باوكی بە تۆمەتی لێدانی دەستگیركراوە
منداڵێك لە كەركوك روبەڕوی توندوتیژی دەبێتەوە

April 17, 2017 at 10:57 pm

كەركوك، 17-4-2017، ئاسەواری لێدان بە جەستەی منداڵێكەوە دوای لێدانی لەلایەن باوكییەوە فۆتۆ: پۆلیسی دام‌ودەزگاكان

وریا كاكەیی
منداڵێكی تەمەن 10 ساڵان، بەشێكی زۆر لە جەستەی بەهۆی لێدانەوە برینداردەبێت‌و كاتێك دەبرێتە نەخۆشخانە، هێزە ئەمنییەكان ئاگاداردەكرێنەوە‌و باوكی دەستگیردەكرێت.

ئەو منداڵە، خەڵكی گەڕەكی واستی شاری كەركوكە‌و ئەمڕۆ دووشەممە 17-4 بۆ چارەسەری برینەكانی جەستەی براوەتە نەخۆشخانەی گشتی، بەوهۆیەوە رووداوی لێدانەكەی ئاشكرابووە.

عەمید شێرزاد مارف، بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی دام‌ودەزگاكانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “لەكاتی هێنانی منداڵێك لەلایەن دایكیەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی كەركوك پۆلیسەكانی نەخۆشخانەكە پەیوەندییان پێوەكردم‌و لە بابەتەكە ئاگاداریان كردمەوە”.

هێزە ئەمنییەكان هەڕەشەی دەستگیركردنیان لە دایكی منداڵەكە كردووە تاوەكو هۆكاری برینەكانی سەر جەستەی كوڕەكەی ئاشكرابكات.

“دایكی وتویەتی باوكی منداڵەكە‌و برایەكی گەورەی لەكاتی هاتنەوەی لەیاری دووگۆڵی بە كێبڵ لێیانداوە”.

عەمید شێرزاد ئاماژەی بەوەشدا كە بە دایكی منداڵەكە وتراوە تاوەكو باوكی نەچێتە نەخۆشخانە تیماری برینی منداڵەكە ناكەن، بۆیە لەكاتی چونی باوكی بۆ نەخۆشخانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە‌و رەوانەی بنكەی پۆلیسی عەدالە كراوە.

كەركوك، 17-4-2017، باوكی منداڵەكە بە تۆمەتی لێدان لە كوڕەكەی دەستگیركراوە فۆتۆ: پۆلیسی دام‌و دەزگاكان

ساڵی رابردووش، چەندین حاڵەتی توندوتیژی جۆراوجۆر دژ بە منداڵ‌و مێردمنداڵ لە شاری كەركوك تۆماركراوە، كە بەشێكی زۆریان لەلایەن كەسوكاری نزیكی خۆیانەوە ئازاردراون‌و حاڵەتی تێدا هەبووە بە مردن كۆتایی هاتووە.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس لە كەركوك نایشارێتەوە كە حاڵەتی هاوشێوە‌و بە گشتی توندوتیژی دژ بە منداڵان زیادیكردووە، داواشیكرد لەرێی كۆنفرانس‌و كۆڕەوە كار لەو پرسەدا بكرێت‌و رێكخراوەكان رۆڵی خۆیان بگێڕن.

هێزە ئەمنییەكان لەبەر رێكاری لێكۆڵینەوە‌و پاراستنی كەسایەتی قوربانیەكە‌و كەسوكاری نەیویست ناوی ئەو منداڵە‌و باوكی بڵاوبكرێتەوە.

عەمید شێرزاد دەڵێت لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە بەرێوەبەری گشتی پۆلیس‌و پارێزگاری كەركوكی ئاگاداركردۆتەوە، ئەوان وێڕای دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەكان پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ كەیسەكە نیشانداوە.

4 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری