“پاشەکشێی خوێندن”، زۆری پشووەکان وەک هۆکارێک

June 12, 2017 at 10:51 am

كەركوك/ پۆلێكی خوێندنی كوردی فۆتۆ: كەركوك ناو

کامەران نەجار

خوێندنگەکانی سەر بە خوێندنی کوردی لە پەروەردەی کەرکوک بۆ ئەمساڵی خوێندن 101 رۆژ دەوامیان کردووە، ئەوەش ناکاتە نیوەی دەوامی ئاسایی خوێندن کە بۆیاندانراوە، چونکە بەپێی یاسای وەزارەتی پەروەردە دەبێت 270 رۆژ دەوام بکەن، هەندێک ئەوە بە “پاشەکشێی خوێندن” ناودەبەن لە پارێزگاکە.

پاش روخانی رژێمی بەعس لە عیراق و لە ساڵی 2003دا، پشووەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بە هۆکاری جۆراوجۆر زیادبوون، بە تایبەتی لە قوتابخانە، زانکۆو پەیمانگەکان، مامۆستایان ناتوانن بەباشی پڕۆگرامەکانی خوێندن تەواوبکەن و خوێندکاران فێربکەن، یان پەلە لە تەواوکردنی پڕۆگرامەکانیان دەکەن ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاستی تێگەیشتنی قوتابی دەبێت.

بەپشتبەستن بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، رەنگە زۆری ژمارەی پشووەکان هۆکاری سەرەکی دابەزینی ئاستی خوێندن بێت لە عیراق بەگشتی و بەتایبەتی لە بەشی خوێندی کوردی لە کەرکوک، وەک ئەوەی پسپۆڕانی بواری پەروەردە ئاماژەی بۆ دەکەن.

بەپێی بڕگەی سێ “کاتەکانی دەوام و پشوو” لە مادەی نۆی یاسای وەزارەتی پەروەردە کە لە ساڵی 1958 دەرچووە، ماوەی دەوامی خوێندنی قوتابیان لە قوتابخانەکان دەبێت 270 رۆژ بێت. هەر لە یاساکەدا بڕیاردراوە لە هەفتەی 3ی مانگی ئەیلولی هەموو ساڵێک دەوامی فەرمی دەستپێبکات و پشووی نیوەی ساڵیش دوو هەفتە دەبێت.

“بەپێی بەدواداچوونەکان، لە ساڵی خوێندنی 2016 – 2017، خوێندنی کوردی تەنها 101 رۆژ لەکۆی 270 رۆژ دەوامیکردووە”

خوێندنی کوردی لە کەرکوک تائێستا بەپێی یاساکانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق مامەڵەدەکات، نەک هەرێمی کوردستان کە هەندێک گۆڕانکاریی تێداکراوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی (کەرکوک ناو)، لە ساڵی خوێندنی 2016 – 2017، خوێندنی کوردی تەنها 101 رۆژ لەکۆی 270 رۆژ دەوامیکردووە.

مامۆستایان لە 1-9 دەستیان بە دەوام کردووە، بەڵام بەهۆی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم و پشووەکانی جەژنی قوربان و موحەڕەم، تەنیا لە 9-10ی 2016 تا 18-1ی2017 وانەیان وتووەتەوە.

كەركوك، 2013، هۆڵێكی تاقیكردنەوەی خوێندكاران فۆتۆ: كەركوك ناو

پاشان بەهۆی تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ‌و پشووی نیوەی ساڵەوە تا 15-2 وانە نەوتراوەتەوەو تا پێش دەستپێكردنی خولی دووەمی خوێندن 58 رۆژ وانە وتراوەتەوە.

لە دوای نیوەی ساڵیش خوێندنی كوردی لە 15-2 تا 14-5 دەوامی ئاسایی هەبووەو لەو ماوەیەدا 43 رۆژ وانە وتراوەتەوە.

لە بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکوک جگە لەڕۆژانی هەینی و شەممە، ئەمساڵ رۆژی پێنجشەممانیش کرایە پشوو، ئەوەش بەهۆی کەمکردنەوەی موچەی ئەو مامۆستایانەی میلاکیان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

سەرپەرشتیارێکی خانەنشین لە کەرکوک، کە بە باشی نەزانی ناوی بنووسرێت، بە (کەرکوک ناو)ی وت “زۆری پشووەکان کاریگەری دەبێت لەسەر پەروەردە، ئاستی دەرچوون لە پۆلەکانی یەک و دووی ناوەندی ئەمساڵ زۆر نزمە، بە بەراورد بە ساڵانی پیشوو… پلە بەرزەکان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و پلە ناوەندییەکان زۆر زۆر کەم بوونەتەوە، تەنها دەرچووەکان پلەکانیان لە نێوان 50 و 60 کاندا دێن و دەڕۆن”.

“زۆری پشووەکان کاریگەری دەبێت لەسەر پەروەردە”

بە بۆچوونی ئەو سەرپەرشتیارە، بەشێکی تری “پاشەکشێی خوێندن”، پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە پەروەردە زیاتر گرنگی بە فیستیڤاڵ، پیشانگە کەلتوورییەکان و ئاهەنگگێڕان دەدات، نەک لایەنی زانستی، یان لانیکەم دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانەکان.

کەمبوونەوەی دەوامی خوێندن لە ساڵی 2016 – 2017، لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو 2015 – 2016 تەنیا 132 رۆژ دەوامکراوە.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک بەر لە ساڵی 2003 کەرکوک لە پێنج پارێزگا یەکەمەکانی عیراق بووە لە رێژەی دەرچوونی قوتابیان و چەند ساڵیکێش لە پلەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم بووە.

ساڵی رابردوو رێژەی دەرچوونی شەشی ئامادەیی بەشی وێژەیی لەسەدا 16 بۆ لە سەدا 17 بوو، بەشی زانستیش لە سەدا 20 بووە.

بە پێی بڕیارەکانی حکومەتی عیراق، پشووە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە ساڵێکدا 12 رۆژە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان 14 رۆژی کردۆتە پشوی فەرمی لە تەواوی فەرمانگەکان.

شێرزاد کاکە، بەڕێوەبەری بەشی کوردی لە پەروەردەی کەرکوک، بە (کەرکوک ناو)ی وت “ئێمە پابەندین بە پشووەکانی حکومەتی عیراقەوە، دەتوانین بڵێین پشووەکان کاریگەریی هەبووە بەڵام بەو رادەیە نا”.

“رێژەی دەرچوون بەرزە، بەڵام کواڵیتی نزمە”

وتیشی “دەوامی خوێندن ساڵانە لە 1-10 دەستپێدەکات… لە کەرکوک جیاوازییەک هەیە لە نێوان قوتابیانی ئێستاو پێشووتر، ئێستا قوتابی لە 10-4ەوە دەڕواتە ماڵەوەو قوتابخانە جێدەهێڵێت، بە بیانووی مامۆستای تایبەت، جاران ئەمە نەبوو… ئێمە وەکوو پەروەردە هیچ گوناهێکمان نییە کە ئەو ماوەیە لەڕۆژانی خوێندن دەڕوات”.

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی دەڵێت “رێژەی دەرچوون بەرزە، بەڵام کواڵیتی نزمە… ئەگەر بەراوردیش بکرێت لەگەڵ ساڵانی پێشوو ئەوا رێژەی دەرچووان دابەزیووە”، بۆ ئەوەش چەند هۆکارێک دەهێنێتەوە وتی “لەپێش روخانی رژێمی بەعس زۆربەی قوتابیان لە خولی یەکەم دەردەچوون، لەبەرئەوەی کومەڵێک ئیمتیاز هەبوو لەوانە بڕی 50 بۆ 80 دیناری بۆ سەرفدەکرا لە زانکۆ، هەروەها ترسی سەربازیشیان هەبوو ئەمانە رۆڵی هەبوو لە بەرزکردنەوەی رێژەی دەرچوون”.

 

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری