حەیدەر عەبادی لە موسڵە

April 19, 2017 at 2:17 pm

موسڵ، 19-4-2017، سەردانی حەیدەر عەبادی بۆ تاوتوێی شەڕی دژ بە داعش فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكوەزیران

كەركوك ناو
حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بە سەردانێك گەیشتۆتە موسڵ‌و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكاندا، تاوتوێی ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە داعش دەكات.

بەپێی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ چوارشەممە 19-4 لەرێی فرۆكەیەكی سەربازییەوە گەیشتۆتە موسڵ، بۆ چاودێری‌و بەدواداچوونی ئۆپەراسیۆنەكان.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی ئۆپەراسیۆنەی “واهاتین نەینەوا” ئەنجامداوە، بۆ ئاگاداربوون لە پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان‌و ئاستی بەرێوەچوونی شەڕی دژ بەداعش.

ئەو سەردانە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، كە 19-2 دەستیپێكرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری راستی شارەكە، دوای ئەوەی بەری چەپ لە 24-1ی ئەمساڵ بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە.

پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان لە موسڵ سست بووە، بە وتەی فەرماندە سەربازییەكان بە ئامانجی ئەوەی كەمترین زیان بە هاوڵاتیان بگات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێرشە ئاسمانییەكانی دژ بە داعش زیاتر بوون‌و رۆژانە پێكانی چەندین ئامانج‌و كوژرانی دەیان چەكدار رادەگەیەنرێت.

ئەوە یەكەم سەردانی عەبادی نییە، لەمساڵدا سەردانی بەری چەپی موسڵی كرد‌و لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی رابردوشدا كاتی دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكان ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگاكەی بەسەركردەوە.

ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی موسڵ لە رێكخراوی داعش، 17ی مانگی 10ی ساڵی رابردوودا دەستپێكرد بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە‌و هێزە عیراقییەكان‌و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆرینەی ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە لەئێستادا شەڕ لە ناوەندی موسڵە‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن