بەوێنە: خوێندكارانی پێكهاتەكانی كەركوك لە فیستیڤاڵێكی بەهاردا

April 10, 2017 at 4:32 pm

كەركوك، 10-4-2017، هەڵپەڕكێی خوێندكارانی پێكاتە جیاوازەكان لە فیستیڤاڵێكی بەهارەی قوتابخانەكەیاندا فۆتۆ: محەمەد باوایی

محەمەد باوایی
قوتابخانەی جاغی نمونەیی كوڕان، لە فیستیڤاڵێكی بەهاریدا خوێندكارانی پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوكی بە جلی نەتەوەیی تایبەت بەخۆیان كۆكردەوە، تا پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە شارەكە نیشانبدەن.

فیستیڤاڵەكە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 10-4 لەو قوتابخانەیەی كەركوك، بە بەشداری خوێندكاران لەهەمو پێكهاتەكان دەستیپێكرد‌و تێیدا جگە لە هەڵپەڕكێ‌‌و دروستكردنی كۆمەڵێك خواردنی نەتەوەكان، نمایشی كەل‌وپەلی كۆن‌و كلتووری كرا لەگەڵ كردنەوەی پێشانگایەكی زانستیدا.

سوهێب حسێن، خوێندكارێكی پێكهاتەی عەرەبی قوتابخانەكەیە‌و بۆ (كەركوك ناو) باسی بەوەكرد كە چۆن وەكو برا هەموو نەتوەكان پێكەوە بەشدارن‌و داوایكرد “ئەم فیستیڤاڵە ساڵانە لەلایەنێكی فەرمی‌و لە شوێنێكی گشتیدا ئەنجامبدرێت”.

محەمەد فاتیح، خوێندكارێكی توركمانە‌و پێیوایە ئەو بۆنەیە هەموو ساڵێكە برایەتی نێوانیان زیاتر دەكات‌و رێنادات ببنە دوژمنی یەكتری، جگە لەوەش “وادەكات بزانین چ هەماهەنگی‌و جیاوازییەك هەیە لە نێوان كلتوورەكانماندا”.

ئەریوان سەلیم، وەكو خوێندكارێكی كورد گرنگی فیستیڤاڵەكە لەوەدا دەبینێت كە یەكڕیزی‌و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان زیندوتر رادەگرێت‌و پتەوی دەكات، ئومێدی هەیە لە دەرەوەی قوتابخانەكانیش ئەو جۆرە چالاكییانە هەبێت.

پەروین خالید، بەرێوەبەری سەرپەرشتیاری پسپۆڕی بۆ (كەركوك ناو) ئاماژەی بەوەدا كە چالاكییەكانی ئەو فیستیڤاڵە مانای پێكەوەژیان دەگەیەنن‌و وادەكات، خوێندكاران هەستنەكەن جیاوازی لەنێوان نەتەوەكاندا هەیە‌و هانی پێكەوە كاركردن دەدات لەداهاتوودا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری