حكومەتی هەرێم پەنا بۆ بەغدا دەبات
هەوڵەكانی بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزیدییەكان بە سیستی دەڕوات

April 15, 2017 at 7:58 pm

5ی ئازاری 2017، قەزای شەنگال، خێزانە ئێزیدییەكان بەهۆی شەڕەوە ناوچەكانیان جێهێشتووە فۆتۆ: مەروان رەسام

فەرمان سادق
حكومەتی هەرێم بۆ بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزیدییەكان پەنا بۆ بەغدا دەبات، هەرچەندە هەوڵەكان بۆ ئەو مەبەستە بە سیستی دەڕوات كە زیاتر لە هۆكارێكی هەیە.

هانی بەغدا دەدەن
لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزیدییەكان ئامادەكاریی دەكات بۆ ناردنی نامەیەك بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، دواتر رەوانەكرنی وەفدێك بۆ بەغدا، ئەوەش بۆ هاندانیان لە پرسی بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزیدییەكان.

حوسێن قاسم شنگالی، وتەبێژی لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزیدییەكان بە (كەركوك ناو)ی وت “لەم مانگەدا لیژنەی باڵا نامەیەك بۆ عەبادی دەنێرێن‌و وەفدێكیش دەچێتە بەغدا، بۆ ئەوەی حكومەتی عیراق رێگەبدات لیژنەیەكی پسپۆڕی بواری جینۆساید بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەردانی عیراق بكەن‌و لێكۆڵینەوە لە كەیسی جینۆسایدی ئێزدییەكان بكەن”.

ئێزدییەكان روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ‌و راوەدونان‌و پێشێلكاری بوونەوە بەدەستی چەكدارانی داعش، دوای ئەوەی ئەو رێكخراوە، لە ئابی 2014 قەزای شەنگال‌و دەوربەری كۆنترۆڵكرد. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هاوپەیمانی كەمینەكانی عیراق داعش شەش هەزارو 255 ئێزدیی رفاندووەو سەدا 59 ئەو ژمارەیە رزگارییان نەبووە، كە هەزارو 940یان ژنن‌و لەناو ئەو رێكخراوەدا وەكو كەنیزەك مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە.

“ئێزدییەكان خوازیارن لەڕووی یاساییەوە‌و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كەیسەكەیان بە جینۆساید بناسێنرێت”

 

كەیسی ئێزدییەكان كاردانەوەی ناوخۆیی‌و جیهانی بەدواداهات‌و دانپێدانان‌و پشتگیری نێودەوڵەتی هەیە بۆ بە جینۆسایدناساندنی كەیسەكە، لەوانە كۆنگرێسی ئەمریكا‌و پەرلەمانی ئەوروپاو چەندین وڵاتی دیكەش، بەڵام ئێزدییەكان خوازیارن لەڕووی یاساییەوە‌و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە جینۆساید بناسێنرێت.

حوسێن شەنگالی كە هاوكات ئەدامی لیژنەكەیە وتی “بۆ ئەمە پێویستمان بەحكومەتی عیراق هەیە، چونكە هەرێمی كوردستان وڵاتێكی سەربەخۆ نییە”، ئەوەشی بە هۆكاری پەنابردن بۆ بەغدا ناوبرد. وتیشی “دەمانەوێت عیراق ببێتە ئەندام لە لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری بێسەروشوێنان  (ICMP)، یان وەزارەتی دەرەوەی عیراق داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان بكات لەڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە وەفدێكی تایبەتمەند سەردانی كوردستان بكەن”.

پێشتر ڤیان دەخیل، پەرلەمانی ئێزیدی لە پەرلەمانی عیراق داوای لە عەبادی كردووە عیراق ببێتە ئەندامی پەیماننامەی رۆما، یان رێگەبدات  تا لیژنەیەكی تایبەت رەوانەبكرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەو پرسە.

“نامەیەكم بە 10 هەزار واژۆوە دایە دەست عەبادیی‌و نەتەوەیەكگرتووەكان”

 

دەخیل وتی “هەشت مانگ لەمەوبەر بە 10 هەزار واژۆوە ئەو داواكارییەم كرد، تەنانەت هەمان داوام لە نەتەوەیەكگرتووەكانیش كرد”.

عەبادی زارەكییەن لەسەر داواكارییەكان رەزامەندی نیشانداوە، بەڵام دەخیل دەڵێت “لەبەر هەندێك پرسی سیاسی عیراق نایەوێت ببێتە ئەندام”.

“هەوڵەكان پەرت‌وبڵاون”
ڤیان دەخیل پێیوایە هەوڵەكان بۆ بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزدییەكان پەرت‌وبڵاون، بۆ ئەوەش نمونەی بێئاگایی خۆی دەهێنێتەوە لەو هەوڵەی لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزدییەكان.

“تەنانەت ئاگاداری كاروباری لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزیدییەكانیش نیم… زۆر ئیش بە پەرتوبڵاوی دەكەین، بۆ نمونە تائێستا نازانم ئەو لیژنەیە كێن! كەسیان ناناسم”، دەخیل وای وت.

پێشیوایە كەمتەرخەمییەكە لەهەردوولاوەیە، وتی “بۆیە نابێت رەخنە لە عەبادی بگرین كە هیچی بۆ كەیسی ئێزیدییەكان نەكردووە، سەرەتا دەبێت رەخنە لە خۆمان بگرین… من نامەوێت بە تەنیا ئەو كارە بكەم بەڵكو دەمەوێت هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدات‌و لە من خەمی زیاتر لێ بخوات”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند هەوڵێكی تریداوە بۆ كەیسی ئێزدییەكان، لەوانە هەوڵدان بۆ دروستكردنی دادگایەكی تایبەت بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو كەیسە لە ئاستی ناوخۆی هەرێم‌و كاركردن لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش دوای بێئومێدبوونی جوڵاندنی  ئەو كەیسە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هات، بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی شەهیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

حوسێن شەنگالی وتی “هەوڵێكی دیكەی حكومەتی هەرێم ئەوەیە لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، لیژنەكەمان لەگەڵ كونسوڵی وڵاتانی بیانی لە هەرێم كۆببێتەوە بۆ ئەو پرسە”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری