ئه‌ردۆغان: كه‌ركوك شارێكی‌ توركمانیيه‌

April 20, 2017 at 11:34 am

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا فۆتۆ: ئاژانسی‌ ئه‌نادۆل

كه‌ركوك ناو

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری، رایگەیاند کە بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە ئاڵای هه‌رێمی‌ كوردستان لەسەر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دابگیرێت.

ئەردۆغان، لە وەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکاری بەرنامەی بلا حدود دا کە رای ئەوان دەربارەی کۆنترۆڵکردنی کەرکوک لەلایەن کوردەکانەوە وتی “ئێمە بڕوامان وایە ، کەرکوک شارێکە لە روی مێژوییەوە تورکمانیە بەڵام کوردیشی لێ دەژی و عەرەبیش. کەرکوک هی کەس نیە هی هەموو نەتەوەکانی ناویەتی.”

دەربارەی بابەتی هەڵکردنی ئاڵای هه‌ریمی‌ کوردستانیش، ئەردۆغان وتی کە ئاڵای کوردستان لەسەر بەشێک لە بیناکان هەڵگیراوە و پێشیان وتراوە کە لەسەر بینای ئەنجومەنی پارێزگاش لادەدرێت . ئەردۆگان وتی “بەڵام نازانین کە ئایا لادراوە یاخود نا.”

كەركوك، 20-3-2017، هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان‌و عیراق لەسەر قەڵا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

سەرۆککۆماری تورکیا لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا هێرشی توندی کردە سەر ئێران و بە هەوڵدان بۆ ‘فراوانخوازی هەژمونی فارسی’ تاوانباریکرد و وتی “سیاسەتەکانی ئێران لە سوریا و عێراق و ناوچەکە مایەی نیگەرانیە.”

ئەردۆگان،هێزەکانی حەشدی شەعبی بە جێبەجێکاری پلانەکانی ئێران دانا و گوتیشی “حەشدی شەعبی هێزێکی تیرۆریستیە.”

سەرۆککۆماری تورکیا تەلەعفەری وەک نمونەی هەوڵدان بۆ پاکتاوکردنی تورکمانەکان لە عێراق خستە روو و گوتی “تەلەعفەر شارێکی تورکمانیە. ٤٠٠ هه‌زار تورکمانی لێدەژی. بەشێکیان سوننەن و بەشێکیان شیعەن. بەڵام ئێستا بەداخەوە پەرتەوازە کراون و تەنها بەشێکی کەمی خەڵکەکەی لەوێ ماوە.”

ئەردۆگان حەشدی شەعبی بە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەلەعفەر تاوانبارکرد.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، 28-3 هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی شارەكە پەسەندكرد لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەردوو پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان بایكۆتیانكرد، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.

دوای چەند رۆژێك‌و لە 1-4دا، پەرلەمانی عیراق پرسی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە پارێزگای كەركوك خستەدەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ بڕیاردرا تەنیا ئاڵای عیراق هەڵبكرێت، دوای ئەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.

لەكاردانەوەی ئەو هەنگاوەشدا، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  4-4 كۆبونەوەیەكی بە بێ‌ ئامادەبونی عەرەب‌و توركمان ئەنجامدا‌و تێیدا، بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراقی رەتكردەوە‌و داوای راپرسی لە پارێزگاكە پەسەند كرد.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری