هێزە عیراقییەكان: زیاتر لە 80 چەكداری داعش كوژران

March 20, 2017 at 6:46 pm

رۆژئاوای شاری موسڵ، ئازاری 2017، هێزەكان لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی منارەی حەدبا نزیكبوونەتەوە فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

كەركوك ناو
هێزە عیراقییەكان، ئەمڕۆ كوژرانی زیاتر لە 80 چەكداری داعش‌و تەقاندنەوەی چەندین ئۆتۆمبێلیان راگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵدا.

رائید شاكر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد كە لە پێشڕەوی هێزەكانیاندا، 36 چەكداری داعش كوژراون‌و 13 تانك‌و ماتۆڕی بۆمبڕێژكراویش تەقێنراونەتەوە.

هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی، لەچەندین بەرەوە هێرشەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی مزگەوتی نوری‌و منارەی مێژوویی حەدبا چڕكردۆتەوە، ژمارەیەكی زۆر لە باڵەخانە‌و یەكە نیشتەجێبووەكانی ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی داعش دەرهێنراون.

وەزارەتی بەرگری عیراقیش ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، كە فرۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و هێزی ئاسمانی عێراقی توانیویانە لە زنجیرەیەك هێرشدا چەند پێگەیەكی داعش بكەنە ئامانج.

بەپێی بەیاننامەكە بەهۆی ئەو هێرشانەوە 47 چەكداری داعش كوژراون‌و پێنج ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو تەقێنراوەتەوە، ئەوەش لە چەند گوندێكی سەر بە قەزای تەلەعفەر‌و شەنگال لەسنوری پارێزگای نەینەوا.

قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، 19ی مانگی رابردوو دەستیپێكرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری راستی شارەكە، دوای ئەوەی بەری چەپ لە 24-1ی ئەمساڵ بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە.

ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی موسڵ لە رێكخراوی داعش، 17ی مانگی 10ی ساڵی رابردوودا دەستپێكرد بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە‌و هێزە عیراقییەكان‌و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆرینەی ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە لەئێستادا شەڕ لە ناوەندی موسڵە‌و چەندین گەڕەك كۆنتڕۆڵكراونەتەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری