پۆلیسی فیدراڵی: كچێكی ئێزیدیمان لە موسڵ رزگار كرد

April 21, 2017 at 3:48 pm

لالش، 19-4-2017، مەراسیمی ئاینی ئێزیدییەكان لە بۆنە ی"چوارشەممەی سور"دا فۆتۆ: موهەنەد شەنگالی

كەركوك ناو
هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی، رزگاركردنی منداڵێكی كچی پێكهاتەی ئێزیدییەكان لە شاری موسڵ راگەیاند، بەڵام هێشتا رادەستی كەسوكارەكەی نەكراوەتەوە.

رائید شاكر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی ئێوارەی دوێنێ‌ پێنجشەممە 20-4 ئاشكرایكرد، هێزەكانیان لە گەڕەكی تنەك لە بەری راستی شاری موسڵ توانیویانە كچێكی ئێزیدی كە لەلایەن داعشەوە رفێنراوە، رزگاربكەن.

“كچەكە هیچ زانیارییەكان نەدركاندووە هێشتا تەنیا ناوی وتووە‌و تەمەنی 11 ساڵە، رادەستی دادگای تایبەتمەند كراوە لە حەمام عەلیل بۆ پاراستنی مافەكانی‌و پاراستنی”، بەپێی بەیاننامەكەی پۆلیسی فیدراڵی.

پێشتر‌و لە 4ی ئەم مانگەشدا، حەوت هاوڵاتی پێكهاتەی ئێزیدی كە لە دوو ژن‌و پێنج منداڵ پێكهاتبوون لە دەستی داعش رزگاركران‌و توانییان بە سەلامەتی بگەنە سنوری پارێزگای دهۆك، دوای ئەوەی چەند ساڵێك لەمەوبەر رفێنران.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، زیاتر لە 400 هەزاریان ئاوارەبوون دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.

بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هاوپەیمانی كەمینەكانی عیراق كە سەرەتای ئەمساڵ بڵاویكرایەوە، داعش شەش هەزارو 255 ئێزدیی رفاندووەو سەدا 59ی ئەو ژمارەیە رزگارییان نەبووە، كە هەزارو 940یان ژنن‌و لەناو ئەو رێكخراوەدا وەكو كەنیزەك مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە، ئەوەش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانانی ئێزدیی‌و گەریلاكانی پەكەكە بەهاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری