زیاتر لە 200 پرۆژە بۆ سەقامگیری موسڵ جێبەجێدەكرێت

April 20, 2017 at 8:19 pm

موسڵ، 17-4-2017، بەری چەپی شارەكە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە فۆتۆ: فەرمان سادق

كەركوك ناو
بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق (UNDP)، رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی عیراقی واژۆكرد بۆ ئەنجامدانی 202 پرۆژە لە سنوری موسڵ، بە ئامانجی خێراكردنی سەقامگیری‌و گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی.

پرۆژەكان لەلایەن دامەزراوەی كۆمەكیكردن بۆ سەقامگیركردن (FFS)ی سەر بە UNDP جێبەجێدەكرێت، رۆڵی دەبێت لە بنیاتنانەوە‌و بە گەڕخستنەوەی چەندین كەرت‌و دامەزراوەی شارەكە، تا خەڵك بتوانن بگەڕێنەوە.

لیز گراندێ، نوێنەری نشینگەی UNDP لە عێراق دەڵێت ئەو رێپێدانەی حكومەتی عیراق لەكاتی خۆیدا بوو، چونكە زۆر كار لە ئارادایە هێشتا زۆریش ماوە ئەنجام بدرێت، “ئێمە ئامادەین‌و ئێستا گڵۆپی سەوزمان بۆ هەڵكرا بۆ دەستكردن بە كار”.

پڕۆژەكان كاردەكەن لەسەر چاككردنەوەی زیانەكانی سەر سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا، دەستدەكەن بە گەڕخستنەوەی دامەزراوەكانی پەروەردە و تەندروستی، هەروەها ئاستی ئابوری ناوخۆ بەرزدەكەنەوە لەڕیی دامەزراندنی لاوان لەسەر كاركردن بۆ ڕاماڵینی داروپەردوو لەگەڵ كردنەوەی ڕێگاكانی هاتوچۆ.

مەهدی ئەلعەلاق، سكرتێری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە وەكالەت دەڵێت دابینكردنی ئەو خزمەتگوزاریە بنەڕەتیانە ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.

لە دەستپێكی شەڕی موسڵەوە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، نزیكەی نیو ملیۆن هاوڵاتی ئاوارەبوون‌و تائێستاش لەو ژمارەیە، تەنیا 120 هەزار كەس گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان.

شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، زیانی زۆری بە ناوچەكە گەیاندووە‌و ماڵەكان داڕماون، سەنتەرەكانی تەندروستی و قوتابخانەكان زیانیان بەركەوتووە‌و ژێرخانی گشتیش كاول بووە.

بەری چەپی موسڵ، لە 24-1ی ئەمساڵ كۆنتڕۆڵكرایەوە‌و لە ئێستاشدا قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامی هەیە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری راستی شارەكە لەژێر دەستی داعش.

3 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری