چوارشەممەی سور، رۆژە پیرۆزەكە

April 18, 2017 at 9:53 pm

لالش، 2016، لە جەژنی سور 365 فتیلە دادەگیرسێنرێت وەكو ئاماژەیەك بۆ رۆژەكانی ساڵ فۆتۆ: بنار سەردار

دیاری خالید
جەژنی “سەری ساڵ” یاخود “چوارشەممەی سور”ی ئێزیدییەكان یەكێكە لە جەژن‌و بۆنە هەرە كۆنەكانی شوێنكەوتوانی ئاینی ئێزیدی، كە هەموو ساڵێك لە دووەم چوارشەممەی مانگی نیسان یاددەكرێتەوە، شوێنكەوتوانی ئەو ئایینە بە یەكێك لە بۆنە پیرۆزەكانی دادەنێن‌و لەسەرتاسەری جیهاندا پابەنددەبەن بە دابونەریت‌و بنەماكانییەوە.

“نیسان” مانگی ئێزیدییەكان
بەپێی بیروباوەڕی ئێزدییەكان، مانگی نیسان مانگێكی پیرۆزی بەهارەو بەبوكی ساڵ دادەنرێت. هەروەها سیمبوڵی ئاوەدانی‌و نوێبونەوەیە. بۆیە جەژنی سەری ساڵیان دەكەوێتە ئەم مانگەوەو لە دووەم چوارشەممەی مانگی نیساندایەو فریشتە مەلیك تاوس هاتووەتە سەر زەوی‌و بەهۆیەوە گەردوون بەسروشت‌و جوانی گوڵە سورەكانی لەمانگی نیسان-دا ڕازاوەتەوە لەگەڵ خۆیدا خێرو میهرەبانی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە.

“چوارشەممە” رۆژە پیرۆزەكە
بەپێی‌ بیروباوەڕی‌ ئێزیدییەكان، یەكەم چوارشەممەی‌ مانگی‌ نیسان لە رۆژژمێری‌ خۆرهەڵاتیدا، بەسەری‌ ساڵ دادەنرێت، كە بە “چوارشەممەی‌ سور”یش ناودەبرێت. لەم رۆژەدا جیهانی بەستوو دەتوێتەوەو ئەفراندن دروست دەبێت، ئەم بۆچوونەیان زیاتر تێكەڵی رووداوە سروشتیەكان بووە، هەروەها بە لێكدانەوەیەكی دیكەی ئایینی، خودا، كە دەستیكردووە بە دروستكردنی گەردوون، رۆژی هەینی سەرەتا بووەو چوارشەممەش كۆتا رۆژی دروستكردنی گەردوونە.
ئێزیدییەكان، لەسەری‌ ساڵیاندا پشت بە رۆژژمێریی خۆرهەڵاتی دەبەستن، كە لەلایەن كەنیسەی‌ ئەرسەدۆكسی‌‌و خۆرهەڵاتەوە پەیڕەودەكرێت‌و 13 رۆژی‌ لەگەڵ‌ رۆژژمێری‌ زایینیدا جیاوازە.

لالش، 2016، نەریتێكی ئێزیدییەكان لە جەژنی سور گرێدانی قوماشە بۆ هێنانەدی ئاواتەكانیان فۆتۆ: بنار سەردار

چۆنێتی دەستپێكردنی رێوڕەسمی جەژنەكە
لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، شوێنكەوتووانی ئایینی ئێزیدی خۆیان بۆ یادەكە ئامادەدەكەن‌و هێلكە رەنگ دەكەن‌و دەیكوڵێنن. رۆژی چوارشەممە، لە پەرستگای لالش ٣٦٥ فتیلە دادەگیرسێنن، ماڵان گوڵی سور بەدەرگاو ماڵەكانیاندا هەڵدەواسن، گریمانەیەكی زۆریش هەیە لەبەرئەوەبێت بە چوارشەممەی سور ناوببرێت.
هاوكات ئێزیدییەكان سەردانی یەكتر دەكەن، ئەم سەردانە تەنیا لەناوخۆدا نییە، بەڵكو هەندێك لە موسڵمانەكانیش بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك سەردانیان دەكەن‌و جەژنە پیرۆزەیان لێدەكەن. دواتر ئێزیدییەكان، سەردانی گۆڕستان دەكەن، لەدوای ئەمانەش چەندین یاری تایبەت هەیە ئەنجامی دەدەن‌و بەخۆشی‌و شادی رۆژەكەیان بەسەردەبەن.

گرنگی ئاگرەكەی لالش
یەكەم چالاكی چوارشەممەی سەری ساڵ، لە پەرستگای لالش دەستپێدەكات، كە بەسەرپەرشتی بابا شێخ-ی ئێزیدییەكان لەگەڵ لیژنەی تایبەت بە خۆی لە پەرستگا یەكەم ئاگر دەكاتەوە، دواتر 365 فتیلە دادەگیرسێنن. دیارە ئەو ژمارە فتیلەیە، بەواتای ژمارەی رۆژەكانی ساڵ دێت، ماناو مەبەستی ئاگركردنەوە لەو پەرستگایە، بۆ ئەوەیە رۆحە خراپەكان لە خۆیان دووربخەنەوەو ڕێگە خۆشدەكەن بۆ مەلەك كە واتای هاتنی خێرو خۆشییە.
هەروەها داگیرساندنی فتیلەكان بەواتای پێشوازی رۆژی نوێی ساڵی نوێ بەڕوناكی بیت.

حەڵاڵ‌و حەرام لە چوارشەممەی سوردا
زۆرێك لە جەژن‌و بۆنەی ئایینە جیاوازەكان، كارو چالاكی حەرام‌و حەڵاڵی هەیە كە پێویستە پاندبووانی ئەو ئایینانە رەچاوی بكەن، جەژنی سەری ساڵی ئێزیدیەكانیش حەڵاڵ‌و حەرامی تایبەت بەخۆی هەیە، كە بەپێی میتۆلۆژیای ئێزیدییەكان لەو رۆژەدا مەلیك تاوس هاتووەتە خوارێ‌و خێرو میهرەبانی بەسەردا باراندوون.
حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك رێزێك لەو پێكهاتە ئاینییە ئەو رۆژەی كردووەتە پشووی فەرمی بۆ هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەمە یەكەم جارە جەژنی ئێزدییەكان لە وڵاتێك كە ئێزیدی تێدا دەژین ببێتە پشووی فەرمی.

شێخان، 2016، پەرستگای لالش شوێنی سەرەكی ئاینی ئێزیدییەكان‌و بەرێوەچوونی چوارشەممەی سور فۆتۆ: بنار سەردار

نهێنی هێلكەی رەنگاوڕەنگ
یەكێك لەو خواردنانەی تایبەتە بەم جەژنە، ئامادەكردنی هێلكەی كوڵاو و رەنگكردنیەتی، بەو پێیەی هێلكە لای ئێزیدییەكان بەواتای خڕی زەوی دێت، چونكە زەوی لە شێوەی هێلكەدایەو ئەم جەژنە گرێدراوە بە سروشت‌و نوێبوونەوە. رەنگەكانییش واتای نەخشاندنی زەوی دێت لە بەهاردا، بەمەش پێشوازی لەسەری ساڵی ئێزیدییەكان دەكات.

جەژنی ئاوارەیی
بەهۆی ئەنجامنەدانی سەرژمێری دروست‌و نەبوونی داتای باوەڕپێكراو نازانرێت ژمارەی دروستی شوێنكەوتووانی ئاینی ئێزیدی چەندە، بەڵام داتا نافەرمییەكان، بە نزیكەی ‌ 600 هەزار كەسیان دەخەمڵێنن، لەو رێژەیەش نزیكەی 400 هەزاریان لە كەمپی ئاوارەیدا بە چەرمەسەریی‌و كولەمەرگی‌ دەژین‌و زیاتر لە 100 هەزاریشیان بەرەو دەرەوەی‌ وڵات كۆچیان كردووە، ئەوەش دوای هێرشی رێكخراوی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان لە قەزای شەنگال‌و دەوروبەری لە 3ی ئابی 2014.
لەو هێرشەدا نزیكەی 6500 كچ‌و ژن‌و منداڵی ئێزدییان وەكو سەبایا – كەنیزەك بردن‌و بە سەدانی دیكە لە شەنگال كۆمەڵكوژی كران.
بەوەش ژمارەیەكی زۆری ئێزدییەكان لە ئاوارەیی‌و غوربەت جەژنەكەیان دەكەنەوە، بەشێكی زۆر ئەوانەی لەسەر زێدی خۆیانن‌و ئاوارەنەبوون خەیاڵیان لای كەسوكارە ئاوارەكانیانن، بۆیە چوارشەممەی سور جەژنێكە لەگەڵ خۆشی‌و شادییەكانی، تاڵی غوربەتیشی تێكەوتووە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری