مەرجەعی باڵای ئێزیدییەكان: داوای هەوڵی جددی دەكەین بۆ ئازادكردنی رفێنراوان

April 19, 2017 at 5:17 pm

لالش، 19-4-2017، مەراسیمی ئاینی ئێزیدییەكان لە بۆنە ی"چوارشەممەی سور"دا فۆتۆ: موهەنەد شەنگالی

موهەنەد شەنگالی
بابا شێخ، مەرجەعی باڵای ئاینیی ئێزیدییەكان لە جیهان جارێكیتر داوادەكات، هەوڵی زۆر جددی بدرێت بۆ ئازادكردنی ئەو كچ‌و ژنانەی پێكهاتەكەیان كە لەلایەن داعشەوە رفێنراون.

ئەو داوایەی ناوبراو، هاوكات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی مەراسیمەكانی چوارشەممەی سور‌و بنەكانی تایبەت بە سەری ساڵی ئێزیدی، كە ئەمڕۆ 19-4 لە پەرستگای لالش‌و چەند شوێنی تر بەرێوەچوو.

بابا شێخ بە (كەركوك ناو)ی وت “بەم بۆنەیەوە داواكارییەكانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نوێدەكەینەوە بۆ ئەوەی بەجددی جموجۆڵ بكەن‌و هەوڵبدەن لەبارەی دۆسیەی رفێنراوانی ئێزیدی”.

هەروەها داواشیكرد كاربكرێت بۆ پاڵپشتی‌و هاوكاری ئاوارەكان، كارئاسانییان بۆ بكرێت تا بگەڕێنەوە شوێنەكانی نیشتەجێبوونی خۆیان.

جەژنی “سەری ساڵ” یاخود “چوارشەممەی سور“ی ئێزیدییەكان یەكێكە لە جەژن‌و بۆنە هەرە كۆنەكانی شوێنكەوتوانی ئاینی ئێزیدی، كە هەموو ساڵێك لە دووەم چوارشەممەی مانگی نیسان یاددەكرێتەوە.

لالش، 19-4-2017، ئێزیدییەكان داواكاری كاری جددی دەكەن رفێنراوان‌و گەراندنەوەی ئاوارەكان فۆتۆ: موهەنەد شەنگالی

لەمساڵدا‌و هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، بۆنەكە تەنیا بە چەند مەراسیمێك‌و رێورەسمی ئاینیی بەرێوەچوو نەك بە ئاهەنگی گەورە، ئەوەش بەهۆی مانەوەی هەزاران ئێزیدی لە ژێر دەستی داعش‌و هەروەها ئەو كەسانەی لە سێ‌ ساڵی رابردوودا لە ئەنجامی هێرشی داعش‌و شەڕی ئەو گروپەدا گیانیان لەدەستداوە.

بابا شێخ دەڵێت مەراسیمەكەیان كورتكردۆتەوە لە رێورەسمە ئاینییەكان لە پەرستگای لالش‌و پێشوازی لە وانەی پیرۆزبایی دەكەن، وەكو دوو ساڵی رابردوو بەهۆی كۆمەڵكوژیەكانی داعشەوە.

لە پەرستگای لالش لە قەزای شێخان، كە شوێنی سەرەكی ئاینی ئێزیدییەكانە، هەزاران كەس بە داگیرساندنی 365 فتیلە‌و بۆنە‌و نەریتە ئاینییەكانی تر بەشداری مەراسیمەكانی چوارشەممەی سور بوون.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، زیاتر لە 400 هەزاریان ئاوارەبوون‌و سەدان شوێنی ئاینییان روخێنرا.

داعش شەش هەزارو 255 ئێزدیی رفاندووەو سەدا 59ی ئەو ژمارەیە رزگارییان نەبووە، كە هەزارو 940یان ژنن‌و لەناو ئەو رێكخراوەدا وەكو كەنیزەك مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هاوپەیمانی كەمینەكانی عیراق كە سەرەتای ئەمساڵ بڵاوكرایەوە.

بەهۆی ئەنجامنەدانی سەرژمێری دروست‌و نەبوونی داتای باوەڕپێكراو نازانرێت ژمارەی دروستی شوێنكەوتووانی ئاینی ئێزیدی چەندە، بەڵام داتا نافەرمییەكان، بە نزیكەی ‌ 600 هەزار كەسیان دەخەمڵێنن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن