سوپای عیراق 500 هەزار نووسراو بەسەر دانیشتووانی موسڵدا بڵاودەكاتەوە

June 19, 2017 at 10:02 am

كۆپییەك لە بڵاوكراوەكانی سوپای عیراق بەسەر دانیشتووانی موسڵدا كە شانەی راگەیاندنی جەنگی بڵاویكردۆتەوە

كەركوك ناو
بۆ هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیانی موسڵ‌و ئاگاداربوونیان‌ لە پێشڕەوی‌ هێزە چەكدارەكان‌و ناوچەكانی شەڕ، سوپای‌ عیراق 500 هەزار بڵاوكراوە لەڕێی فڕۆكەوە‌و بەسەر دانیشتوانی موسڵدا بەردەداتە خوارەوە.

شانەی‌ راگەیاندنی‌ جەنگی، درەنگانێكی شەوی رابردوو، رایگەیاند،‌ كە بڵاوكراوەكان لەلایەن هێزی‌ ئاسمانییەوە بەردراونەتەوە ناو شاری موسڵ، كە هەڵگری زانیاریی جۆراوجۆرە لەبارەی‌ پێشڕەوی‌ هێزە عیراقییەكان‌و ئەو ناوچانەی كە شەڕو پێكدانانی تێدایە لەگەڵ چەكدارانی داعش.

جگەلەوەش بڵاوكراوەكان هەندێك زانیاریی تایبەتی تێدایە بۆ هاوڵاتیانی‌و هۆشیاركردنەوەیان.

ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی دواین گەڕەكەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە بەری راستی موسڵ.

ئۆپەراسیۆنەكە بەپێی راگەیەنراوێكی شانەی راگەیاندی جەنگی، بەرەبەیانی یەكشەممە 18-6 دەستپێكرد بە بەشداریی هێزەكانی سوپا، دژەتیرۆر، پۆلیسی فیدراڵی.

شاری موسڵی كۆن، یەكێكە لەدواین گەڕەكەكانی موسڵ كە لەژێر دەستی داعشدا ماوەو مزگەوتی نوری كە ئەبوبەكر بەغدادی لەكاتی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ وتاری هەینی تیادا خوێند دەكەوێتە ئەو گەڕەكەوە.

ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ بەری‌ راستی‌ شاری‌ موسڵ، 19-2 دەستیپێكرد‌و تائێستا هێزە عیراقییەكان پێشڕەوی باشیان كردووەو شاری موسڵی كۆن دواین گەڕەكی ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشە.

پێشڕەوییەكانی ئۆپەراسیۆنی بەری راستی موسڵ، هاوشێوەی بەری چەپی شارەكە خێرا نەبوون.

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە 19-2-2017جەختیكردەوە “ئەركی ئێمە رزگاركردنی مرۆڤەكانە پێش رزگاركردنی زەوی”.

وتیشی “پێویستە هێزە پاڵەوانەكان، بە ئازایی‌و لەخۆبوردەییەوە ئەو بەشەی لە موسڵ ماوە‌و لەگەڵ هاوڵاتیانی، بەیەكجاریی لەدست داعش رزگار بكەین”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری