەی ژیانیان لەمەترسیدایە بەهۆی پێكدادانەكانەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن