هێزە عیراقییەكان: یاریدەدەری یەكەمی ئەبوبەكر بەغدادی‌و وەزیرێكی داعش لە موسڵ کوژران

April 19, 2017 at 3:44 pm

موسڵ، نیسانی 2017، پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان لە بەری راستی شارەكە بەردەوامە فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

كەركوك ناو
لە ناوچەكانی بەری راستی شاری موسڵ، ژمارەیەك سەركردەی باڵای رێكخراوی داعش كوژران لە نێویاندا یاریدەدەری ئەبوبەكر بەغدادی، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوی فەرمی هێزە عیراقییەكان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19-4 رائید شاكر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی ئاشكرایكرد كە هێزەكانیان لە رێی پێكدادان‌و بۆردومانەوە توانیویانە سێ‌ سەركردەی باڵای داعش‌و ژمارەیەك چەكداری ئەو رێكخراوە بكوژن.

لەنێو كوژراوەكانی داعشدا وەكو پۆلیسی فیدراڵی ئاماژەی پێداوە، ئەبو عەبدولرەحمان یاریدەدەری یەكەمی خەلیفەی داعش ئەبوبەكر بەغدادی هەیە كە لە بارەگاكەی لە گەڕەكی زنجیلی كراوەتەوە ئامانج.

هەروەها ئەبووەلید تونسی‌و چوار لە یاوەرەكانی لە نزیك مزگەوتی ئەسوەد لە شاری كۆن لەگەڵ ئەبوماریا رومی ك بەرەگەز روسییە لەنێو كوژراوەكاندان.

هاوكات وەزارەتی بەرگری عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشكرایكرد، كە فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە پتشبەستن بە زانیاری وردی هەواڵگری لە هێرشێكیدا ئاسمانیدا ئەبو عەبدوڵا شەبەكی، وەزیری كاروباری عەشایەری داعش كردۆتە ئامانج لەگەڵ دوو لە كوڕەكانی‌و كوڕەكانی براكەی كە پاساوانی تایبەتی بوون.

قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، كە 19-2 دەستیپێكرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری راستی شارەكە، دوای ئەوەی بەری چەپ لە 24-1ی ئەمساڵ بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە‌و تائێستاش، بە چڕی بەردەوامی هەیە.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بە سەردانێك گەیشتە موسڵ‌و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكاندا، تاوتوێی ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە داعشی كرد.

ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی موسڵ لە رێكخراوی داعش، 17ی مانگی 10ی ساڵی رابردوودا دەستپێكرد بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە‌و هێزە عیراقییەكان‌و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆرینەی ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە لەئێستادا شەڕ لە ناوەندی موسڵە‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن