(كەركوك ناو) وەك مینبەرێكی میدیایی بۆ هاوڵاتییانی “ناوچەی جێناكۆك” لە عیراق دەستبەكاردەكاتەوە

April 17, 2017 at 10:51 am

كەركوك/10-4ی 2017/ خوێندكاران لە فیستیڤاڵێكدا بە جلی نەتەوەییەوە داوای پێكەوەژیانی ئاشتییانەیان كرد لە شارەكەیان فۆتۆ: محەمەد باوایی

سه‌لام عومه‌ر – سه‌رنوسه‌ری كه‌ركوك ناو

هێشتا “ناوچەی جێناكۆك” لە عیراق وەك بابەتێكی زۆر گرنگ  بۆ ئاشتیی و ئۆقرەیی لە وڵاتدا لێی دەڕوانرێت، ئەم ناوچانە لە سەردەمی ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن-ەوە لە ساڵی 2003دا بونەتە چەقی بایەخپێدان، لەوەش گرنگتر لەوكاتەوەی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عیراق و شام (داعش) ناوچەیەكی بەرفراوانی لە باكور و خۆرئاوای عیراق لە ساڵی 2014 كۆنترۆڵ كرد؛ (كەركوك ناو)، تاكە پێگەی هەواڵیی سەربەخۆیە كە كاردەكات بۆ بنیاتنانی پردی بەیەكگەیشتن لە نێوان هاوڵاتیاندا و سەدای ئەوانەیە كە دەنگیان ناگاتەجێ‌ لەو ناوچانە.

(كەركوك ناو) ماڵپەڕێكی هەواڵییە كە ئەو چیرۆكە هەواڵ و ڕوداوانە ڕوماڵ دەكات كە لە “ناوچەی جێناكۆك”دا ڕوودەدەن. ئامانج لەم پڕۆژەیە فەراهەمكردنی توانستی دەستڕاگەیشتنە بە زانیاریی  ڕاست و بێلایەن بە هەموو ئەو زمانانەی لە باكووری عیراق قسەیان پێ‌ دەكرێت و بریتیین لە عەرەبی، كوردیی و توركمانی. لەو ڕێیەوە، هیوا دەخوازین یارمەتی هاووڵاتییان بدەین  لە دیالۆگێكی بنیاتنەردا بەشداربن كە ببێتە هۆی تێگەیشتنێكی هاوبەش و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوانیاندا. سەرەڕای ئەوەش، (كەركوك ناو) وەك مینبەرێك كاردەكات بۆ  گەیاندنی زانیاری بۆ هاووڵاتیانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەددین بە ئامانجی خستنەڕووی نیگەرانییەكانیان بۆ لێپرسراوانی خۆجێیی و لێپێچینەوە لەگەڵ كەمتەرخەمەكان.

“ناوچەی جێناكۆك”یش ئەو ناوچانەن كە ماددەی 140 لە دەستوری وڵاتدا سنووركێشییان  بۆ دەكات و تائێستا ئایندەیان لە نێوان بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریان لـێ‌ نەدراوە. پارێزگای كەركوك و چەند ناوچەیەك لە پارێزگاكانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەددین و چەند پارێزگایەكی دیكە بە “ناوچەی جێناكۆك”، دادەنرێن.

كەركوك/22-3ی2017/ ژمارەیەك منداڵی ئاوارە لە رۆژی جیهانی ئاودا، دەبەكانیان لەسەرەدا داناوە بۆ ئەوەی ئاوی خواردنەوە بەدەستبخەن، لەیەكێك لە كەمپەكانی پارێزگاكە فۆتۆ: كەركوك ناو

لە نیسانی 2011دا،  ماڵپەڕی (www.kirkuknow.com) ،وەك تاكە دەزگای میدیایی سەربەخۆی سەر تۆڕی ئینتەرنێت كە پەرەسەندنەكان لە سەرتاسەری پارێزگای كەركووكدا ڕووماڵ دەكات؛ دەستبەكاربوو، سەرباری پێشهاتەكانی پەیوەست بە كەركوكەوە بە هەر سێ زمانە سەرەكییەكەی پارێزگاكە: عەرەبی، كوردیی و توركمانی، هەروەها بە زمانی ئینگلیزییش هەواڵەكانی بڵاو دەكردەوە. ئەوەش لەو سۆنگەیەوە كە ئەو ناوچانەی (كەركوك ناو) ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەكانیان دەكات؛ زێدی عەرەب، كورد، توركمان، كلدان، ئاشووریی، سوننە، شیعە، كریستیان، ئێزدیی، شەبەك و گروپەكانی دیكەن. لە نێو ئەو بابەتانەی كە (كەركووك ناو) ڕووماڵیان دەكات، بابەتگەلێك هەن وەك:
-پەرەسەندنەكانی جەنگ دژی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش)
-كێشەكانی ژنان
-پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان گرووپە جیاوازەكان لە “ناوچەی جێناكۆك”
-مەینەتییەكانی پەنابەران و ئاوارەی ناوخۆ
-دوایین پەرەسەندنەكانی قۆناغی دوای داعش
-پەروەردە و چەندین بابەتی تر:

نێرگز قادر، پەیامنێری فریلانسی (كەركوك ناو)

لەپاڵ ماڵپەڕە ئەلكترۆنییەكەدا، (كەركوك ناو)، ناوەڕۆكی بابەتەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك فەیسبووك و تویتەر بڵاودەكاتەوە. ئەو بابەتانەی كە لە لاپەڕەكانی (كەركوك ناو) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەبنەوە ژیانی ڕۆژانەی خەڵك، بارودۆخی پەنابەران و ئاوارەی ناوخۆ، كێشەكانی ژنان و ژیانی كەمینەكان لەخۆدەگرن. هەروەك لاپەڕەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی (كەركوك ناو)دا بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت لە گەنجان لە پاشخانە جیاوازەكانەوە بە ئامانج دەگرێت.
بۆ بەدیهێنانی ڕوانینی (كەركوك ناو)، ماڵپەڕەكە بەم دواییە ستراتیژێكی درێژخایەنی داڕشت بۆ بەكارهێنانی هۆكارەكانی ڕاگەیاندنی دیجیتاڵی وەك ئامرازێك بۆ پتەوكردنی ئاشتیی. ڕێكخراوی (Free Press Unlimited) پشتیوانیی لە ڕۆژنامەنووسانی (كەركوك ناو) كرد، بۆ بە تەواویی نوێكردنەوە و داڕشتنەوەی ئەم مینبەرە میدیاییە پێشەنگە لە ساڵی 2017دا. لە ئەنجامدا، بڕیارماندا جوگرافیای ڕووماڵكردنی ماڵپەڕەكە فراوانتر بكەین تا هەموو “ناوچەی جێناكۆك” بگرێتەوە. ئێمە لەو باوەڕەداین، ئەكرێت ئاشتیی بەدی بێت و بەها ڕۆژنامەوانییە پیشەییەكانیشمان بەشداریی بكەن لە بەهێزكردنی گیانی هاوكاریی و تەبایی كۆمەڵایەتیی و لێبوردەیی و بەدیهێنانی چارەسەرێكی درێژخایەن لەو ناوچانەدا.

كاروان ساڵحی، پەیامانێری فریلانسی (كەركوك ناو)، 25ی ئازار، چاوپێكەوتن دەكات لەگەڵ هاوڵاتییەكی عەرەب كە بەشداری دەكات لە كۆنفرانسێكدا. فۆتۆ: یاسین سەبعاوی

لەگەڵ فراوانبوونی ماڵپەڕەكە بۆ ناوچەی دیكە و لە باكوری عیراق، (كەركوك ناو) پابەندە بە بڵاوكردنەوەی زانیاریی ڕاست و دروست و بڵاوكردنەوەی ڕوانین و بیروبۆچوونە جیاوازەكانی هاوڵاتیانی “ناوچەی جێناكۆك” بە شێوەیەك كە تێگەیشتنی دوولایەنە-ئاڵوگۆڕكراو بەهێز بكات. (كەركوك ناو) لە توانایدایە دەستی ڕابگات بە هاووڵاتییان لە چەندین توێژی فەرامۆشكراوی جۆراوجۆر بەتایبەت پەنابەران لە پاڵ ئاوارەكانی ناوخۆدا.
هاوكات (كەركوك ناو)، جەخت دەكاتەوە لە سەر بڵاوكردنەوەی  ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ئافرەتان و لاوان بە شێوەیەكی فراوانتر لەوەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن كاری لە سەر دەكەن، ئەوەش بەئامانجی ئەوەی كە ببێتە مینبەرێكی زانیاریی پەیوەندیدار بە هاوڵاتییانەوە بە مەبەستی فراوانكردنی ئاسۆكانی ڕوانین و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیارییان بە مافەكانی مرۆڤ.

پێدەشتەكانی نەینەوا/ 24ی شوبات/ 2017، ژمارەیەك لە پەنابەران لەگەڵ ماڵاتەكانیان بەپێ دەڕۆن بەرەو ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی هێزە عیراقییەكاندان، فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

لە پێناو بنیاتنانی دەزگا میدیایەكان وەك ئامرازێك بۆ پتەوكردنی پەیوەندییكردنی كۆمەڵایەتی و مافی هاوڵاتییبوون، (كەركوك ناو)،  دەستەیەك لە كارمەند و فریلانسی  لە پاشخانە ئەتنی و ئایینیی جیاوازەوە دامەزراندووە بە ئامانجی ئەوەی لە كۆتایی ڕێگادا بەشداریی بكات لە دۆزینەوەی ئەو ڕێگەچارانەی  كە “ناوچەی جێناكۆك” دەگۆڕن بە ناوچەی سازان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری