فیستیڤاڵێك پێكهاتەكانی جەلەولا كۆدەكاتەوە

April 19, 2017 at 10:16 pm

جەلەولا، 19-4-2017، پێكهاتەكان بە نەریت‌و كلتوری نەتەوەییانەوە گوزارشتیان لە پێكەوەژیان كرد فۆتۆ: هاوڕێ‌ ئازاد

هاوڕێ‌ ئازاد
پێكهاتە جیاوازەكانی ناحیەی جەلەولا، لە فیستیڤاڵێكی كلتوریدا بە نمایشكردنی داب‌ونەریتە كۆنەكان، برایەتی نێوانیان‌و گەڕانەوەی ژیانی ئاساییان بۆ ناوچەكە نیشاندا.

فیستیڤاڵەكە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 19-4 لە جەلەولا، لە ژێر دروشمی “گەڕانەوە بۆ جوانییەكانی رابردوو” لەلایەن گروپی گەنجانی برایەتیەوە رێكخراو‌و تێیدا، تەواوی پێكهاتەكان بەشدارییان كرد.

ئاڵا ئیبراهیم، ئەندامێكی گروپی گەنجانی برایەتی بە (كەركوك ناو)ی وت “ئامانجی ئەم فیستیڤاڵە نیشاندانی دابونەریتی كۆنی شارەدێكەمان‌و گەڕانەوەی بەختەوەرییە بۆ دانیشتوانەكەی، كە لە ڕەوشێكی نالەباردا بوون بەهۆی ئاوارەیی‌و داگیركردنی ناوچەكە لەلایەن داعشەوە”.

هەروەها جەختیكردەوە كە دەیانەوێت لەو رێیەوە یەكڕیزی‌و برایەتی نێوان پێكهاتەكانی عەرەب، كورد‌و توركمان لە ناحیەكەدا نیشانبدەن، مێژوو كلتوری ناوچەكەش بپارێزن كە هەر لە كۆنەوە شوێنی پێكەوەژیان بووە.

جەلەولا كە كورد بە “گوڵاڵە” ناوی دەهێنێت، لەنیوەی دووەمی 2014 لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵكراو لەكۆتایی هەمان ساڵدا، هێزەكانی پێشمەرگە دوای شەڕێكی قورس كۆنترۆڵیان كردەوە‌.

جەلیل جامچی، سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانی جەلەولا بە (كەركوك ناو)ی وت “فیستیڤاڵەكە بۆ دەرخستنی پێكەوەژیانە لە نێوان پێكهاتەكان، شارەكەمان هەر لە كۆنەوە پێكەوەژیان تێیدا پارێزراوە‌و هەرواش دەمێنێت”.

بەبڕوای ئەو “ئەم فیستیڤاڵە نامەیەكی بۆ دوژمنان نارد كە هەرگیز ناتوانن دووبەرەكی‌و ئاژاوە دروستبكەن لە نێوان پێكهاتەكان”.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی جەلەولا گەڕاونەتەوە‌و خەڵك دەیانەوێت، ژیانی ئاسایی دەستپێبكەنەوە.

عادل ئەزغەر، هونەرمەندی شێوەكار‌و یەكێكە لە رێكخەرانی فیستیڤاڵەكەیە بە (كەركوك ناو)ی وت “زۆر بەختەوەرم دەبینیم سەرجەم پێكهاتەكان لێرە كۆبونەتەوە‌و ئاهەنگ‌و شادی دەگێڕن، ئەوەمان بۆ روندەكاتەوە كە سەرجەم پێكهاتەكان بەبرایەتی دەژین‌و بەبێ كێشە”.

ناحیەی جەلەولا سەر بە پارێزگای دیالەیە، بەشێكە لە “ناوچەی جێناكۆك”ی نێوان حكومەتی عیراقی‌و هەرێمی كوردستان، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كوردو توركمان پێكهاتوون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری