پێكهاتەكان پێكەوە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن

March 20, 2017 at 2:24 pm

كەركوك، كردنەوەی ئاگری نەورۆز ‌و ئاهەنگگێران فۆتۆ: ئەرشیفی كەركوك ناو

عومەر جەواد
نەورۆزی كەركوك، تەنیا لە نێو ماڵی كورددا نەماوەتەوە‌و پێكهاتەكانی دیكەش لەو رۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن، پێكەوە پێشوازی لە وەرزی بەهار دەكەن.

جەژنی نەورۆز، هەموو ساڵێك لە 21-3دا وەكو یەكەم رۆژی بەهار‌و ساڵی نوێی كوردی، بە ئاهەنگ‌و چوونە سەیرانگاكا بەرێدەكرێت، لەشاری كەركوكیش بەهۆی بەشداری پێكهاتەكانی ترەوە ئەو بۆنەیە جیاواز‌و گەورەتر دەردەكەوێت.

هیشام نعێمی، هاوڵاتییەكی پێكهاتەی عەرەبی كەركوك‌و پێیوایە جەژنی نەورۆز تەنیا بۆ كورد نییە، چونكە وەكو ئەو بۆ (كەركوك ناو) باسیكرد هەمو ساڵێك ئەوانیش بەشداری دەكەن.

“لەگەڵ پێكهاتەكانی تر بەشداری نەورۆز دەكەین، بە شێوەی گروپ گەنجانی ناوچە جیاوازەكان‌و پێكهاتەكان دەچینە ئاهەنگەكانی ئەو بۆنەیە، نەورۆز نیشانەیەكی زۆر روونی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە كەركوك”، هیشام وای وت.

بەهۆی نەورۆزەوە دوو رۆژ لەكەركوك كرایە پشوو، ئێوارەی ئەمڕۆ 20-3 لەسەر قەڵای شارەكە ئاگر وەكو هێمای ئەو جەژنە دەكرێتەوە‌و دواتر ئاهەنگگێڕان دەستپێدەكات، بۆ رۆژەكانی دیكەش خەڵك بە چوونە سەیران پێشوازی لە وەزری بەهار دەكەن.

هاوڵاتیان دوای ئاهەنگی نەورۆز دەچنە سەیرانگاكان فۆتۆ: ئەرشیفی كەركوك ناو

یەحیا شەمسەدین، وەكو هاوڵاتییەكی توركمانی كەركوك هەموو ساڵێك لەو رۆژەدا ئاهەنگ بۆ نەورۆز‌و هاتنی بەهار دەگێڕێت، دەڵێت ئەو جەژنە تایبەتمەندی لای خەڵك شارەكە هەیە بەوپێیەی كلتورێكی رۆشنبیرییە‌و وادەكات هەموان پێكەوە تێیدا بەشداربن.

ئەو هاوڵاتییە بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەم بۆنەیە بۆتە پردی پەیوەندی نێوان پێكهاتەكان‌و پاڵپشتی پێكەوەژیان‌و برایەتییان دەكات”.

ئاهەنگی‌و یادكردنەوەی نەورۆز، لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس (بەر لە ساڵی 2003) هەر قەدەغە بوو یان زۆر بەكەمی لە كەركوك ئەنجامدەدرا، لەدوای ئەو مێژووەوە تادێت گرنگی زیاتر بە بۆنەكە دەدرێت‌و فراوانتر دەكرێت.

یاقو خوشابا، هاوڵاتییەكی كرستیانە‌و كاری فۆتۆگرافەرە، لەو نەورۆزدا چاوی كامێراكەی لەسەر ئاهەنگ‌و بەرێكردنی ئەو یادەیە، تا دواتر لە پێشانگایەدا نیشانی خەڵكی بدات.

ئەو فۆتۆگرافەرە خۆی شاهیدی كۆبوونەوەی پێكهاتەكانە ل نەورۆزدا، بۆ (كەركوك ناو) باسی لەوەكرد كە چۆن ئەو بۆنەیە دەبێتە پاراستنی گیانی برایەتی‌و خۆشحاڵی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك، تا ببنە نمونەیەكی جوان بۆ وەزری بەهار كە ئاشتی‌و خۆشەویستی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

ئاهەنگەكانی نەورۆز لە كەركوك، ئامادەكاری بۆ كراوە‌و هێزە ئەمنییەكانیش لە رۆژانی رابردوودا، دڵنیایی پاراستنیان دایە هاوڵاتیان لەرێی دانانی پلانێكەوە، بە ئامانجی بەرێخستنی ئەو یادە بەبێ‌ هیچ زیان‌و رووداوێك.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری