گەڕەكێكی موسڵ كۆنتڕۆڵكرایەوە‌و چەند سەركردەیەكی داعش كوژران

April 20, 2017 at 3:22 pm

رۆژئاوای شاری موسڵ، ئازاری 2017، هێزەكان لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی منارەی حەدبا نزیكبوونەتەوە فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

كەركوك ناو
لە بەری راستی موسڵ، گەڕەكێكی تر كۆنتڕۆڵكرایەوە‌و ژمارەیەك سەركردەی باڵای داعش كوژراون لە نێویاندا بەرپرسی كیمیایی ئەو رێكخراوە، ئەوەش بەپێی دوایین ئاماری پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان.

شانەی راگەیاندنی جەنگی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-4 لە زاری عەبدولئەمیر رەشید، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی “واهاتین نەینەوا” بڵاویكردەوە كە هێزەكانی دژەتیرۆر، توانیویانە گەڕەكی سەورە لە بەری راستی موسڵ كۆنتڕۆڵبكەنەوە.

ئەو پێشڕەوییەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ‌ چوارشەممە حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بە سەردانێك گەیشتە موسڵ‌و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكاندا، تاوتوێی ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە داعشی كرد كە ماوەیەك بەهۆی گیانی هاوڵاتیانەوە سست بووە.

رائید شاكر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد كە هێزەكانیان توانیویانە ئەبو ئەحمەد غاز، بەرپرسی كیمیایی داعش بكەنە ئامانجی موشەكانیان لە بارەگاكەی خۆیدا لە گەڕەكی زنجیلی.

لە هەمان ناوچەكە‌و بەپێی بەیاننامەكەدا، عەبدوڵا حسێنی یەكێك لە نزیكەكانی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش‌و خالید عەلی وەزیری دیوانی زەكاتی‌و ئەبی حسێن قازی ئەو رێكخراوە بكوژن.

رائید شاكر جەودەت جەختیكردۆتەوە كە هێزەكانیان بەردەوام دەبێت لە هێرشكردنە سەر سەركردەكانی داعش.

ئەو هێرشانە هاوكاتە لەگەڵ قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، كە 19-2 دەستیپێكرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری راستی شارەكە، دوای ئەوەی بەری چەپ لە 24-1ی ئەمساڵ بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە‌و تائێستاش، بە چڕی بەردەوامی هەیە.

بەپێی بەیاننامەیەكی شانەی راگەیاندنی جەنگی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فرۆكە جەنگییەكان زنجیرەیەك بۆردومانی ئاسمانییان دژ بە داعش ئەنجامداوە‌و بەهۆیەوە، ژمارەیەك چەكدار كوژراون‌و چەند كارگەیەكی بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێل‌و دروستكردنی موشەك لە ناوبراون.

ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی موسڵ لە رێكخراوی داعش، 17ی مانگی 10ی ساڵی رابردوودا دەستپێكرد بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە‌و هێزە عیراقییەكان‌و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆرینەی ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە لەئێستادا شەڕ لە ناوەندی موسڵە‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری